کوردستانی

بەرپرسێكی یەكێتی: ناردنی قەرز لە بەغداوە بۆ هەرێم مەترسیدارە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەرپرسێكی یەكێتی:  ناردنی قەرز لە بەغداوە بۆ هەرێم مەترسیدارە
مەودا میدیا-

بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم بە شێوەی قەرز مەترسیدارە، چونکە هەرێم قەرزەکانی زیاتر کەڵەکە دەبێت، دەشڵێت "ئەو پارەیەی رەوانەدەكرێت پێویستە بۆ مووچەخۆران خەرجبكرێت".

حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند "وەک لە رابردوودا جەختمانکردبووەوە تەنها بە یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا دەتوانین رووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان ببینەوە و لە پەرتەوازەییدا تەنها گەلەکەمان زیاندەکات، ئەوەش بە روونی سەلمێندراوە و تەنها کاتێک هەمووان پێکەوە کاربکەن دەتوانن ئاسۆیەکی گەشتر بۆ گەلی كوردستان بهێننەدی".

تایبەت بە ناردنی قەرز لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم، ئاماژەی بەوەكرد؛ مووچە مافێکی رەوای ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە و ناکرێت وەک قەرز پارەیان بۆ دابینبکرێت، بەتایبەت کە لە ئایندەدا بارگرانییەکی زیاتر بۆ هەرێم دروستدەکات و کێشەکان زیاتردەکات و پێویستە کێشەی شایستە دارایییەکانی هەرێم لە بنەڕەتەوە چارەسەربکرێت بەپێی دەستوور، نەک قەیرانەکان قووڵتر بکرێنەوە.

باسی لەوەشكرد، ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت پێویستە سەرجەمی بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان خەرجبکرێت و بە هیچ جۆرێک پارەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی دیکە بەکار نەهێندرێت، چونکە مووچەخۆران زۆر ئارامیان گرتووە و لە دۆخێکی خراپدان و دەبێت بە خێرایی مووچەکانیان پێبدرێت.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan