کوردستانی

چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ چی لێدێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ چی لێدێت؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

جێگری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایدەگەیەنێت بەهۆی خەمساردیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکان خەریکە دەبنە گرێ کوێرە، ئاماژە بەوەشدەکات تائێستا چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ دیارنییە و بە ناڕوونی ماوەتەوە.

عەتا محەمەد، جێگری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لەبارەی خۆپیشاندانی خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە شاری سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بەهۆی خەمساردیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکان خەریکە دەبنە گرێ کوێرە، ئەگەر حکومەت هەنگاوی بنایە و کێشەی مامۆستایانی چارەسەر بکردایە بایکۆت درێژەی نەدەکێشا و زیانی نەدەبوو بۆ خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی و داوای کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن نەدەکرا".

ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک هەنگاو بنێت و ئاقڵانە مامەڵە بکات، بۆیە داواکارین داخوازی مامۆستایان بێتەدی و نەگاتە ئەوەی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ بفەوتێت".

جێگری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان وتی "ساڵانی دیکەمان هەبووە بە یەک وەرز دەوام رۆشتووە، تائێستا چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ دیار نییە و بە ناڕوونی ماوەتەوە".

نزیکەی دوو مانگ دەبێت پرۆسەی خوێندن دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام تائێستا مامۆستایان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان نەچوونەتەوە هۆڵەکانی خوێندن و بەردەوامن لە بایکۆت و دوای پێدانی مووچەی ئەم چەند مانگە دەکەن، هەروەها خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیش داوای کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن دەکەن.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan