کوردستانی

یه‌كێتیی: مووچه‌ هه‌ر چۆنێك بدرێت هه‌رێم لاواز ناكات، بێمووچه‌یی لاوازی ده‌كات

مەودا میدیا - سلێمانی |


یه‌كێتیی: مووچه‌ هه‌ر چۆنێك بدرێت هه‌رێم لاواز ناكات، بێمووچه‌یی لاوازی ده‌كات
مه‌ودا میدیا - 

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌مێك پێش ئێستا له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانییدا، سه‌باره‌ت به‌ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی قسه‌ی كرد و ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕوو، هاوكات سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران زیاتر قسه‌ی كرد و وتی "خه‌ڵك پێویستی به‌وه‌یه‌ سه‌ر مانگ مووچه‌ وه‌ربگرێت، ئیتر له‌هه‌ر شوێنێكه‌وه‌ بێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ وه‌ریبگرێت".

وته‌بێژی یه‌كێتیی روونیكرده‌وه‌، ده‌بێت مووچه‌ جیابكرێته‌وه‌ له‌و ململانێیه‌ی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غدا هه‌یه‌ و نابێت تێكه‌ڵ بكرێت، ده‌كرێت له‌كاتێكی تردا ململانێ بكرێت، به‌ڵام ناكرێت مووچه‌ بخرێته‌ كاتێكی تر و له‌هه‌ر رێگه‌یه‌وه‌ بدرێت پێویسته‌ مووچه‌ سه‌ری مانگ بدرێت، كێشه‌ نییه‌ له‌ رێگه‌ی بانكه‌وه‌ بدرێت یان به‌هه‌ر رێگه‌یه‌كی تر، ئه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان لاواز ناكات، به‌ڵكو بێمووچه‌یی و نه‌دانی مووچه‌ له‌كاتی خۆیدا هه‌رێمی كوردستان لاواز ده‌كات، نه‌بوونی پاره‌ بۆ كڕینی جانتا و ده‌فته‌ری خوێندكار، ئه‌وه‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان شه‌رمه‌زار ده‌كات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كۆبوونه‌وه‌ی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی دوای كۆنگره‌ی پێنجه‌مینیی یه‌كێتییه‌ و تیایدا چه‌ندین دۆسیه‌ی ناوخۆیی و نێوان هه‌رێم و به‌غدا و ناوچه‌یی تاوتووێده‌كرێن، سه‌باره‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ نایه‌كسانیی له‌ ده‌زگاكاندا، باسی مووچه‌، باسی یاسای بوودجه‌، یاسای ئه‌وه‌ی كه‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كوڵێت و چۆن بتوانرێت هه‌رێمی كوردستان دووربخرێته‌وه‌ له‌و شه‌ڕه‌ و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم سه‌رقاڵی خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی خۆی بێت، باسی سنووره‌كان كه‌ رۆژانه‌ خه‌ڵك بریندار ده‌بن و باسی كۆچی گه‌نجانیش ده‌كه‌ن.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ته‌ئكیدی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ له‌ئێستادا هه‌رێمی كوردستان له‌ناو كێڵگه‌یه‌كی میندایه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ لێدانی ته‌پڵی شه‌ڕ له‌ناوچه‌كه‌دا، وتی "ئێمه‌ وه‌ك كورد له‌م كاتی شه‌ڕه‌دا به‌رگه‌ی مینێك ناگرین پێماندا بته‌قێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ گرنگیی بده‌ین به‌ خه‌ڵكی خۆمان، گرنگیی بده‌ین به‌ داخوازییه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا".

وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كرد و وتی "هه‌ڵبژاردن لای یه‌كێتی گرنگیی خۆی هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ موسڵ و دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین و له‌كه‌ركوك به‌تایبه‌تتر، كه‌ركوك هه‌میشه‌ جێگه‌ی بایه‌خ بووه‌ و له‌ گفتوگۆكانیش له‌رابردوودا له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی پێشوودا، هه‌میشه‌ كه‌ركوك بووه‌ كه‌ دانوستانه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بایه‌خێكی پێویستی پێده‌درێت".

وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نیگه‌رانیی خۆی ده‌ربڕی له‌وه‌ی كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ به‌یه‌ك لیست به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق بكات، ئه‌گینا ئه‌توانرا به‌ رێژه‌ی (50+1)ی كورسیه‌كان به‌ده‌ستبهێنن.

كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانیی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سبه‌ینێ یه‌كێتی و پارتی له‌ هاوینه‌هه‌واری پیرمام كۆده‌بنه‌وه‌. 
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

چینی ئۆزۆن

لەلایەن نەرمین عوسمان



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان