کوردستانی

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: ئەولەویەتی ئەم قۆناغە بۆ مووچە و ژیانی هاوڵاتییان دەبێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: ئەولەویەتی ئەم قۆناغە بۆ مووچە و ژیانی هاوڵاتییان دەبێت
مەودا میدیا-

رۆژی شەممە 16ی ئەیلولی 2023 بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەکتەبی سیاسی کۆبووەوە.

کۆبوونەوەکە کە لە دەباشان بەڕێوەچوو، گفتوگۆی تێروتەسەلی کرد لەسەر دوا پێشهاتەکانی کوردستان و عیراق و ناوچەکە، بە تایبەت پرسی مووچە و گوزەرانی هاوڵاتییانی کوردستان و دوا کۆششەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانیکردنی بەغدا و دیدارەکانی لەگەڵ حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی عیراقدا.

مەکتەبی سیاسی لەسەر ئەم پرسە هەڵوێستەی کرد و تەئکیدیکردەوە ئەولەویەتی ئەم قۆناغە دەبێت بۆ مووچە و ژیانی هاوڵاتییان بێت. بۆ ئەم مەبەستەش گرنگە رۆڵ و هەوڵەکانی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم و بەغدا بەو ئاڕاستەیە بێت.

بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی  سەردانی وەفدی یەکێتیی بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی  بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و دیدارەکانی بۆ پێشخستنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەئەنجام کۆبوونەوە سەردانەکە و پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی یەکێتی لەو نێوەندەدا بە ئیجابی و بنیادنەرانە هەڵسەنگاند لە بەرژەوەندی کوردستان و عیراق .

هەر لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا لەسەر دوا ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆکراو دووپات لەسەر پسەندکردنی رێوشوێنە پەیڕەوکراوەکان بەرەوە کۆنگرەیەکی سەرکەوتووی یەکێتیانە لە 27ی ئەیلولی 2023 کرایەوە.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan