کوردستانی

حكومەتی هەرێم: ئامادەین لە زووترین كاتدا هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


حكومەتی هەرێم: ئامادەین لە زووترین كاتدا هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكاتەوە
مەودا میدیا-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و رایدەگەیەنێت "هەرێمی كوردستان ئامادەیە لە زووترین كاتدا پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكاتەوە" و حكومەتی فیدراڵ پەلەبكات لە تەواوكردنی ئامادەكارییەكان بۆ ئەو مەبەستە.

ماڵپەڕی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ 15ی تشرینی دووەمی 2023 لەمیانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی هەریەك لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەنجامی گفتوگۆی هاوبەشی نێوان وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ و شاندی هەرێم لە رۆژانی 12-13 /11 سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆک وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.

ئاماژە بەوەشكراوە، سەرەتا سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێم و شاندی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیى جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی فیدراڵ کە ماوەی چەند رۆژێک لە هەولێر بوون، خستەڕوو.

سەرۆكی حكومەت لەوبارەیەوە رایگەیاندووە کە لە چوارچێوەی دەستوور و رێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم ئامادەیە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە و هیوادارن لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیش پەلەبکەن لە تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە.

هاوكات بەپێی ناوەڕۆكی راگەیەندراوەكە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی و پشتیوانیی لە بەڕێوەچوونی ئەرێنیی دانووستانەکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەكەن کە ئەو پرۆسەیە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان دەکات.

"بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم چەندین ملیار دۆلار زیان لە گەنجینەی گشتی کەوتووە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپارد کە لە چوارچێوەی دەستوور لە هەوڵ و گفتوگۆکانیان بەردەوام بن" ناوەڕۆكی راگەیاندنی ئەنجومەنی كوردستان وا دەڵێت.

رێكەوتی 24ی ئازاری ئەمساڵ واتا نزیكەی هەشت مانگ لەمەوبەر، پاش نۆ ساڵ لە پێشكەشكردنی سكاڵا لەلایەن بەغداوە، دادگای نێودەوڵەتیی ژووری بازرگانیی لە پاریس بڕیاریدا بە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ توركیا، ئەو بڕیارە كۆتاییهێنا بە رێككەوتنی 50 ساڵەی نێوان هەرێم و ئەنقەرە.

لە هەمان رێكەوتەوە هەتا ئێستا پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، ئەوەش وێڕای پەراوێزخستنی هەرێم لە دانوستانەكانی پەیوەست بەو پرسەوە لەلایەن هەریەك لە حكومەتەكانی ناوەندی عیراق و ئەنقەرە.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan