کوردستانی

عیراق و توركیا تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كۆبوونەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


عیراق و توركیا تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كۆبوونەوە
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبووەوە و بابەتی سەرەكیی گفتوگۆكانیان هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو.

نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، محەمەد شەیاع سودانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە سودانی پێشوازییکردووە لە  ئەلپ ئەرسلان بایراقدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا و شاندی یاوەری.

لە دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی هاریکاریی نێوان عیراق و تورکیا لە بواری وزە و رێگاکانی پەرەپێدانیان تاوتوێکراوە و  گفتوگۆ لەسەر هەوڵەکانی هەردوو وڵات کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆبوونەوەکانی لیژنەی ئابووریی هاوبەش و بەردەوامبوون لە کارکردن لەسەر دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە.

سودانی ئامادەیی بەغدای روونکردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و جەختی لەوەکردووەتەوە "عیراق پشتی بە چارەسەری دادپەروەرانە بەستووە لە چوارچێوەی دەستوردا لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە جۆراوجۆرەکانی وڵاتانی دراوسێ"، بەپێی راگەیەندراوەكە.

ئەوەش لەكاتێكدایە نزیكەی نۆ مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا راگیراوە لەسەر سكاڵایەكی بەغدا تایبەت بەو بابەتە، هەتا ئێستاش بە بیانووی جۆراوجۆر پرۆسەكە دەستیپێنەكردووەتەوە و هەرێم پەراوێزخراوە لە دانوستانەكانی پەیوەست بە نەوتی خاكەكەی.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan