کوردستانی

ورده‌كاریی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتیی و پارتی

مەودا میدیا - سلێمانی |


ورده‌كاریی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتیی و پارتی
مه‌ودا میدیا - 

هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین گرژیی  و مشتومڕیی سیاسیی و سه‌ربازیی و ئابووریی له‌سه‌ر ناوخۆ و له‌سه‌ر ئاستی عیراق و ناوچه‌كه‌، بڕیاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو هه‌ردوو حزبی دیاری هه‌رێمی كوردستان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنه‌وه‌، به‌رپرسانی هه‌ردوولا ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێكه‌ باس له‌و كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، چاودێرێكی سیاسییش ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتیی له‌مكاته‌دا به‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی پێویست ده‌زانێت. 

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، كۆبوونه‌وه‌ی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا به‌رێوه‌ده‌چێت و وه‌ك شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، قه‌زای پیرمام دیاریكراوه‌. 

بورهان شێخ ره‌ئوف، چاودێری كاروباری سیاسیی نزیك له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتیی و گرنگیی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ ئێستادا، بۆ مه‌ودا میدیا وتی"كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا، یه‌كێكه‌ له‌ بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی پێنجه‌مینیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ گرنگیی یه‌كده‌نگیی كورد له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ی پێداتێده‌په‌ڕێت و ئه‌و كێشه‌ گه‌ورانه‌ی له‌ عیراقدا سه‌ریانهه‌ڵداوه‌ و ئه‌و كێشانه‌ی له‌ دۆزی كورد له‌ عیراقدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ پێویستیان به‌یه‌كده‌نگیی كورد و یه‌كڕیزیی نێو ماڵی كورده‌".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، بڕیاره‌ له‌لایه‌نی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی یەکەم و دووەمی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شداربن، له‌به‌رامبه‌ردا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وه‌ك لایه‌نی یه‌كێتیی بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن.

به‌گوێره‌ی بۆچوونی ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، كورد بتوانێت وه‌ڵامی هه‌بێت و بتوانێت به‌رگریی له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی  خه‌ڵكی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و به‌ند و بڕگانه‌ی ده‌ستووری عیراق تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراون، جێبه‌جێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی پێداگری له‌ دروستكردنی بنه‌ما و پێگه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیی له‌ عیراقدا بكات، چ له‌ ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادیه‌وه‌ چ له‌ دادگای فیدراڵییه‌وه‌، ئه‌مانه‌ زه‌حمه‌ته‌ بۆ كورد بكرێت، ئه‌گه‌ر یه‌كده‌نگ نه‌بێت و هه‌ماهه‌نگیی له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كاندا نه‌بێت، به‌تایبه‌ت له‌نێوان یه‌كێتی و پارتیدا.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ كۆنگره‌ی پێنجه‌مینیدا یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانی بریتیی بوو له‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌بێته‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی سیاسیی ره‌سمیی و دیار له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی سیاسییدا كه‌ پارتی دیموكراتیی كوردستانه‌ و هاوبه‌شی دیاری ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا. 

كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌كاتێكدا كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ناوخۆیدا رووبه‌ڕووی چه‌ند بابه‌تێك بووه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ش دۆخی ئابووری و دارایی كه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ و ژیانی خه‌ڵك داناوه‌ و هاوكات هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ئارادایه‌ كه‌ بریاره‌ له‌ مانگی شوباتی داهاتوودا به‌رێوه‌بچێت، به‌گوێره‌ی چاودێرانی سیاسیی، ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی و پارتی له‌سه‌ر واده‌ و شێوازی هه‌ڵبژاردن كۆك نه‌بن، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامنه‌درێت.
 
به‌گوێره‌ زانیارییه‌كان، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممەدا، پارتی و یەکێتیی باسی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بودجەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەردوولا بکەن.
 
بورهان شێخ ره‌ئوف، چاودێری سیاسیی ده‌ڵێت: هه‌ر كاتێك یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتیی كوردستان ته‌بابووبن، توانیویانه‌ ده‌ستكه‌وتی زۆر و گه‌وره‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان و بۆ عیراقیش به‌دیبهێنن، چ له‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عیراقدا، چ له‌ راپه‌ڕینی 1991دا و دروستكردنی به‌ره‌ی كوردستانیی و دواتریش له‌دوای 2003 ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ گه‌ورانه‌ی له‌ ده‌ستووری عیراقدا جێبه‌جێكران، هه‌مووی به‌هه‌ماهه‌نگیی نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌ی هه‌رێمی كوردستان بووه‌. 

كۆبوونه‌وه‌ی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتیی كوردستان وه‌ك پێویستییه‌كی هه‌نوكه‌یی ئاماژه‌ی پێده‌كرێت، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ به‌رپرسانی باڵای هه‌ردوو له‌زۆربه‌ی بۆنه‌ سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و میدیاییه‌كاندا ئاماژه‌یان به‌و كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ كردووه‌، به‌جۆرێك رۆژی هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا لە کۆشکی ئێلیزێی فەرەنسا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەم هەفتەیەدا لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆدەبینەوە".
 
پێشتر سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتییی نیشتمانیی کوردستان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌ ئاشكرایكرد، هه‌وڵه‌كانی نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وامه‌ بۆ زه‌مینه‌ ره‌خساندن بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌، پارتی سەرقاڵی کۆبوونەوەکانیەتی و یه‌كێتییش چاوەڕوانی وەڵامه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشی پەیوەندییەکانی خۆی راسپاردبوو کە قسە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بکات.
 
رۆژی 19-10-2023 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و پاش دابه‌شكردنی ئه‌ركه‌كان، لیژنەیەکی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی و لایەنە سیاسییه‌کانی دیکەی هه‌رێمی كوردستان پێکهێنا، کە  خودی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی، سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکات.

بورهان شێخ ره‌ئوف، چاودێری كاروباری سیاسیی نزیك له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان روونیكرده‌وه‌، بۆ قۆناغی داهاتوو یه‌كێتیی پێیوایه‌، یه‌كخستنه‌وه‌ی نێو ماڵی كورد، به‌ میكانیزم و ئالیه‌تێكی نوێ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌دا بگونجێت، هه‌نگاوێكی گرنگه‌ و نه‌ك له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ڵكو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تریشدا كۆده‌بێته‌وه‌. 
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

چینی ئۆزۆن

لەلایەن نەرمین عوسمان



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان