کوردستانی

وەزیری دارایی: بەپێی خەرجی فیعلی پشکی هەرێم لە بودجەی عیراق لە 5٪ کەمترە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزیری دارایی: بەپێی خەرجی فیعلی پشکی هەرێم لە بودجەی عیراق لە 5٪ کەمترە
مەودا میدیا - 
 
وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت حکومەتی ناوەندی بە دوو پێوانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات و بەپێی خەرجی راستەقینە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عیراق %5 کەمترە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئەیلولی 2023 ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ مارک سترۆ کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کۆبوەوە و رایگەیاند "ئامانجی سەرەکیمان لە سەردانەکەی هەفتەی رابردوو بۆ بەغدا چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران بووە".
 
باسی لەوەشکردووە "هەفتەی داهاتوو داواشمانکرد کە هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عیراق لە کاتی خۆیدا مووچە دابەشبکرێت و زۆربەی هێزە سیاسییەکانی عیراق هاوڕابوون کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان نەکرێت".
 
ئاماژەی بەوەشدا "بۆ ئەو کارە دەبێت بەشێک لە بڕگە و مادەکانی یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە و دەشبێت مووچە لە خەرجیی فیعلی مانگانە دەربکرێت".
 
روونیشی کردووەتەوە "لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەدا حکومەتی ناوەندی بە دوو پێوانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات و لەبابەتی خەرجیدا خەرجییەکانی هەرێم لەگەڵ خەرجی پانزە پارێزگاکەی عیراق هەژمار ناکات".
 
ئاوات جەناب نوری وتیشی "لە بابەتی داهاتی نانەوتیشدا کار بەیاسای ئیدارەدانی دارایی ناکات کە لە یاسای بودجەدا ئاماژەی پێکراوە و دەبێت لە 50% داهاتەکە بۆ هەرێم بێت بەڵام داوای لە %100ی داهاتەکە دەکەن، هاوکات بە پێی ئخەرجیی فیعلیش پشکی هەرێم ئەوەندە کەمکراوەتەوە کە لە %5 تێپەڕ ناکات".

ر.ع
Qaiwan
Qaiwan