کوردستانی

بە چەك رووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بوونەوە و دەستگیركران

مەودا میدیا - سلێمانی |


بە چەك رووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بوونەوە و دەستگیركران
مەودا میدیا-

پاش ئەوەی چەند چەكدارێكی نایاسایی بە تەقە رووبەڕووی یەكدی بوونەتەوە، لەمیانی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنیان لەلایەن هێزەكانی دەزگای ئاسایش و كۆماندۆ بە فەرمانی دادگا، تۆمەتباران رووبەڕوویان بوونەتەوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئەیلوولی 2023 دەستگیرکردنی چەند ئاژاوەگێڕ و تەقەکەرێکی راگەیاند و ئاماژەی بەوەكردووە "هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپراسیۆنەکان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان شەش تۆمەتباری تەقەکەر و ئاژاوەگێڕیان دەستگیرکرد".

دوای بیستنی دەنگی تەقە و تەقەکردن لەلایەن چەند چەکدارێکی نایاسایی و تێکدەر و ئاژاوەگێڕ و تەقەکەر لە باخێک لە سنووری ناحیەی شۆڕش لە قەزای چەمچەماڵ، هێزەكانی ئاسایش و كۆماندۆ بە فەرمانی دادگا بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردووە.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست، ئەو تۆمەتبارانە هەستابوون بە نانەوەی پشێوی و تەقەکردن و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ، لەسەر سکاڵای هاوڵاتییانیش هێزەکانی ئاسایش دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە شەوی 11ی ئەیلوولی 2023 شەش تۆمەتباریان دەستگیرکردووە.

ئەوەش هاتووە، تۆمەتباران پێشینەی تاوانیان هەبووە و دەستیشگیراوە بەسەر چەندین پارچە چەکی بێ مۆڵەت و سەدان فیشەک و هەشت (صمامی) گولەی هاوەن.

دەزگای ئاساسش دەڵێت "لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، بە چەک رووبەڕووی هێزەکانمان بوونەتەوە و سەرئەنجام دەستگیرکران و بەبڕیاری دادوەر بە مادەی 156 لە یاسای سزادان راگیران و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە".

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan