کوردستانی

حكومەتی هەرێم: هەموو زانیارییەكانمان رادەست كردووە و پێویستە مووچەی مووچەخۆران رەوانەبكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


حكومەتی هەرێم: هەموو زانیارییەكانمان رادەست كردووە و پێویستە مووچەی مووچەخۆران رەوانەبكرێت
مەودا میدیا-

پاش كۆبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەوان سەرجەم ئەركەكانیان بەرامبەر حكومەتی ناوەند جێبەجێكردووە و پێویستە بەغدا هەرچی زووتر مووچە بنێرێت.
 

لە كۆبوونەوەكەدا بەپێی راگەیەندراوی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، دوا هەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی کاری وردبینکردنی خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم خرایەڕوو، کە ماوەی هەفتەیەکە دەستبەکار بوون، ئەو هەنگاوەش، دەستپێشخەریی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بووە بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران لە دوا سەردانی بۆ بەغدا.
 
وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم زانیاریی پێویستیان خستووەتە بەردەست لیژنە هاوبەشەکە بەپێی ناوەرۆكی راگەیەندراوەكە و ئەوەش هاتووە "ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێکراوە و ئیتر ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەرێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم، وەک شایستەی دارایی خۆیان دابینبکات و وابەستە نەکرێت بە ناکۆکیی و کێشە سیاسییەکان و پابەندییەکان".

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت "پێویستە بە یەک چاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بکرێت لەسەرتاسەری عیراقی فیدڕاڵ بەوپێیەی هاوڵاتییانی عیراقی فیدڕاڵ بە هەرێمی کوردستانیشەوە یەکسانن لەبەردەم یاساکان و نابێت جیاکاریی بکرێت لە پێدانی شایستەی مووچەخۆران لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەک". 


جەختیشكراوەتەوە، حکومەتی هەرێم پێشتر هەموو داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی بە شێوەیەکی زۆر روون و شەفاف و تۆمارکراو لە سیستمێکی ئەلکترۆنی پێشکەوتووی بایۆمەتریی، پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە و بەردەوامیشە لەم  هەماهەنگییە لە چوارچێوەی سنوور و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە دەستووردا و بە گوێرەی پێداویستییەکانی سیستەمی فیدراڵی لە بواری دارایی.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە ناو خشتەکانی بودجەی فیدڕاڵدا بڕە پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە و بەهانەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش نەماوە تا شایستەکانی هەرێم رابگرن. 

بۆیە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم، وەک هەموو مووچەخۆرانی پارێزگاکانی عێراق، مانگانە بێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک ، مووچەکانیان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم وەربگرن. 

ئەوەش لەكاتێكدایە زیاتر لە سێ مانگە، مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بێ مووچەن و بەهۆیەوە قەیرانی ئابووری لە ناوچەكە هەیە، ناوەندەكانی خوێندنیش بەوهۆیەوە داخراون.


ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

چینی ئۆزۆن

لەلایەن نەرمین عوسمان



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان