کوردستانی

نۆ كۆڵبەر تەقەیان لێكرا و كوژراو و برینداریان تێدایە

مەودا میدیا - سلێمانی |


نۆ كۆڵبەر تەقەیان لێكرا و كوژراو و برینداریان تێدایە
مەودا میدیا-

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی هێزەكانی سنوور كوژارا و هەشت دیكەش بە سەختی بریندارن، بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ.

كۆڵبەرەكەی سەقز ناوی ئازاد ستارپەنایە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی کوژراوە و "هەنگاو" دەڵێت لانی کەم 7 کۆڵبەری دیکەش بە تەقەی راستەوخۆی ئەو هێزانە لە سنوورەکانی نەوسوود و بانە بریندار بوون،  کۆڵبەرێکی دیکەش بە خڕکەبەرد لەلایەن ئەو هێزانەوە سەر و پەراسووی شکاوە.

بەپێی راپۆرتەكە شەوی سێشەممە، 7ی تشرینی دووەمی 2023، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی ئازاد ستارپەنا، تەمەن 43 ساڵ، خەڵکی گوندی "دەرەزیارتی سەروو" سەر بە شاری سەقز و باوکی دوو منداڵ، کوژراوە.

هاوکات کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی گوندی "دەرەپەنبەدان"ی سەر بە شاری سەقز بە ناوی سراجەدین بە تەقەی ئەو هێزانە بەسەختی برینداربووە و بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە گواستراوەتەوە، ئەو کۆڵبەرە بە دوو گوللـەی هێزە چەکدارەکانی سەر سنووری ئێران پێکراوە.

لە لایەکی دیکەوە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشان تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لانی کەم 7 کۆڵبەری خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی برینداربوون.

ناو بە ناو، لە سنوورەكانی نێوان رۆژهەڵاتی كوردستان و هەرێمی كوردستان، كۆڵبەران لەلایەن هێزەكانی سنوور و بەتایبەت هێزەكانی ئێران دەستڕێژی گوللـەیان لێدەكرێت، هەتا ئێستا سەدان كۆڵبەر بەوهۆیەوە كوژراو و بریندارن كە زۆرینەیان كوردزمانن.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan