کوردستانی

حكومەتی هەرێم: بۆ دابینكردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران هەنگاوێكی گرنگمان ناوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


حكومەتی هەرێم: بۆ دابینكردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران هەنگاوێكی گرنگمان ناوە
مەودا میدیا-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەی ئەنجامدا و لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، هەنگاوێكی گرنگیان ناوە بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆران.

بەپێی ناوەڕۆكی راگەیەندراوەكە، لە بڕگەی یەکەمدا، سەرۆکی ئەنجومەنی راژەی گشتی، راپۆرتێکی سەبارەت بە میلاکی گشتی و هێزی کاری کەرتی گشتیى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ژمارە و داتا و زانیاریى ورد و پێشنیار و چارەسەری پێویست خستووەتەڕوو بەمەبەستی بە دامەزراوەییکردنی پرۆسەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی.

تایبەت بەو بابەتە پێشنیار و راسپاردەی پێویست بۆ رێکخستنەوەی میلاکات و وەزیفەی گشتی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان پێشکەشکراوە کە کاریگەریى ئەرێنیی دەبێت لەسەر کەرتی وەزیفەی گشتی.

ئاماژە بەوەشكراوە، دواتر لە نێو راپۆرتەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی راژەی گشتی، ئەنجامی پڕۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی فیدراڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە میلاکی گشتی و ئاماژەیدا بەوە کە سەرجەم خشتە و زانیاری و ژمارەکان خراونەتە بەردەم تیمی هاوبەشی وردبینی و لە ئەنجامدا دوای وردبینی، خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشکەش بەهەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێم کراوە.

دەشڵێت "پێشكەشكردنی خشتەکە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران".

هاوكات دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی راپۆرتەکە، ئەنجومەنی وەزیران چەند پێشنیار و راسپاردەیەکی ئەنجومەنی راژەی گشتیی پەسەندکردووە لەپێناوی بە دامەزراوەییکردنی زیاتری کەرتی وەزیفەی گشتی و هێزی کار لە دامەزراوەکانی هەرێم.

لەلایەكی دیكەوە گفتوگۆ له‌بارەی جێبەجێکردنی چەند مادە و بڕگەیەکی دیکەی یاسای چاکسازی کراوە تایبەت بە بواری خانەنشینی کە لەلایەن سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خراوەتەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران راشیگەیاندووە، وێڕای دووپاتکردنەوەی گرنگیی بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە پرۆسەیەکی ستراتیژیی بەردەوامە بە ئاراستەی رێکخستنەوەی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی لە هەرێم لەرێگەی بەرجەستەکردنی دادپەروەری و شایستەبوون لە سوودمەندی لە بودجەی گشتی، لە هەمان کاتدا، ئەنجومەن جەختی لە گرنگیى جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کردووەتەوە کە ئامانج لێی داکۆکیکردنە لە مافەکانی مووچەخۆری شایستە کە پێویستە مافیان پارێزراو بێت.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan