کوردستانی

شەش كۆڵبەر كە دووانیان "مێرمنداڵن" پێكران

مەودا میدیا - سلێمانی |


شەش كۆڵبەر كە دووانیان "مێرمنداڵن" پێكران
مەودا میدیا-


بەپێی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی یادگار رەحیمی، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری ئەو شارە بە تەقەی راستەوخۆی سەربازانی ئێران گیانی لەدەستداوە و لانیکەم پێنج کۆڵبەری دیکە برینداربوون کە دوو کەسیان بە ناوەکانی ئاروین محەممەدی و ئیمان، منداڵن و تەمەنیان ژێر 18 ساڵە.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوەكە،  کاتژمێر 11ی شەوی سێشەممە 14ی تشرینی دووەم، لاوێکی کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە بە ناوی یادگار رەحیمی، بەتەقەی راستەوخۆی سەربازانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە کوژراوە، ئەو کۆڵبەرە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە تەقەی لێکراوە.

هاوکات بەهۆی تەقەی ئەو هێزانەوە کۆڵبەرێکی دیکە برینداربووە کە هێشتا ناسنامەکەی بۆ هەنگاو روون نەبووەتەوە و لە لایەکی دیکەوە ئێوارەی هەمان رۆژ، ئاروین محەممەدی، تەمەن 14 ساڵ و ئیمان، تەمەن 17 ساڵ، دوو مێرمنداڵی خەڵکی شاری سنە و هەریەك لە حوسێن، تەمەن 20 ساڵ و شاهۆ، 21 ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی شاری بانەن، لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە تەقەی راستەوخۆی سەربازانی ئێران بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ هەنگاو "بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران ئاروین محەممەدی پشت و شانی پێکراوە بووە و هەروەها ئەو کۆڵبەرە مێرمنداڵەکەی دیکە بە ناوی ئیمان، سەر و دەموچاویدا بریندار بووە".

بە پشتبەستن بەو ئاماری تۆمارکراوی لەماوەی رابردوودا، لە سەرەتای وەرزی پایزەوە واتە ماوەی 54 رۆژی رابردوو، چوار کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و بەو چەند کۆڵبەرەی ئەمجارەشەوە، لانیکەم 34 کۆڵبەر بریندار بوون.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan