کوردستانی

مامۆستایانی ناڕازی هه‌ولێر هاتنه‌ ریزی مامۆستایانی ناڕازی سنووری سلێمانیه‌وه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


مامۆستایانی ناڕازی هه‌ولێر هاتنه‌ ریزی مامۆستایانی ناڕازی سنووری سلێمانیه‌وه‌
مه‌ودا میدیا -

هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی بایكۆت و خۆپیشاندانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ی گه‌رمیان، مامۆستایانی ناڕازی هه‌ولێریش ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ و پشتیوانیی خۆیانیان بۆ مامۆستایانی سنووری سلێمانی ده‌ربڕی.

له‌ راگه‌یه‌ندراوی مامۆستایانی هه‌ولێردا باسی نیگه‌رانییه‌كانی مامۆستایان له‌ مووچه‌  و دواكه‌وتنی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ و چه‌ند بابه‌تێكی تر كراوه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی مامۆستایانی هه‌ولێر:

بەناوی خودای گەورەی میهرەبان
مامۆستایان و مووچەخۆرانی سەربەرز .
ماوەی دەساڵە پڕۆسەی پەروەردە لە دۆخێکی ناجێگیر و ناڕێکدایە ، بەهۆکاری پێنەدانی شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران ، ئەمساڵیش وا بۆ دوومانگ دەچێت نیوەی مامۆستایانی هەرێم بایکۆتیان کردووە و نیوەکەی تریش بەنابەدڵی و دڵەڕاوکێیەوە لە پۆلەکان وانە دەڵێنەوە ، کە ئەمەش وایکردووە پڕۆسەی پەروەردە ئامانجی خۆی نەپێکی و ڕەنجەکان بەخەساربچن ، بۆیە وەک دەستەی مامۆستایانی ناڕازی هەولێر ، ئەو داواکارییانە دەخەنە ڕوو.
1ـ پشتگیری کردنی سەرجەم داواکارییەکانی مامۆستایانی گەرمیان و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و سلێمانی و شوێنەکانی تر.
2-دەسپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران.
3-دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.
4- دابەشکردنی مووچەی مانگانەکانی ٩ و ١٠.

لە کۆتاییشدا ڕایدەگەیەنین، کە پێویستە حکومەتی هەرێم چارەسەری خێرای ئەو قەیرانە بکات و پرۆسەی پەروەردە بخاتەوە سەر سکەی خۆی ، لە ئەنجامی بەردەوامبوونی حکومەت لە بێباکی و وەڵامنەدانە ، ئێمەش لەڕۆژانی داهاتوو هەڵوێستی جدیمان دەبێت.

مامۆستایانی ناڕازی هەولێر
Qaiwan
Qaiwan