کوردستانی

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان: رۆژی یەکشەممە پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان: رۆژی یەکشەممە پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە
مەودا میدیا-

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت رۆژی یەکشەممە پرۆسەی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین دەستپێدەکاتەوە.

د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە 13ی ئەیلولی 2023وە خوێندن دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی بایکۆتەوە رێژەیەکی زۆر لە خوێندکار لە شارەکانی سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە بێ بەشبوون لە خوێندن".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە دڵمان لای مامۆستایانە کە دۆخی داراییان باش نەبێت، هەروەها دڵیشمان لای خوێندکارانە کە خوێندنەکەیان نەفەوتێت".

وەزیری پەروەردەی هەرێم وتی "پێنەدانی مووچە دۆخێکی گشتییە و بە تەنها وەزارەتی پەروەردە نییە، ئەمڕۆش فەرمانێکی وزاری واژۆ دەکرێت کە رۆژی یەکشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2023 دەوام دەستپێدەکاتەوە و دەبێت مامۆستایان و خوێندکاران بچنەوە ناوەندەکای خوێندن".

وتیشی "تەواوی دەسەڵاتی کارگێڕی دەدەینە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگاکان کە دەبێت رۆژی یەکشەممە دەوامی خوێندنگەکان دەستپێبکاتەوە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan