کوردستانی

حكومەتی هەرێم: ئیتر ئەركی بەغدایە مووچەی مووچەخۆران لە كاتی خۆیدا بنێرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


حكومەتی هەرێم: ئیتر ئەركی بەغدایە مووچەی مووچەخۆران لە كاتی خۆیدا بنێرێت
مەودا میدیا-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئیتر ئەرکی حكومەتی فیدراڵ و بە تایبەتی وەزارەتی داراییە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش لە کاتی خۆی بنێرێت کە شایستەی یاسایی مووچەخۆرانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تشرینی یەكەمی 2023، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە و تێیدا پرسی شایستە داراییەكانی هەرێم لە چوارچێوی عیراق تاوتوێكرا.


لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بەوەكراوە، لە کۆبوونەوەکەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، شاندی هەرێم بە راپۆرتێکی 30 لاپەڕەیی و بە ژمارە و داتای دروست، وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی تایبەت بە بودجەی هەرێمى داوەتەوە لەبارەی داهات وخەرجییەکان و نەوت و دەروازە سنووريیەکان و پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی و هەرێم و میلاکی گشتی و مووچە.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری راسپاردووە کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ بەغدا بۆ بەرجەستەکردنی ئەو بنەمایانەی کە لە کۆبوونەوەی 10/18ی لیژنە دارایی هەموولایەک لەسەری کۆک بوون، بەتایبەتیش جیاکردنەوەی تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە پێوەری خەرجیى راستەقینە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عیراقی فیدڕاڵ و هەموارکردنەوەی مادەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە یاسای بودجە، بەپێی راگەیەندراوەكە.

ئەنجومەنی وەزیران لەوبارەیەوە دەڵێت، وێرای ئەوەی پشتیوانیی لە پرۆسەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی دەکات، بە ئاراستەی خستنەڕووی ڕاستیيەکان و دڵنیاکردنەوەی هەموو لایەک کە هەرێمی کوردستان، هەروەک هەمیشە شەفافانە، هەموو زانیاری و ژمارەکان دەخاتەڕوو و هیچی نیە بیشارێتەوە، ئەم پرۆسەیەش هەر لەو پێناوەدایە کە هەموو لایەک لە راست و دروستیی داتا و زانیاریی و ژمارەکان دڵنیاببنەوە و هیچ بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە کە بەربەست دروستبکەن لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.

هاوكات سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان راسپێردراون، بەردەوامبن لە هەماهەنگیی و هاوکاریی دیوانی چاودێریی دارایی و کارئاسانی بۆ دەستە هاوبەشەکانی وردبینیان و وەرگرتنی رێکاری پێویست بۆ تێبینیی و سەرنجی تەکنیکی ژمێریاریی و دارایی هەتا هیچ بیانوویەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەهێڵرێتەوە.

"بە تایبەتیش لە دوای ئەو راپۆرتە هاوبەشەی هەردوو دیوانی چاودێریی فیدڕاڵی و هەرێم ، ئێستا ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان لە دوای وردبینی پشتڕاستکراونەتەوە، ئیتر ئەرکی حكومەتی فیدراڵ و بە تایبەتی وەزارەتی داراییە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عیراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش لە کاتی خۆی بنێرێت کە شایستەی یاسایی مووچەخۆرانە"، وەك لە ناوەڕۆكی راگەیەندراوەكە هاتووە.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan