کوردستانی
کرێکارێک کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان رایدەگەیەنێت ئەمڕۆ کرێکارێک لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونەوە کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ شەممە 16ی ئەیلولی 2023 چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "کرێکارێک پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەکاتی کارکردندا لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی شاری سلێمانییەوە کەوتووەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە".
باسی لەوەشکردووە "کرێکارەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و تەمەنی 25 ساڵە، لەکاتی کارکردندا دیارنەماوە و هاوکارەکانی بەدوایدا گەڕاون و دواتر لە سەر زەوییەکە تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە".
مەودا میدیا زانیویەتی کە دوای رووداوەکە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشیش گەیشتوونەتە شوێنەکە و دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە و تەرمەکە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتتیەوە لەکاتی کارکردنیاندا بریندار دەبن و گیان لەدەستدەدەن.