کوردستانی

سبەینێ خۆپیشاندانی فراوان بەڕێوەدەچێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سبەینێ خۆپیشاندانی فراوان بەڕێوەدەچێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

مامۆستایانی وانەبێژ سبەینێ یەکشەممە لە 13 پەروەردەی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانی فراوان ئەنجام دەدەن و داوای مافەکانیان و ئازادکردنی مامۆستا عەلی رەئوف دەکەن کە ئەمڕۆ لە بازگەی کەڵەک دەستگیرکراوە.

کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ بە مەودا میدیای رایگەیاند "ئەمڕۆ شەممە 18ی تشرینی دووەمی 2023 مامۆستا عەلی رەئوف لەکاتی چوونی بۆ هەولێر بۆ ئامادەکاریی خۆپیشاندانی سبەی یەکشەممە لەلایەن هێزەکانی ئاسایش لە بازگەی کەڵەک دەستگیرکرا، تائێستا ئازادنەکراوە تەنانەت شوێنی دەستگیرکردنیش نازانرێت، ئێمەی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ سەرەڕایی دەستگیرکردنی مامۆستا عەلی رەئوف و نوێنەران شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەین، داواکارین هەرچی زووە ئازاد بکرێت، بەپێچەوانەوە هەڵوێستی تووندمان دەبێت".

ئاماژەی بەوەکرد "داواکارین لە دکتۆر ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات بێتە سەرخەت بۆ ئازاردکردنی مامۆستای عەلی رەئوف، چونکە بەڕێزیان بەرپرسیاری یەکەم لە ئاست مافی مامۆستایان".

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ وتی "جێگەی داخە حکومەتی هەرێم لەبری وەڵامدانەوەی داواکاریی ئێمەی مامۆستایانی وانەبێژ دەستیکردووە بە گرتن و ترساندن و تۆقاندن، بەڵام ئەم دەستگیرکردن و چاوسوکردنەوە ئێمەی نوێنەران و مامۆستایانی وانەبێژ ساردناکاتەوە، بەڵکو سوورترمان دەکات لەسەر بایکۆت و خۆپیشاندانەکان تا گەیشتن بە مافە رەواکانمان".

وتیشی "بۆ ئەم مەبەستەش سبەی یەکشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2023 خۆپیشاندانی فراوانی مامۆستایانی وانەبێژ و مامۆستایانی دامەزراوە لە 13 پەروەردەی هەرێمی کوردستان".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan