کوردستانی

هۆشداری دەدرێت لە داخستنی نەخۆشخانەی منداڵان

مەودا میدیا - سلێمانی |


هۆشداری دەدرێت لە داخستنی نەخۆشخانەی منداڵان
مەودا میدیا-

پزیشكێكی بەرپرس لە نەخۆشخانەی منداڵانی دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشید هۆشداری دەدات كە بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە نەخۆشخانەكە لەبەردەم داخستندایە.

دكتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاریی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشید لە راگەیەندراوێكدا نووسیویەتی، بەداخەوە نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاریی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشید لەبەردەم داخستندایە بەهۆی پێنەدانی مووچە بە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ئیداری و پەرستاران.

ئاماژەی بەوەشكردووە "ئێمە لە ئیدارەی نەخۆشخانە بە تەواوی پشتگیریی پزیشکان و کارمەندانی ئیداری و تەندروستی و پەرستاران دەکەین".

هاوكات ئەو پزیشكە لە راگەیەندراوەكەیدا داوا لە حکومەت دەكات هەرچی زووترە مووچەی پزیشكان و تەندروستكاران دابینبکات.

لەلایەكی دیكەوە داواش لە هاووڵاتیان دەكات، لەکاتی سەردانی نەخۆشخانە رەچاوی بارودۆخی دەروونیی  پزیشکان و کارمەندەکان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن، چونکە "پزیشکانی گەنج و کارمەندەکان و پەرستاران جگە لە مووچە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نیە".

ئەوەش لەكاتێكدایە مووچەی مانگەكانی تەمموز و ئاب-ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە و بەرپرسانی هەرێم و ناوەند هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێكیان بۆ ئەو مەبەستە بە كرداریی نەناوە.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan