کوردستانی
زانیاریی نوێ لەبارەی 700 ملیارەکەی هەرێمەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت چاوەڕواندەکرێت هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەکەی بەغدا بگات و لە ئێستادا هیچ بەربەستێک لەبەردەم نەناردنیدا نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئەیلولی 2023 سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "هیچ بەربەستێک لەبەردەم نەناردنی ئەو 700 ملیارەدا نەماوە کەبڕیاربوو وەک قەرز بدرێتە هەرێمی کوردستان تاوەکو مووچەی فەرمانبەرانی خۆی پێ دابین بکات".
باسی لەوەشکردووە "هۆکاری نەناردنی ئەو بڕە پارەیە تاوەکو ئێستا بۆ ئەو رێکارە کارگێڕییانە دەگەڕێتەوە کە پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێم ئەنجامی بدات و بەو هیوایەی هەفتەی داهاتوو ئەو قەرزەمان رەوانە بکرێت".
جەختیشی کردەوە "چەند پەرلەمانتارێک هەوڵیانداوە رێگریی بکەن کە بانکەکانی رەشید و رافیدەین قەرز بە هەرێم بدەن و دواتر کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری ئەو بانکانەدا ئەنجامدرا و دڵنیایان کردنەوە کە ئەو پارەیە وەک قەرزە و لە پشکی هەرێم دەبڕدرێت".