کوردستانی

بەرپرسێك: پارە هەیە و مووچە نادرێت، كارەساتی گەورەی بەدوادا دێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەرپرسێك: پارە هەیە و مووچە نادرێت، كارەساتی گەورەی بەدوادا دێت
مەودا میدیا-


بەرپرسێك لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەڵێت "برسیكردنی خەڵك وا بە ئاسانی تێناپەڕێت" و بەپێی وتەی خۆی "پارە هەیە و مووچە دابەشناكرێت".

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئەیلوولی 2023 لێدوانی رۆژنامەنووسیی دا و رایگەیاند، ئەمڕۆ زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا، بەڵام لەجیاتی ئامادەبوونی سەرجەم مامۆستایان و خوێندكاران بە رووی خۆش و مەراسیمێكی شایستە، وەك مەراسیمێكی پرسە پرۆسەكە بینرا.

ئاماژەی بەوەشكرد، راوەستانی پەروەردە واتە راوەستانی ژیان و پێویستە حكومەتی هەرێم زۆر بە باشی بیر لەوە بكاتەوە، برسیكردنی مامۆستایان و مووچەخۆران كارەساتێكی گەورەیە و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئیدی بەرگەی ناگیردرێت.

باسی لەوەشكرد، حكومەتی هەرێم سێ‌ مانگە داهاتی ناوخۆی رادەستی بەغدا نەكردووە و دەبێت بە باشی بیربكاتەوە، دڵنیاین كارەساتی گەورەی لێ دروستدەبێت و وەستانی پرۆسەی خوێندن لە ئاستی نێودەوڵەتی دەبێتە عەیبە و پەڵەیەكی رەش بۆ ئەم حكومەتە.

دەشڵێت "حكومەت دەبێت دەستبەجێ‌ لەو داهاتی ناوخۆیەی هەیەتی مووچەی مانگێك بدەن و "بەپێی ئەو ژمارانەی دەستمانكەوتووە لە ماوەی رابردوودا لەرێگەی دیوانی چاودێریی داراییەوە مانگانە داهاتی ناوخۆ 375 ملیار دینارە، كە دەكرا لانیكەم مووچەی مانگی 7ی پێبدەن".

ئازاد محەمەد هێما بۆ ئەوەش دەكات، متمانەیەك نەماوە لەنێوان مووچەخۆران و حكومەتی هەرێم، پلانەكانی سەركەوتوو نەبووە، بەداخەوە دوای ئەو رێككەوتنە بێبەرنامە و بێپلانەی لەگەڵ ناوەند كراوە، لەبری ئەوەی گوزەران باشبێت دە هێندە خراپ بووە.

بۆ سێ مانگ دەڕوات لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان مووچەخۆران شایستەی دارایی خۆیان وەرنەگرتووە و ماوەی هەفتەیەكە بەشێك لە فەرمانبەران پەیتا پەیتا مانگرتنی خۆیان رادەگەیەنن هەتا ئەو دەمەی مووچەكانیان وەردەگرن.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan