کوردستانی
پەرلەمانتارێکی بەغدا: پارەکەی بەغدا قەرزە وەک ئەوانەی پێشوو
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت پارەکەی بەغدا رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات، دەبێت حکومەتی هەرێم مووچەی مانگەکانی 7 و 8 و 9ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی پێدابەشبکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئەیلولی 2023 دکتۆر بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێکیدا بە مەودا میدیای راگەیاند "پارە دابینکراوەکەی بەغدا بۆ هەرێم کە بڕی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینارە و ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاری لەبارەوە دا، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابەشبکرێت".
روونیشی کردەوە "ئەو بڕە پارەیەی بەغدا دابینی کردووە تایبەت دەبێت بە مانگەکانی 7 و 8 و 9ی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و وەک جارەکانی پێشوو قەرزە".
جەختیشی کردووەتەوە "دەبێت ئەم بابەتی پارە ناردنە بەیەک جار و بەپێی یاسا لە رەگ و ریشەوە چارەسەر بکرێت و رێککەوتنە سیاسییەکانی رۆڵی سەرەکییان دەبێت لە کۆتایهێنان بەم گرفتەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبووەوە و بڕیاریاندا بە ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ ماوەی سێ مانگی لەسەر یەک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردسان.