کوردستانی

قوباد تاڵەبانی ئاشكرایدەكات كێ لە فڕۆكەخانەی عەربەت بووە كاتی رووداوەكە

مەودا میدیا - سلێمانی |


قوباد تاڵەبانی ئاشكرایدەكات كێ لە فڕۆكەخانەی عەربەت بووە كاتی رووداوەكە
مەودا میدیا-

لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەوو نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە شەهید و بریندارانی رووداوەكەی فڕۆكەخانەی عەربەت رایگەیاند "سەرجەمیان پێشمەرگەن و بێجگە لەوان كەسی لێنەبووە".

بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ تۆرکیڵد بیگ، نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا روداوی هێرشکردنە سەر هێزەکانی دژەتیرۆر لە فڕۆکەخانەی عەربەت تاوتوێکرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئەیلوولی 2023 كۆبوونەوەكە لە هەولێر بەڕێوەچوو، نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا بە توندی سەركۆنەی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەتی کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد، ئەو رووداوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و تیایدا هێزێکی فەرمیی عیراقی و کوردستانی کراوەتەئامانج کە هێزی دژەتیرۆری کوردستانە و بۆ هەموو لایەکیش ئاشكرایە کە ئەو هێزە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە درێژایی دوو دەیە هاوکار و هاوپەیمانی سەرەکیی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە لە شەڕی دژەتیرۆردا.

هاوكات بە توندی پاساوی لایەنی هێرشبەری رەتکردەوە و رایگەیاند؛ شەهیدەکان و بریندارەکانی رووداوەکە هەموویان پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان و ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆر بوون و بە هیچ شێوەیەک جگە لە هێزی دژە تیرۆر هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانە نەبووە.

داواشیکرد حکومەتی عیراق و هاوپەیمانان و یەکێتیی ئەوروپا بۆ پاراستنی سەروەریی عیراق و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە هەنگاوی کردەیی بنێن و سنوورێک بۆ ئەو هێرشە سەربازییانە دابنێن کە دەکرێنەسەر خاکی هەرێم و عیراق.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan