کوردستانی

دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە: مووچە نەبێت كارەسات روودەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە: مووچە نەبێت كارەسات روودەدات
مەودا میدیا-

سەرۆكی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە هۆشداریی دەدات لە روودانی "كارەسات" و هۆكارەكەش دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی مووچەی كارمەندانی دەزگاكە، داواش لە هاوڵاتییان دەكات تەنها بۆ یەك جۆر حاڵەت سەردانی فریاكەوتنەكەیان بكەن.

"داوا لە هاوڵاتیان دەکەم کە قورسایی سەر فریاکەوتنەکانمان کەمبکەنەوە و هاوکارمان بن تەنها بۆ حاڵەتی فریاکەوتن و گەرم بچنە فریاکەوتنەکان"، ئەمە وتەی شەماڵ جەبار یاوەر، سەرۆكی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگەیە كە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە.

ئەو بەرپرسە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات بە زووترین کات مووچە و شایستەی فەرمانبەران و بەتایبەت کەرتی تەندروستی دابینبکرێت بۆ رێگریكردن لە روودانی کارەسات.

دەشڵێت "ئێمە وەک دەزگای تەندروستیی ناتوانین و نابینە بەدیلی کەرتی تەندروستیی گشتی و بە راستی لەم چەند رۆژە قورسایی گەورەمان لەسەرە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە وەک بەشێک لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئەرکدا بەردەوامین و دەبین ، بەڵام پشتیوانی داوا رەواکانی هاوپیشەکانمانین".

هێما بۆ ئەوەشدەكات، ئەرکی خزمەتی تەندروستی بەتەنها بە ئەوان ناکرێت و کارمەند و پزیشکانی ئەوانیش بێ مووچە و بێ دەرامەتن، ئەگەر کەرتی تەندروستی بە گشتی بچنە مانگرتنەوە ئەو ئەرکە بۆ ئەوان زۆر قورس و دژوارە و لە سەروو تواناكانیانەوەیە.

ئەوەش لەكاتێكدایە بۆ سێ مانگ دەڕوات لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان مووچەخۆران شایستەی دارایی خۆیان وەرنەگرتووە و ماوەی هەفتەیەكە بەشێك لە فەرمانبەران پەیتا پەیتا مانگرتنی خۆیان رادەگەیەنن هەتا ئەو دەمەی مووچەكانیان وەردەگرن.


ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan