کوردستانی

هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی کردووە و پێشوازی لە گەشتیاران دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی کردووە و پێشوازی لە گەشتیاران دەکات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت ئامادەکاریی کراوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران، ئاماژە بەوەشدەکات لە ماوەی 11 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە حەوت ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی پشووەکانی سەری ساڵ و بۆنەکاندا، ئێمە دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەین، بۆ ئەمساڵیش لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، پلانی تۆکمە و چڕ دانراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت و هۆتێل و رێستورانتەکان، ئامادەکاری تەواو کراوە، بۆ ئەوەی پێشوازی بکەین لەو گەشتیارانەی کە بە مەبەستی پشووەکانی سەری ساڵ روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە بازگەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران ئاسانکاری زۆرکراوە و لەئێستادا هاتنەناوەوەی گروپی گەشتیاران تەنها چوار خولەکی پێویستە، هەروەها چەندین لیژنەمان پێکهناوە یەکێک لە لیژنەکان لە بازگەکان پێشوازی لە گەشتیاران دەکات و لیژنەکانی دیکەش شوێنە گەشتیارییەکان بەسەردەکەنەوە و چاودێرییان دەکەن بە مەبەستی رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ و هێڵی گەرمیش دانراوە بۆ گەشتیاران بۆی لە کاتی هەر گرفتێکدا پەیوەندییمان پێوەبکەن".

لەبارەی ئاماری گەشتیارانەوە وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی "ساڵ لە دوای ساڵ لە هەرێمی کوردستان ژمارەی گەشتیاران روو لە زیادبوون دەکەن، کۆی ساڵی رابردوو شەش ملیۆن و 35 هەزار گەشتیار و سەردانیکەرمان هەبوو، ئەمساڵیش لە ماوەی 11 مانگدا زیاتر لە حەوت ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون".

وتیشی "لە هەرێمی کوردستان سێ جۆر گەشتیارمان هەیە، جۆری یەکەم گەشتیارانی ناوخۆ کە لە ناوخۆی شارەکانی هەرێم گەشت دەکەن، جۆری دووەم ئەو گەشتیارانەن لە باشوور و ناوەڕاستی عیراقەوە دێن کە زۆرینەی گەشتیاران پێکدەهێنن، جۆری سێیەمیش گەشتیارانی بیانین کە لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە دێن کە رێژەی زیاتر لە 25% گەشتیاران پێکدەهێنن".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان