کوردستانی

میدیای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ڵامی شاسوار عه‌بدولواحید ده‌داته‌وه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


میدیای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ڵامی شاسوار عه‌بدولواحید ده‌داته‌وه‌
مه‌ودا میدیا - 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ میدیای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ڵامی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ده‌داته‌وه‌. 

له‌ رۆژانی رابردوودا، شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند بابه‌تێكی قسه‌ی كرد و ره‌خنه‌ی گرت، یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌ وه‌ڵامه‌كه‌یدا، به‌وردیی وه‌ڵامده‌داته‌وه‌. 

ئه‌مه‌ش ده‌قی وه‌ڵامی میدیای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ وه‌ك خۆی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. 

وەڵامێکی کورت بۆ کۆنگرەیەکی درێژی رۆژنامەوانی
بۆ: بەڕێز شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
سڵاوێکی گەرم

بەدیقەتێكی زۆرەوە، وەك بینەر كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی جەنابتمان بینی، كۆنگرەیەك (55) دەقیقەی بێ كەم و زیاد قسەت كرد و زۆربەی چاودێرانی سیاسی و میدیاكاران، لە چاوەڕوانی ئەوەدابوون، دان بە پاشەكشە و شكستدا بنێی و داوای لێبوردنێك لە كەركوكیەكان بكەیت، كە بەهۆی ململانێ و ركابەری و بەرژەوەندی حزبییەوە، یەكڕیزی و یەك لیستیت رەتكردەوە و دەنگی كوردت بەفیڕۆدا، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانیەوە، ئەوەی لە كۆنگرەكەتدا بەرجەستە بوو، کۆمەڵێک هەڵەی زەق و زانیاری ناڕاست بوو، لە هەمووشی خراپتر بەراوردێك بوو كە پشت دەبەستێت بە رووداوێكی مێژوویی ئایینی ئیسلام، كە نەدەبوو بیكەی، لەوەش سەیرتر قسەکردنت بوو لەسەر سیستمی سانتلیگۆ، کە بەڕاستی ئەم سیستەمە پسپۆڕی و شارەزایی زۆری دەوێت و کاری جەنابت نەبوو  قسەی لەسەر بكەیت و سەر لەخۆت و لەهاووڵاتیانیش بشێوێنی، لەوانەش دەگەڕێین و دێینە سەر خستنەڕووی کومەڵێک داتاو ژمارەی نادروست، كە سەرجەمیان لەپێناو تۆمەتبارکردنی یەکێتی و داپۆشینی شكستەکەی خۆتان بوو، ئێمە زۆر كاتی خوێنەران ناگرین و تەنها بە چەند خاڵێك هۆكارەكانی شكستی نەوەی نوێ و لیستەكەی جەنابت بیر خۆت و خوێنەران دێنینەوە.

یەکەم: لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا هیچ شتێکی تازەت پێ نەبوو بۆ کەرکوکییەکان تادەنگت پێ بدەن و متمانەی سەركردایەتیكردنی خەونە نەتەوەییەكان بسپێرن بە جەنابت، بەڵكو تەنها دووبارەکردنەوەی پەیامەکانی پێشووتان بوو، کە پڕ بوون لە دەستەواژەی نەگونجاو بۆ پەیامی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن گوێی لە جەنابت و پەیامەكانی راگەیاندنی نەوەی نوێ بووبێت هاوشێوەی پەیامەکانی پێشوتان، تەنها ئەو ووشانەی بیردێتەوە، (شەلاتی، چەقۆکێش، سەرسەری، درۆزن، خوێری، نەعل، قۆنەرە، قەڵەمفرۆش، نەقیزە، کۆیلە، ترسنۆک، تەحەددا دەکەم، ئەمە بۆم هەڵگرن) و کۆمەڵێک ووشەی دیکەی ناشایستە کە بەهیچ شێوەیەک ئەم جنێو و زمانە ساكارە بۆ سەرۆکی حزبێکی نوێ گونجاو نین، کە لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا و لەمەراسیمی فەرمی و لەڕێی میدیای فەرمی حزبەکەی خۆیەوە بڵاویان بکاتەوە.

هۆشیاری خەڵك لە رۆژگاری ئێستادا گەیشتۆتە ئاستێك، چیتر ئەو زمانە نابێتە سەرچاوەی متمانەی خەڵك، بەڵكو دەنگدەر لە بانگەشەی هەڵبژاردن چاوەڕوانی بەرنامەی نوێ لەحزبەکان دەکات، نەک پەیامی زبر و جنێوبارانکردنی لایەنی بەرامبەر، بەتایبەتی لەشارێک کە هەموو كوردێكی بێ غەل و غەش بەپرسێکی چارەنووسسازی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەزانێت، دەریشكەوت هاوڵاتیان بێزارن لەو جۆرە پەیامە زبر و جنێونامانە و پێشوازی لێناکەن.

دووەم: بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست، کە دەکەوێتە خانەی چەواشەکردنی خەڵکەوە، رەنگە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنێک لە قۆناغێكی دیاریكراو سودی بۆ خاوەن پەیامەکە هەبێت، بەڵام پەندێکی کوردەواری هەیە دەڵێت: (پەتی ناڕاستی کورتە)، بۆیە دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆ ئامانجی خۆی هەمیشە ناپێکێت. بڕوا بکەن ئەو ئێوارەیەی کە هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت کۆتایی پێهات، شتێکی چاوەڕوانکراوبوو کە زۆرینەی دەنگە تایبەتەکان لەسنوری کەرکوک بۆ یەکێتی بێت، بەڵام بە بەرنامە و رووماڵی میدیاکانتان دەستانکرد بە بڵاوکردنەوەی هەمان سیناریۆی جاران و راتانگەیاند کە لە چەندین وێستگەی هەڵبژاردنەکان یەکێتی یەک دەنگی هێناوە، بەو پەیامە نادروستانە، بەدەمی خۆتان گورزی کەمەرشكێنتان لەخۆتان وەشاندو متمانەی جەماوەرتان لەدەستدا.

بەنموونە زانیاریەکی دیکەی نادروستی کۆنگرە رژنامەوانییەکەی جەنابت، ئەو زانیارییە نادروستە بوو، كە هۆکاری سەرەکی ئەم نامەی ئێمەیە، گوایە یەکێتی لەبانگەشەی هەڵبژاردنی کەرکوک (١٠٠) ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە بۆ دژایەتی نەوەی نوێ. مەبەست لەدژایەتی واتە لەرێی راگەیاندنەوە یەكێتی ئەو هەموو پارەیەی بۆ دژایەتی جەنابتان بەهەدەر داوە، ئەم زانیاریە ١٠٠% نادروستەی جەنابت دەیهێنێ هەموو خەڵکی کوردستانی لەپێناو بكەین بە شایەد و داوەر، چونکە باش دەزانن کە میدیای  فەرمی یەکێتی (رادیۆ، تەلەفزیۆن، رۆژنامە) لەبانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە نەک دژایەتی ئێوەی نەکردووە، بەڵکو نە بە باشەو نە بەخراپە لەدرێژایی بانگەشەی هەڵبژاردن ناوی جەنابت و نەوەی نوێی نەهێناوە، كەخەوت بەوەوە دەبینی بۆ یەک جاریش بێت ناوت بێنین، بەڵام ناوهێنانی جەنابت لەپلانی ئێمەدا نەبوو، بۆیە لەسەر شكستی خۆتان گلەیی لەئێمە مەکەن، گلەیی لە خۆتان بکەن، هەروەک دیسانەوە گلەیی لە خۆتان بکەن و لە ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستان مەکەن، چونکە پێشمەرگە چۆن چاوی تیژە بۆ دوژمن، بەو ئەندازەش بۆ دەنگدان بیری تیژە و بیریان ناچێتەوە کە لە رۆژگاری شەڕی تیرۆرستانی داعشدا و بۆ ماوەی دوو مانگ شەهیدەکانتان بە تەنیشت تیرۆرستانەوە بە کوژراو ناودەبرد، خۆ ئەگەر هەڕەشەی خۆپیشاندانی پێشمەرگە دێرینەکان و وەزارەتی پێشمەرگە و رۆشنبیری نەبوایە لەسەر هەمان رەفتار و رووماڵ بەردەوام دەبوون، کەوایە دڵنیابە تا خاوەنی ئەم جۆرە پەیامە جنێونامە و زانیارییە نادروستانەبن، دەبێ لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا چاوەڕوانی شكستێکی گەورەتر بکەن.

ئەوکاتە تۆمەتی قەڵەمفرۆشی ناخەیتە پاڵ ئەو رۆنامەنووسانەی کەنزیکەی دوومانگە لەشەنگالەوە تا خانەقین، بەتایبەتی لەکەرکوک سەرقاڵی کوکردنەوەی دەنگ بوون بۆ کوردو بۆ ئایندە و چارەنووسی کەرکوک کە تا ئێستا لەو ماوەدرێژەدا، بە رۆحیەتێکی پیشمەرگانە کاردەکەن و نەموچەیان وەرگرتووەو نە پاداشت کراون، بەڵکو لەدوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دیکەدا بەقوڵی بیردەکەیەوە و ئەمجارە دەستی خەتاباری بۆ ئەو قەڵەمانە درێژدەکەیت کەسەربەخۆتن و بەردەوامی زانیاری ناراست و پەیامی زبرو ناشایستە و جنێونامە ئامادە دەکەن و دەیخەنە بەردەم جەنابت و تۆش بەبێ سێو دوو قۆڵی لێ هەڵدەماڵی‌ و بەحەماسەتێکی زۆرەوە و بەشێوەی سیناریۆ شاشەی تەلەفزیۆنی خۆتانی پێ گەرم دەکەیت، بۆیە لە هەڵبژاردنی داهاتودا کار لە کار دەترازێت، بەڵام جیاوازییەکە ئەوە دەبێت کەئەمجارە گلەی لەخۆت و لەقەڵەمەکانی خۆتان دەکەیت نەک لە ئێمە.

سەرچاوەیەک لە مۆنیتەرینگی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان.
سلێمانی
 ٢٥/١٢/٢٠٢٣
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان