کوردستانی
بایکۆتی گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ راگەیەندرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
نوێنەری گشتیی وانەبێژانی ناڕازی لە هەرێم رایدەگەیەنێت بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانمانەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بڕیارمانداوە لە سەرەتای کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکاندا لە رۆژی 13ی ئەیلولەوە بایکۆتی پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2023 -2024 بکەین.
ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئەیلولی 2023 کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری گشتیی وانەبێژانی ناڕازی لە هەرێم بە مەودا میدیای راگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014وە بە بیانووی جۆراوجۆر ستەم لە مامۆستایانی وانەبێژ دەکات و وەڵامی داواکارییە رەواکانمان ناداتەوە کە بریتییە لە (دامەزراندن)".
باسی لەوەشکردووە " بەپێی ساڵنامەی خوێندن رۆژی چوارشەممە 13ی ئەیلولی ئەمساڵ دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دەکرێتەوە و بەبێ ئەوەی حکومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێکی کردەیی نابێت بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانمان، سەرەڕای ئەمەش وا هەنگاو دەنێین بۆ مانگی 10 هیشتا مامۆستایان شایستەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە "بۆیە بەکۆی دەنگی سەرجەم نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەرجەم پەروەردەکان، بڕیارماندا هەر لەسەرەتای کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن لە 13ی ئەیلولەوە کە ڕۆژی چوارشەممە دەکات، بایکۆتی پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2023 – 2024 بکەین و نەچینەوە ناوەندەکانی خوێندن".
جەختیشی کردووەتەوە " بایکۆتەکەشمان تاوەکو ئەوکاتە بەردەوامیی دەبێت کە حکومەتی هەرێم بەکردار و بەکتابی فەرمیی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ رادەگەیەنێت، هەر رۆژی 13ی ئەیلولیش خۆپیشادان لەبەردەم پەروەردەکان ئەنجام دەدەین و بە قوتابیان و کەس و کاری قوتابیان رادەگەیەنن، ئۆباڵی پەکخستنی پرۆسەی خوێندن دەخەینە پاڵ حکومەتی هەرێم".
کارۆخ عەبدوڵا وتوشیەتی "داواکارین لەسەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان پشتیوان و پشتگیرمانبن بەتایبەت بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن و بەڕێوەبەری پەروەردەکان و کەسوکاری قوتابیان و یەکێتی مامۆستایان".
نوێنەری گشتیی وانەبێژانی ناڕازی لە هەرێم لە کۆتاییدا جەختیکردەوە "سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ هاوپیشەکانمان لەمامۆستایانی میلاک کە هەمیشە پشتگیر و پشتیوانی مامۆستایانی وانەبێژ بوون، لەیاداشت و بەیاننامەکانیان داواکاری سەرەکیان بریتی بووە لە دامەزرادنی مامۆستایانی وانەبێژ".