کوردستانی

لەبارەی "پریپەید" و كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا روونكردنەوە دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەبارەی "پریپەید" و كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا روونكردنەوە دەدرێت
مەودا میدیا-

وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان تایبەت بە كەمبوونەوەی كاتەكانی پێدانی كارەبا بە هاوڵاتییان و پرۆژەی پریپەید (پارەدانی پێشوەخت) لەلایەن هاوڵاتییانەوە، كۆبوونەوەی ئەنجامدا و رایگەیاند، بەمنزیكانە بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی نرخی پریپەیدی یەكەكانی نیشتەجێبوون دەدرێت.

ئەمڕۆ 29ی تشرینی دووەمی 2023 "لە دیوانی وەزارەتی کارەبا و بە سەرپەرشتیی كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە کەمبوونەوەی کارەبا و سیستەمی پریبەید بەڕێوەچوو" بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی كارەبا.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، لە كۆبوونەوەكەدا هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کارەبا و پڕۆژەی پریپەید و نرخی کارەبای 24 کاتژمێریی پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان خراوەتەڕوو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پشتگیریی خۆیان بۆ پێشنیاری وەزارەتی کارەبا بۆ دابەزاندنی نرخی کارەبای پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و کارگەکان دەربڕیوە کە لە چاوەڕوانیی رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیراندایە.

هاوكات لەو كۆبوونەوەیەدا كە لە كۆی چوار پارێزگاری هەرێمی كوردستان تەنها پارێزگاری هەولێر تێیدا ئامادەبووە، داوایکردووە رەچاوی پشکی پارێزگای هەولێر لە پێدانی کارەبا بکرێت و جەختی لە تێستی وەرزیی بۆ پشکی کارەبای پارێزگاکان کردووەتەوە.

ئەوەش هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارگرانیی سەر کارەبا کرا، کە خواست لەسەر کارەبا شەش هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان تەنیا سێ هەزار مێگاواتە و زیادکردنی بەرهەمیش پێویستی بە سووتەمەنی و بودجە هەیە. 

"لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، پێداگیریی لەسەر داواکارییەکانی هاوڵاتیان لەوانە دانیشتووانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان کراوە و  بەمنزیکانە بڕیاری گونجاو لەبارەیەوە دەدرێت" وەزارەتی كارەبا روونیكردووەتەوە.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان