کوردستانی
وتەبێژی حکومەت: 906 ملیار دینارمان بۆ مووچە پێویستە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت دەبوو لەئێستادا مووچەخۆرانی هەرێم وەکو ناوچەکانی دیکەی عیراق مووچەکانیان وەبگرتایە و نەدەبوو بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئەیلولی 2023 پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "حکومەتی فیدراڵ ئامادە نەبوو دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت و دەشبوو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم وەک ناوچەکانی دیکەی عیراق مووچەیان وەربگرتایە".
باسی لەوەشکردووە "بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستمان بە 906 ملیار دینارە و نەدەبوو حکومەتی فیدرا:ی ئەو بابەتە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکات".
روونیشی کردووەتەوە "هیواخوازین بەهەرجۆرێک بێت پێداچوونەوە بەو ژمارانەدا بکرێت و بە بڕیارەکانیشدا بچنەوە کە بەرانبەر بە هەرێم دراوە و حکومەتەکەمان وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی حکومەتی فیدراڵیشی داوەتەوە لەبارەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانەوە".
پێشەوا هەورامانی لەبارەی ئەو 500 ملیارەشی کە بۆ سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت وتی "حکومەتی فیدراڵ چەندین مانگی دیکەی ئەمساڵیان لەنێو پلانەکانیان لاداوە و باسیان نەکردووە، هەروەها نەشیانوتووە بۆ ئەو چەند مانگە هەقی هەرێمی کوردستان چەند بووە".