کوردستانی

مامۆستایانی وانەبێژ: بەردەوام دەبین لە بایکۆت

مەودا میدیا - سلێمانی |


مامۆستایانی وانەبێژ: بەردەوام دەبین لە بایکۆت
مەودا میدیا-

دوای ئەوەی ئەنجومەنی پەروەردەی سلێمانی لە نووسراوێکدا داوایان لە مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ کرد بایکۆت بشکێنن و بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، مامۆستایانی وانەبێژ هەڵوێستی خۆیان راگەیاند.

کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە مەودا میدیای راگەیاند "ئاشکرایە دوای زیاتر لە 75 رۆژ لە بایکۆتی پڕۆسەی خوێندن سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت نەک هەر گوێیان نەگرت، بەڵکو خەمساردانە و بێباکن لە ئاست پڕۆسەی خوێندن و قوتابیان و خوێندکارانیان دەڕوانی بۆ جارێکیش لەنزیکەوە گوێیان نەگرت، ئێستاش دەیانەوێت لەڕێگەی بەڕێوەبەری پەروەردەکانیان فشار بکەن بۆ کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەبێ جێبەجێکردنی هیچ کام لە داواکاریەکانمان".

ئاماژەی بەوەکرد "ئەم هەوڵە بێباکانە نەک ساردمان ناکاتەوە، بەڵکو سوورترمان دەکات لەسەر داکۆکی لە ماف و داواکاریەکانمان، لە هەمانکاتدا بە خۆپیشاندانێکی مەزن و چاوەڕواننەکراو وەڵامی بێ باکییان دەدەینەوە".

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ وتی "ئێستاش زووە بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندن و کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن، ئەگەر ئێوە دەست هەڵگرن لە عینادی و داهاتی ناوخۆ و داهاتی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی تەنکەرە ناوتییەکانتان بکەنە قوربانی بۆ بەردەوامی پڕۆسەی خوێندن".

وتیشی "داواکارین لە سەرجەم مامۆستایانی { دامەزراو ، وانەبێژ } کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران بۆ ماف و داهاتووی رۆڵەکانتان پشتیوان و پشتگیرمان بن".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan