کوردستانی

سیستمی "تاكپەنجەرە" چییە؟ لە هەرێمی كوردستان كەوتووەتە كار

مەودا میدیا - سلێمانی |


سیستمی "تاكپەنجەرە" چییە؟ لە هەرێمی كوردستان كەوتووەتە كار
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سیستمی تاكپەنجەرە كەوتووەتەكار و لەمەودا ئاسانكاردەبێت بۆ راییكردنی مامەڵەی هاوڵاتییان.

هاوپێچ لەگەڵ گەیاندنی هەواڵەكە، پەڕەی فەرمیی حكومەتی هەرێم وێنەی كچێكی هەڵگری كۆنیشانەی داون-ی داناوە و ئاماژەی بەوەكردووە "ئەم کچە، داونی هەیە و براکەی مامەڵەی تۆمارکردنی لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەولێر بۆ دەکات، بێ ئەوەی یەک ژوور بکات، هەموو ئیشەکانی راییکران".

لەوبارەیەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، سیستەمی تاكپەنجەرە شێوازێكی نوێ و پێشكەوتووی كارگێڕیی و راییكردنی مامەڵەی هاوڵاتییانە و ئێستا لە تەواوی فەرمانگەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێم پیادەدەكرێت و ئاسانكاری و خێرایی زۆری بۆ هاوڵاتییان كردووە.

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەبارەی ئەو سیستەمەوە دەڵێت "لە بڕگەكانی بڕیاری ژمارە 1ی 2019، جەخت لە نەهێشتنی رۆتین و كارئاسانیی مامەڵەی هاوڵاتییان كراوەتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە لە هەولێر، دهۆك، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەستمان بە دروستكردنی هۆڵی تاكپەنجەرە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتیی تایبەت بە خاوەندپێداویستیی تایبەت و كورتەباڵاكان كردووە".

سەبارەت بە خزمەتگوزارییەكەش؛ لە سیستمی تاكپەنجەرە  هاوڵاتی مامەڵەكەی لە پەنجەرەیەكەوە دەداتە دەست فەرمانبەرێك و دوای بڕینی هەموو رێكارە كارگێڕییەكان، لە هەمان پەنجەرەوە مامەڵەكە رادەستی هاوڵاتی دەكرێتەوە، ئەوەش وادەكات هاوڵاتی تووشی رۆتین و ماندوویەتی و كاتبەفیڕۆدان نەبێت.

بەپێی زانیارییەكان، ئەم سیستەمە نوێیە، شێوازی کۆنی کارگێڕی بۆ شێوازێکی نوێ دەگۆڕێت کە دەتوانرێت رۆژانە 800 هەتا 1000 مامەڵەی هاوڵاتییان راییبكات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی دەڵێت "حكومەتی هەرێم سیستمی تاكپەنجەرەی خستووەتە كارەوە و لە ئایندەشدا تەواوی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی دیكە دەگرێتەوە".

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan