کوردستانی

دڵنیایی بە مووچەخۆرانی هەرێم دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


دڵنیایی بە مووچەخۆرانی هەرێم دەدرێت
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
 
دوای ئەوەی پەرلەمانتارێکی عیراقی سکاڵای لەبارەی ناردنی پارە بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان تۆمارکرد، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت ئەو کارانە بۆ راکێشانی هەست و سۆزی هاوڵاتییان و شەقامی خۆیانە.
 
ئەمڕۆ شەممە 16ی ئەیلولی 2023 کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "بەهۆی نزیکی لە وادەی هەڵبژاردنەوە بەشێک لە پەرلەمانتارای عیراق بە مەبەستی راکێشانی هەست و سۆزی هاوڵاتییان و شەقامی عیراقی ئەم جۆرە بانگەشانە بڵاودەکەنەوە".
 
روونیشی کردووەتەوە "ئەو بابەتەی ئەو پەرلەمانتارە وروژانوییەتی بابەتێکی ئاساییە و هەر ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بێت دەتوانێت سکاڵا تۆماربکات".
 
جەختیشی کردووەتەوە "کەس ناتوانێت رێگریی لەو کارەی حکومەتی عیراقی بکات کە ئەویش پێدانی قەرزە بە هەرێمی کوردستان، بەوهۆیەی ئەو کارە تەواو یاسایی و دەستورییە".
 
کاروان یاروەیس وتیشی "ئەم قەرزانە لە لایەن عیراقەوە رەوانە دەکرێت تاوەکو ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان و عیراق دەگەنە رێککەوتن لەبارەی پشکی هەرێمەوە، دواتریش قەرزەکان پاکتاو دەکرێن".

ئەمەش لەکاتێکدایە، مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند "داوام لە پارێزەرەکەم کردووە کە سکاڵا لەسەر ئەنجومەنی وەزیران تۆماربکات بەهۆی پێدانی سولفە بە هەرێمی کوردستان، پێشتریش چەند سکاڵایەکمان لەبارەی پرسی جیاوازەوە لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە".
Qaiwan
Qaiwan