کوردستانی
چەمچەماڵ دەستی کرد بە بایکۆت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی قەزای چەمچەماڵ ئاگاداری هاوڵاتییان دەکاتەوە کە لەکاتی زۆر پێویستدا نەبێت سەردانیان نەکەن بەوهۆیەی پزیشکانی نیشتەجێ و پلەبەند بایکۆتی دەوامەکانیان کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئەیلولی 2023 بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی قەزای چەمچەماڵ رایگەیاند "هاوڵاتییانی قەزاکەمان ئاگاداردەکەینەوە کە لە ئێستادا و بەهۆی دواکەوتنی مووچەی پزیشکانی نیشتەجێ و پلەبەندەوە، لەناو سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ بایکۆتی دەوامکردن کراوە و ناچنەوە سەر کارەکانیان".
باسی لەوەشکردووە "لە سەرجەم ناوەندە تەندروستییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بایکۆتی دەوامکردن دەستی پێکردووە و داواش لە هاوڵاتییان دەکەین کە لەکاتی زۆر پێویستدا نەبێت سەردانی نەخۆشخانەکەمان نەکەن".
ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی سێ رۆژە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، فەرمانبەران و مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستیی بایکۆتی دەوامیان راگەیاندووە و هۆکاری سەرەکیش نەدانی مووچەکانیانە لەکاتی خۆیدا.
ر.ع
ر.ع