کوردستانی
روونکردنەوەیەک لەبارەی سێ مووچەی هەرێمەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و سەرکردەکانی عیراق کۆبووەوە، پرسی مووچە و بودجەی هەرێم لە سەرجەم سەردانەکاندا پرسی سەرەکی بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئەیلول 2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند "داوامان لە حکومەتی عیراق کردووە مووچەی هەرسێ مانگی رابردوو رەوانەی هەرێم بکات تاوەکو بتوانین مووچە دابەشبکەین".
ئاماژەی بەوەشکردووە "پێویستمان بە مووچەی سێ مانگی رابردووە تاوەکو بتوانین کارەکانی حکومەت بەڕێوەبەرین و داواشمان لێکردوون کە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن".
جەختیشی کردووەتەوە "حکومەتی عیراق پێیان راگەیاندووین کە هاوکارمان دەبن لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان و ئەوەش پێویستی بە پشتیوانیی سیاسییە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پێجشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و کۆمەڵێک کۆبوونەوە و سەردانی بۆ لای سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانیان ئەنجامدا، لە دیدارەکانیشدا پرسی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان و کێشە هەڵپەسێردراوەکان پشکی سەرەکیی بوون .
ر.ع
ر.ع