راپۆرت

چۆن کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەردەبن؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


چۆن کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەردەبن؟
مەودا میدیا- محەمەد فایەق 

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو داتا و زانیارییەکانی رادەستی حکومەتی بەغدا کردووە و لەگەڵ کۆمەڵێک زانیاریی دیکە بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن.

محەمەد شاکر، ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی راگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبووە بە ناردنی هەموو داتا و زانیارییەکان سەبارەت بە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، خەرجی و داهاتی مانگانە، ناردنی ئەم زانيارييانە رۆڵێکی باشی هەبووەبۆ ئەوەی بگەین بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی بەغدا".

دارا سێكانيانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تایبەت بە مەودا میدیای راگەیاند "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی دوو رۆژ لە بەغدا بوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و تائێستاش لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن، حکومەتی بەغدا ویستێکی راستەقینەی هەیە سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان هەرێم و بەغدا و دەرکردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم لەم ململانێیە سیاسییە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "هەردوو حکومەت تائێستا نەگەیشتوون بە هیچ رێککەوتنێک سەبارەت بە تێچووی دەرهێنانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاکاندا، لەبەرئەوەی پێویستی بە لیژنەیەکی پسپۆڕ هەیە کە ئەم بابەتە یەکلایبکاتەوە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەوەشی خستەروو "چارەسەری ریشەیی بۆ ئەم کێشەیە ئەوەیە کە دەبێت هەمواری یاسا و بودجەی ساڵە 2023 بکرێتەوە و لە بەرژەوەندیی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق کۆدەنگی لەسەر بکرێت و دەنگی پێویستیش بە دەستبهێنێت بۆی بکرێت بە یاسا، لەو کاتەدا هەردوو حکومەت ناچار دەبن بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە".

هەر لە درێژەی زانیارییەکانی تایبەت بە مەودا میدیا دارا سێکانیانی راگەیاند "ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان پێویستی بە رێککەوتن هەیە وەکو مانگەکانی پێشوو"، هەروەها بە دووریشی نەزانی کە پارە بە شێوەی قەرز بۆ هەرێم بنێردرێت بەو مەرجەی رێکەوتنی لەسەر بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە نەگەیشتن بە رێککەوتن سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچە دۆخی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانی خراپ کردووە، هەروەها گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق تائێستا هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەری بۆ هاوڵاتییانی هەرێم پێنەبووە.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان