کوردستانی

تۆمەتباری رووداوی خۆكوشتنی ژنێك لە هەولێر، دەستگیردەكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


تۆمەتباری رووداوی خۆكوشتنی ژنێك لە هەولێر، دەستگیردەكرێت
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر تۆمەتبارێكی دەستگیركرد، كە بەپێی زانیارییەكان هۆكار بووە بۆ خودكوژیی ئەو خانمەی چوار رۆژ لەمەوبەر لە هەولێر كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راگەیەندراوی ئەمشەو سێشەممە 19ی ئەیلوولی 2023ی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، چوار رۆژ لەمەوبەر لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر، ژنێك خۆی كوشتووە و تۆمەتباری هۆكار بە ئەنجامدانی ئەو كردەوەیەش ئەمڕۆ دەستگیركراوە.

سەبارەت بە رووداوەكە پۆلیسی هەولێر دەڵێت "تۆمەتبار پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ژنێك دروستكردووە كە ژنەكە خاوەنی سێ منداڵە، پاش ماوەیەك ئەو ژنە داوا لە تۆمەتبار دەكات لێی دووربكەوێتەوە و كۆتایی بە پەیوەندییەكە بهێنن".

ئاماژە بەوەشكراوە، تۆمەتبار لەو كاتەدا هەڕەشە لە ژنەكە دەكات بە بڵاوكردنەوەی فۆتۆ و ڤیدیۆ و پەیوەندیكردن بە هاوژینەكەی و دەشچێتە بەردەم ماڵی ئەو ژنەی پێشتر پەیوەندییان لەگەڵ یەكدی هەبووە.

بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە، قوربانیی رووداوەكە هاوسەنگیی دەروونی لەدەستداوە و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، بەڵام پێشتر نامەی دەستنووس و ڤیدیۆی بەجێهێشتووە لەدوای خۆی كە روونیكردووەتەوە بەهۆی هەڕەشەی ئەو تۆمەتبارەوە كارە خودكوژییەكەی ئەنجامداوە، بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی هەولێر.

ئەوەش هاتووە، لەئێستادا تۆمەتبار دەستگیركراوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە بەمەبەستی گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan