کوردستانی

بزانە لە هەولێر چۆن ئاژەڵ فرۆشراوە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


بزانە لە هەولێر چۆن ئاژەڵ فرۆشراوە؟
مەودا میدیا-

دوای بڵاوبوونەوەی کورتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تیادا ئەوە پیشاندەدرا لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، ئاژەڵی نەخۆش سەردەبڕدرێت، بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێتەوە و بەتۆن دەبردرێتە خواردنگەکان، ئەمڕۆ لیژنەیەک سەردانی مەیدانی ئاژەڵانی کرد بە مەبەستی پشکنین.

ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بڵاویکردەوە، ‎تیمەکانی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک بە هەماهەنگی قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، پۆلیسی شارەوانی و نوێنەری ڤێتەرنەری؛ سەردانی مەیدانی ئاژەڵانیان کرد بە مەبەستی پشکنین و بەدواداچوونی شوێنی ناوبراو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆیان دەرکەوتووە تەنها سێ بۆ چوار ئاژەڵ سەربڕدرابوون و ئامادەکرابوون بۆ فرۆشتن، ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەکانی تەندروستییە کە دەبێت ئاژەڵ تەنها لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر سەرببردرێت.

ئاماژە بەوەکراوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر و، دەست بەسەر ئاژەڵە سەربڕاوەکان گیراوە و بۆ کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر نێردراون بەمەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان.

‎ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر هاوڵاتییان دڵنیادەکاتەوە کە تیمەکانی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک بەردەوام لە پشکنین و بەدواداچوونن بۆ گۆشتفرۆش، چێشتخانە و ئەو شوێنانەی کە خواردنی تێدا پێشکەش دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە کواڵێتی خواردنەکان و ڕێگریگرتن لە بڵاوبونەوەی هەر نەخۆشییەک.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan