کوردستانی
پۆلیسی سلێمانی: دوای ئەوەی ژنێکی هەڵخەڵەتاند دەستگیرکرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت دوای وەرگرتنی چەند سکاڵایەک لەلایەن هاوڵاتییانەوە کە بە چەند شێوازێکی جۆراوجۆر فێڵیان لێکراوە، تیمەکانی پۆلیسی ئەزمەڕ توانیان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن.
ئەمڕۆ شەممە 16ی ئەیلولی 2023 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "چەند هاوڵاتییەک سکاڵایان تۆمار کردووە کە بە چەندین شێواز فێڵیان لێکراوە و پارەیان لێسەندراوە، دوای ئەوەش دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس بەدواداچوونەکانیان دەستپێکرد".
باسی لەوەشکردووە "توانراوە لەلایەن بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت، دوای لێکۆڵینەوەکانیش دەرکەوتووە کە فێڵی لە چەندین کەسی دیکە کردووە".
روونیشی کردووەتەوە "ئەم تۆمەتبارە بە بیانووی هاوسەرگیرییەوە ژنێکی هەڵخەڵەتاندووە و دواتر پارەی لێوەرگرتووە و فریوی داوە".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی جەختیشی کردووەتەوە "لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە".
ر.ع
ر.ع