کوردستانی

وەزارەتی ناوخۆ: بڕیاری نوێی پێبژاردنی سزای سەرپێچیی هاتوچۆ ئارەزوومەندانەیە و هاوڵاتی سەرپشكە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی ناوخۆ: بڕیاری نوێی پێبژاردنی سزای سەرپێچیی هاتوچۆ ئارەزوومەندانەیە و هاوڵاتی سەرپشكە
مەودا میدیا-

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دانەوەی پارەی سزاكانی هاتوچۆ كە بڕی لەسەدا 20ی بۆ دادەشكێندرێـت "ئۆفەرێكی ئارەزوومەندانەیە و هاوڵاتی ناچار نییە سزاكانی پاكتاو بكات".

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە بڕیاری دووهێندەبونی پێبژاردنی سەرپێچیی شۆفێران رایدەگەیەنێت "ئەو بڕیارە لەپێناو باخەڵی هاوڵاتییانە"، دەشڵێت، هاوڵاتی ناچارنییە سزای سەرپێچییەكانی ببژێرێت. 

ئاماژەی بەوەشكرد، دووهێندەبوونی پێبژاردن کە لە کۆتاییی مانگی 2ى 2024 جێبەجێدەکرێت، ئامانج لێی کۆکردنەوەى داهات نییە، بەڵکو پاراستنی باخەڵی هاوڵاتییانە لەرێگەى کەمکردنەوەى سەرپێچی و سزاوە.

میرانی باس لەوەشدەكات، بڕیارەكە لەلایەن هاوڵاتییانەوە پێشوازییەكی باشی لێكراوە و پەیتا پەیتا روو لە ناوەندەكانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ دەكەن بۆ بژاردنی ئەو سزایانەی لەسەریان تۆماركراوە.

بەپێی وتەكانی ئەو بەرپرسە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریی شۆفێران لەو بارودۆخە تایبەتەى ئێستاى هەرێمی کوردستان، دواى رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارىدا بە لێخۆشبونی 20%ى سزاکانی رابردوو و ئێستای هاتوچۆ، تاکو 28ى 2ى 2024 کە دەکەوێتە سەر شۆفێران.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی بڕیارەكە لەدوای 28ى 2ى 2024 هاوڵاتییان هەر سەرپێچییەك بە ئۆتۆمبێلەكانیان بكەن، ئەگەر پاش یەك مانگ پارەی سەرپێچییەكە رادەست نەكەن بڕی سزاكە دەبێتە دوو هێندە، هێمن میرانی لەوبارەیەوە دەڵێت "ئامانج لێی ئەوەیە مانگی دواتر هاولاتیی ئەو سزایە دووبارە نەكاتەوە".

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan