کوردستانی

بەرپرسێك: هەوڵ هەیە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عیراقی لێبكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەرپرسێك: هەوڵ هەیە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عیراقی لێبكرێت
مەودا میدیا-

راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختدەكاتەوە، چارەسەری قەیرانی هەرێم - بەغدا بەمنزیكانە دەبێت و بە رەزامەندیی سەرجەم لایەنەكان، دەشڵێت "هەوڵدەدرێت دۆخی فەرمانبەرانی هەرێم وەك فەرمانبەرانی عیراقی لێبكرێت".

هیشام روكابی، راوێژكاری راگەیاندنی سودانی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق و مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی رێگەچارەی ریشەیی كردووەتەوە بۆ كێشە یاسایی و داراییەكان بەپێی یاسا و دەستوور.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەغدا سوورە لەسەر رێكارەكانی چارەسەركردنی كێشە یاساییەكان و زیاننەگەیاندن بە هاونیشتمانیان، بەمزووانەش رێكاری روون و راستەوخۆ دادەنێین رێكبكەوێت لەگەڵ یاسا و دەستوور و جێی رەزامەندیی سەرجەم لایەنەكانی عیراق بێت.

وتیشی "چەندین كێشە هەن، بەشێكیان كێشەی یاسایی و بەشێكیان كێشەی هونەرین، ئەو كێشانە دەبێت بەشێوەیەكی راستەقینە چارەسەربكرێن بۆ ئەوەی دووبارە سەرهەڵنەدەنەوە و دووبارە بەربەست و ناكۆكیی دیكە نەیەنە پێش  كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی یاسایی پەیوەست بە رادەستكردنی سەرچاوەكانی نەوتەوە هەیە".

هێمای بۆ ئەوەش كرد، حكومەتی عیراق چەند بڕە پارەیەكی داوەتە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك قەرز تا ئەو كاتەی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەكانی پەیوەست بە رادەستكردنی نەوت یەكلایی دەكرێتەوە.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا هاتووە "هەوڵ لەلایەن حكومەتی ناوەند و سەرجەم لایەنەكان هەیە بۆ كۆتایی هێنان بەو دۆسییەیە و دۆخی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی سەرجەم ناوچەكانی دیكەی عیراقی لێبكرێت".


ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan