کوردستانی

وادەی تەواوکردنی پرۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری ئاشکرادەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


وادەی تەواوکردنی پرۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری ئاشکرادەکرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

کارکردن لە پرۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری شاری سلێمانی بەردەوامی هەیە و سەرپەرشتیاری پرۆژەکەش دەڵێت "ئەگەر کەشوهەوا رێگر نەبێت لە سەرەتای ساڵی داهاتوو پرۆژە تەواودەبێت".

ئەحمەد حسێن، سەرپەرشتیاری پرۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری لە سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند " پرۆژەکە لە ئێستادا لە قۆناغی سێیەم دایە کە بریتییە لە تەواوکردنی ژێر ئەندەرپاسەکان و تەواوکردنی شەقامە خزمەتگوزارییەکان کە دەبەسترێتەوە بە شەقامی بەکرەجۆ و قلیاسان، کارەکانی شەقامی بەکرەجۆ تەواوکراوە تەنها کاری بەردی هاڕاو و قیری ماوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "پلانمان هەیە بەم نزیکانە شەقامی قلیاسان دابخەین و کارەکانی ئەوێش دەستپێبکرێت، بە گشتی کارەکانی پرۆژەکە بە باشی بەڕێوەدەچن".

لەبارەی تەواوکردنی پرۆژەکەوە ئەحمەد حسێن وتی "لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو پرۆژەکە تەواودەبێت ئەگەر بەهۆی کەشوهەواوە کارەکانمان دوانەکەوێت".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan