چاوپێكەوتن

ئامینە فاتیح حسێن: حەمەڕەش هەموو کاتێک ئامادە بوو لەپێناو کورد و کوردستان گیانی ببەخشێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئامینە فاتیح حسێن: حەمەڕەش هەموو کاتێک ئامادە بوو لەپێناو کورد و کوردستان گیانی ببەخشێت
مەودا میدیا-

لە مێژووی خەباتی کوردستانی باشووردا، گەرمیان پشکی شێری لە قوربانیداندا بەر دەکەوێت، ئەمە بۆ ژنانیش راستە... گەرمیان لانکەی چەندین شێرەکوڕی قارەمانی کوردە، ئەمەش لەخۆڕا نییە؛ شێرەژن، شێرەکوڕ دەخاتەوە. لە مێژووی نزیکی مرۆڤایەتیدا، دەتوانین بڵێین ژنی کورد، لە بەشمەینەتترین دروستکراوەکانی خودان، ئاخر ئەوان بەشیان هەر جەرگسووتان و دابڕان، ماڵبەکۆڵی و دەربەدەری و ئاوارەیی، ژێردەستەیی و پلەدوویی، بێمافی و بێپەنایی... بووە، کە ژنانی گەرمیان، لە سەنگەری پێشەوەی ئەو ئازار و مەینەتیانەدا بوون، بەڵام ئەوەی ژنی گەرمیانیی بینیبێت، دەزانێت ئازار و سەختی چی دروست دەکات؛ قەڵای ورە و ئازایەتی و شکۆ...
خاتوو ئامینە میوانمانە و وردە وردە قەتماغەی زامە ساڕێژنەبووەکانی لا دەبات و بە دڵی پڕ لە حەسرەوەتەوە مێژووی ژیانێکی پڕ لە تاڵی و سوێری دەگێڕێتەوە، ژیانێک لەگەڵ شەهید حەمەڕەش و لەگەڵ یادەوەری و منداڵەکانی حەمەڕەش؛ ئەو حەمەڕەشەی بووبووە تارمایی رەش بۆ دوژمنان... ئەو حەمەڕەشەی کە بۆ ئەو؛ پێشمەرگە خێزان و خێزان پێشمەرگە بوو...
 
خاتوو ئامینە کێیە؟ کەی و لە کوێ لەدایک بوویت؟
ناوم ئامینە فاتیح حسێنە، ساڵی 1960 لە گوندی دەربەندفەقەرە لە بناری شارەزوور لەدایک بووم. تا ئەو کاتەی هاوسەرگیریم کردووە هەر لەو گوندەدا ژیاوم.
 
کەی هاوسەرگیریت کردووە؟
ساڵی 1983 مانگی شوبات بوو کە محەمەد کەریم عیسا، ناسراو بە (حەمەڕەش) داوای کردم، ئەو کاتە ئێمە بە خێزانی تێکەڵاو بووین، ئامۆزای یەکترین، هەر بۆیە کاتێک داوای کردم، شووم پێ کرد.
 
بۆچی پێی دەوترا حەمەڕەش؟
چونکە پێستی ئەسمەر بوو، ئیتر بووبوو بە نازناو بۆی و هەر پێیان دەوت 
"حەمەڕەش".
 
دوای ئەوەی هاوسەرگیریتان کرد، یەکەم شوێن لە کوێ دەستتان بە ژیانی خێزانی کرد؟
یەکسەر چووینە گوندی خاوێ لە بەری قەراخ، هەتا ساڵی 1984، کاتی مفاوەزاتەکە، هەر لەوێ ماینەوە.
 
ژیانی هاوسەرگیری و تێکەڵاوبوونت بە پێشمەرگایەتی چۆن بوو؟
12 رۆژ بوو هاوسەرگیریم کردبوو، شەڕی پارتی و یەکێتی بوو لە (رەزلە و پاڕەزان) لە ناوچەی بەرزنجە، حەمەڕەش چوو بۆ ئەو شەڕە و منی بەجێهێشت. هەر لەو شەڕەدا بریندار بوو و فیشەکێک بەر دووربینەکەی و دەموچاوی کەوت، بووە هۆی هەڵتەکانی هەموو دەموچاوی، لەوێوە دەبرێت بۆ پاڕەزان بۆ تیمارکردن و دوورینەوەی برینەکەی دەموچاوی، کە 40 تەقەڵ بوو. هەر لەوێدا ژنێک پێی دەڵێت ئەگ دایکت بمرێت، ئەوە بۆ وات لێ هاتووە؟ بەو برینە سەختەوە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: "خۆت بمریت، بۆ دایکم بمرێت، من هاتووم شەهید بم لەپێناو کورد و کوردستان". 
 
وەک بزانیت چەند جار بریندار بووە؟
لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا باسی چەند جارێک برینداربوونی دەکات لە شەڕەکاندا، کە زیاتر لە پێنج جار بریندار بووە، هەروەها باسی شەڕە پارتیزانەکانی دەکات کە چۆن هێزی پێشمەرگەی بردووە بۆ ئەو ناوچانەی کە دەبێت هێرشیان بکرێتە سەر لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە.
 
دوای خاوێ چوونە کوێ؟ 
پاش ئەوەی برینەکەی دەموچاوی باش بوو، لەگەڵ پێشمەرگەیەکی بەناوی (شوانە) گەڕاینەوە بەرەو گوندەکەی خۆیان، کە ماڵی باوکی لێ بوو لە کرپچنە لە ناوچەی سەنگاو، لەوێ دەژیاین تا مفاوەزاتەکە تێک چوو. پێش تێکچوونی مفاوەزاتەکە منداڵێکم بوو و ناوماننا (رۆژان).
 
وەک بزانیت حەمەڕەش بۆچوونی چۆن بوو سەبارەت بە مفاوەزات؟
زۆری پێ خۆش بوو، بەو نیازەی ئیتر دەبنە دەوڵەتی کوردی و دەتوانن داواکاریی گەل و کەسوکاری شەهیدان بەدەست بهێنن.
 
دوای تێکچووی مفاوەزاتەکە چوونە کوێ؟
چووینەوە بۆ خاوێ، لەوێ ژیاین وەک هەموو کەسێکی تری ناو دێکە. 
 
تا کەی لەوێ مانەوە؟ 
تا ساڵی 1985 لەوێ بووین.
 
کاتێک حەمەڕەش لە ماڵ نەبوایە، تۆ چیت دەکرد؟
کاتێک ئەو دەڕۆیشت بۆ جەولە، یان بەرەو سەرکردایەتی، من بەتەنیا دەبووم. بیرمە شەوێک چوار مار لە بنمیچی ژوورەکەماندا دەهاتن و دەچوون، زۆر ترسام، بانگی ماڵی دراوسێیەکمانم کرد کە ناوی حاجی عەبدول بوو، هاتن و مارێکیان کوشت، بەدوایدا مارێکی دیکە دەهاتە دەرەوە تا هەر چوار مارەکەیان کوشت.
 
یارمەتی پێشمەرگەت دەدا؟
بەڵێ، لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەردەوام لەگەڵیان بووم و یارمەتی حەمەڕەشم دەدا، ئەو بە بەردەوامی 15 پێشمەرگەی لەگەڵ بوو، وەک کوڕی ماڵەکە سەیرم دەکردن و خواردنم بۆ دروست دەکردن، بەیەکەوە هەرچییەک هەبوایە دەمانخوارد.
 
چەند منداڵتان هەیە؟
سێ، دوو کچ (رۆژان و کەژوەست) و کوڕێک (کارۆخ). 
 
کەژوەست مانای چی دەگەیەنێت؟
کەژوەست چیایەکە لە ناوچەی قەڵادزێ، لەسەر داوای باوکی (حەمەڕەش) ئەو ناوەم لێ نا. ئەو کاتەی لەدایک بوو (5ی ئایاری 1985)، ئەو لە شەڕ بوو، ئاگای لە لەدایکبوونی نەبوو، بەڵام پێشتر پێی وتم کە ئەگەر منداڵەکە کچ بوو، ئەوا ناوی دەنێین (کەژوەست)، ئەگەر کوڕیش بوو، ئەوا ناوی دەنێین (کارۆخ). کاتێک گەڕایەوە، کەژوەست بووبوو بە سێ مانگ، چونکە ئەو شەڕە زۆری خایاند و گەورەترین شەڕ بوو، کە بە داستانی قەیوان ماوەت بەناوبانگە.
ئەو شەوەی کەژوەست لەدایک بوو، ئێمە چواردەورمان گیرا بوو، لە گوندی هەنارە شەڕ بوو، هێزی پێشمەرگە گەمارۆ درابوون، بەڵام ئازایانە دەربازیان بوو بەبێ هیچ شەهیدێک، بەڵام مەخابن خەڵکی گوندەکە شەهیدیان هەبوو.
 
ئەى کاکە کارۆخ چۆن لەدایک بوو؟
ساڵی 1986 لە سەنگاو شەڕێکی گەورە بوو، هێزی پێشمەرگە لەو شەوەدا لەگەڵ هەموو هێزی مەڵبەند دەیانویست بنکەى پۆلیسی سەنگاو بگرن. من باری تەندروستیم باش نەبوو، لەسەر ژانی منداڵبوون بووم، کە هەر ئەو شەوە لەدایک بوو. کە هەواڵیان هێنا هێزی پێشمەرگە سەنگاویان گرتووە، هەموو ئازار و ترسەکەم بیرچووەوە.
 
ئەو کاتەی کە جینۆسایدی ئەنفال دەستی پێ کرد، ئێوە چیتان کرد؟
دیسان ئەو کاتەش حەمەڕەش لامان نەبوو، نەمدەزانی چی بکەم بە سێ منداڵی بچووکەوە، لەبەر ئەوە هەموو شەوێک هەرسێکیانم دەدا بەکۆڵمدا و بەرەو شاخەکان دەڕۆیشتم، بەڵام دوو خوشکی حەمەڕەشم لە لا بوو و زۆر هاوکارم بوون و فریام دەکەوتن. پێش ئەوەی سوپای عیراق بگەنە لای ئێمە، گوندەکەمان بەجێهێشت، من و منداڵەکان و هێوەرژنەکەم (حەلیمە رەئوف مستەفا) کە هاوسەری مامۆستا جەلالی برای حەمەڕەش بوو، منداڵەکانمان دا بە کۆڵماندا و بەرەو گوندی (پێنج ئەنگوست) رۆیشتین کە هەر لە گەرمیان لە بناری دەلۆیە، سێ شەو لەوێ ماینەوە، سێیەم شەو لە دەرگەیان داین و لە خەو هەڵیانساندین، وتیان جەیش و جاش بە شاخی (ئاش داخ)ەوەن، هەستن بڕۆن. لەو کاتەدا خزمێکمان بەناوی پرسەوە هاتبوون بۆ ئەو گوندە، یارمەتییان داین و خستیانینە سەر ئەو تراکتۆرەی پێیان بوو، ئێمە هەردووکمان منداڵەکانمان زۆر بچووک بوون، هەرچۆنێک بێت جێگەی خۆمان کردەوە. یەکسەر رۆیشتین بەرەو گوندی مەسۆیی. راوەستاین تا هەموو کەسوکارمان (ماڵی باوکم و ماڵە خەزوورانم) گەیشتنە ئەوێ، هەر لەوێ هەموو بەیەکەوە چووین بەرەو گوندی (بنەکە) کە لە گەرمیانی خوارەوەیە. لەوێ ماوەی دوو هەفتەیەک ماینەوە، حەمەڕەش هات و سەرێکی لێ داین، ئەو کاتە کاک شێخ جەعفەری لەگەڵ بوو، هەر لەگەڵ ئەوان رۆیشتین بۆ گوندی هەزارکانی.
 
حەمەڕەش لاتان مایەوە؟
نەخێر، رۆیشت و نەگەڕایەوە بۆ لای ئێمە، چوو بۆ شەڕ. لەو کاتەدا سوپای عیراق لە هەر چوار لای گەرمیانەوە هێرشی کردبوو. 
 
ئەی ئێوە چیتان کرد؟
ئێمە هەر لە گەرمیان بووین (گەرمیانی خوارەوە)، ئیتر بەرەو ناوچەی شاخی (ئاش داخ) کە لە گەرمیانی سەرەوەیە، رۆیشتین. چووینە گوندێک بەناوی قولیجان، خێزانی ماڵی مامۆستا جەلالیش لەگەڵمان بوون و بووینە سێ خێزان. لەو کاتەدا مامۆستا جەلالی برای حەمەڕەش، خێزان و ماڵ و منداڵی خۆی برد، من و منداڵەکان نەڕۆیشتین، وتم هەرچییەک دەبێت با ببێت، چونکە تا حەمەڕەش نەیەتەوە من لێرە ناجووڵێم.
کە لە قولیجان بووین هەندێک هەویرمان شێلا بۆ ئەوەی بیکەین بە نان، بەڵام هێرشەکە نزیک بووەوە و نەمانتوانی نانەکە بکەین، خەسووم تەشتە هەویرەکەی خستە سەر سەری بەرەو گوندی قولیجانی ئەمین قارەمان. لەوێ ماینەوە، هەر ئەو شەوە چووینە سەر تەنووری ماڵێک و هەندێک کولێرەمان کرد، چونکە نەماندەزانی چیمان بەسەر دێت.
بۆ بەیانییش لە مقەڕی پێشمەرگەدا ماینەوە نزیک مەڵبەندەکان هەر لە گەرمیان، وەک ئەشکەوتێک وابوو.
 
خواردنتان چۆن دەستدەکەوت؟
خەڵکی گوندەکە زەخیرەیان بەجێهێشتبوو، لە بناری مەڵبەندەکان کەوتینە چێشتلێنان بۆ هەموو خەڵکەکە، بەڵام هەر لەو کاتەدا حەمەڕەش پێشمەرگەی ناردبوو بەدواماندا کە دەبێت هەر ئێستە ئەو شوێنە جێبهێڵین ئەگینا دەگیرێین. ئیتر رۆیشتین بەرەو ئەشکەوتێک لە گوندی (مامەران).
 
رژێم هێرشی کرد؟
بەڵێ، هەر ئەو شەوە رژێم هێرشێکی گەورەی کرد. هەرچەندە بارانێکی بەلێزمە دەباری، من و دوو خوشک و دایک و باوکی حەمەڕەش، هەریەکەمان منداڵێکمان دا بە کۆڵماندا و رۆیشتین بەرەو گوندی شەلەیی. لە شەلەیی لە ژوورێکدا کۆبووینەوە لەگەڵ خەڵکی گوندەکە، ئەوان ئاڵای سپییان بەرز کردبووەوە بۆ ئەوەی تەسلیمی حکومەت و جەیشەکە ببن، بەڵام ئێمە حەمەڕەش هات بۆ لامان، زۆر درەنگ بوو، بە هاوارکردنی ئەو لەگەڵ خوشکەکەی یەکتریان دۆزییەوە، هات نەیهێشت ئێمەش لەگەڵ خەڵکی گوندەکە تەسلیم ببین. ئێمە (من و خوشکەکانی و دایک و باوکی) دوای کەوتین، بۆ ئەشکەوتێکی زۆر دووری بردین، دەبوایە لەوێ بین تا شوێنێکی باشمان بۆ پەیدا بکات. کە رۆژ بووەوە، خەڵک خۆی تەسلیمی سوپای رژێم دەکرد، ئێمە لە دوورەوە دەمانبینین کە ئەو خەڵکە چۆن لەترسا تەسلیم دەبن. کە تاریک بوو، بڕیارمان دا لە شەقامەکە بپەڕینەوە بەرەو پشتی (بانی مۆرد)، گوندێکە لە بناری شاخی سەرگرمە. 
 
حەمەڕەش چی کرد، لەگەڵ ئێوە مایەوە؟
حەمەڕەش گەڕایەوە ناو هێزی پێشمەرگە بۆ کۆکردنەوەیان، بۆ ئەوەی بڵاو نەبنەوە.
 
لەو کاتەدا زۆربەی ئەو پێشمەرگانەی بەخێزانەوە لە شاخ بوون، خێزانەکانیان دەناردە ئێران، ئێوە بۆ نەڕۆیشتن؟
چونکە حەمەڕەش خەریکی کۆکردنەوەی هێزەکانی 51ی سەرگرمە، 53ی شێروانە و 59ی حەمرین بوو، بۆ ئەوەی رەوانەی ئێرانیان بکات، بەڵام ئێمە ئەو چەند رۆژە هەر لەژێر باراندا ژیاوین بەبێ خواردن.
 
بۆ نەچوونە شوێنێکی باشتر؟
باری تەندروستی و ژیانمان زۆر خراپ بوو، لەبەر ئەوە هەستیان کەوتینە رێ بەرەو پشتی ژاڵە، کە هەر لە شاخی سەگرمەیە، لەوێش لە ئەشکەوتێکدا ماینەوە. بەشێوەیەک ناوچەکە چۆڵ بووبوو، کە فڕۆکە دەهات بەو ناوەدا دەسووڕایەوە، نەیاندەزانی کە هێشتا کەسێک هەبێت لەم ناوچەیە بژی. ئێمە 12 رۆژ لەوێدا ماینەوە، ئێواران کە هەندێک تاریکی دەکرد، لەگەڵ خوشکە بچووکەکەی حەمەڕەش دەچووین ئەو خواردن و زەخیرانەی کە خەڵکی گوندەکە بەجێیان هێشتبوو، دەمانبرد بۆ ئەشکەوتەکە، بۆ ئەوەی لەبرسا نەمرین! کە زۆر تاریک دەبوو ئینجا ئاگرمان دەکردەوە، بە داری زۆر وشک بۆ ئەوەی دووکەڵی کەم بێت، بەهێواشی هەندێک کولێرەمان دەبرژاند و لەگەڵ دوو کتری ئاودا دەبوایە بەشی تا سبەینێ شەومان بکات، چونکە نەماندەتوانی بەڕۆژ بچینە دەرەوەی ئەشکەوتەکە. 
 
حەمەڕەش کەی گەڕایەوە بۆ لای ئێوە؟
دوای ئەوەی هەموو هێزەکانی تیپەکانی کۆ کردەوە و گەیاندنییە ئێران، ئینجا گەڕایەوە لای ئێمە.
 
کە هاتەوە بۆ لاتان چی پێ وتن و چیتان کرد؟
وتی هیچ گوندێک نەماوە و هەمووی چۆڵ کراوە، رژێم ئەو ناوەی چۆڵ کردووە، ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ گەرمیان بۆ ناو ئەشکەوتێکی دیکە لە لای گوندی مامەران. ماوەی پێنج رۆژ لەوێ ماینەوە، لەو کاتەدا خوشکە گەورەکەی (حاجی گەلاوێژ) هەستی کردبوو پیاوخراپێک لەناویاندایە بەناوی (سەڵاح)، وردبینیی بۆ شوێنەکان دەکرد، دیاربوو هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری دەدا پێش تەسلیمبوونەوە، پاشان چوو تەسلیم بووەوە لە کەلار و هەرچی زانیاری هەیە دابووی بە کەسوکارەکەی کە جاش بوون لە کەلار. ئەوەندەی نەبرد هەلیکۆپتەر هاتە ناوچەکە، بەڵام زوو گوێمان لە دەنگی کۆپتەرەکە بوو، زۆر بەخێرایی لەناو ئەو گوندەدا کە ناوی فەقێ مستەفا بوو، خۆمان شاردەوە. کۆپتەرەکە هەروا چەند دەستڕێژێکی کرد بەو ناوەدا، هیچی نەبینی و رۆیشتن، بەڵام ئەوەندەی نەبرد سەڵاح گەڕایەوە بۆ ناومان، وتی: "باری ئاسایشی کەسوکاری پێشمەرگە زۆر خراپە، منیش دایکم و خوشکم هێناوە بۆ لاتان"، بەڵام ئێمە باوەڕمان پێ نەکرد. هەر لەو کاتەدا حەمەڕەش گەڕایەوە، وتی: "ئەوە چی دەکەیت لێرە؟ من هەواڵم پێ گەیشتووە کە مامت لە چەمچەماڵە"، بۆ ئەوەی قسەی لێ دەربهێنێت، پێی وت: "هەواڵیشم پێ گەیشتووە کە تۆ بۆ کوشتنی من هاتوویت"، زۆر پاڕایەوە و گریا کە نەیکوژێت، بەڵام وای لێ کرد بەتەواوی ددان بە تاوانەکەیدا بنێت، هەمووی بۆ حەمەڕەش باس کرد، کە هاتووەتەوە تا حەمەڕەش بکوژێت و ماڵ و منداڵ و ماڵی باوکی تەسلیمی حکومەت بکات. لەگەڵ ئەوەش نەیکوشت، تەنیا چەکی کرد، لەبەر ئەوەی باوک و برای شەهید بوون. 
 
دوای ئەوە لەوێ مانەوە یان رۆیشتن؟
ئینجا هیچ دەروویەکمان نەما، تەنیا ئەوە نەبێت بە رۆژ خۆمان حەشار بدەین و بەشەو بکەوینە رێ بەرەو چەمچەماڵ، کە گەیشتینە نزیک چەمچەماڵ، تراکتۆرێک هاتبوو بۆ ئەوەی هەڵمان بگرێت، کوڕی کەریم ئاغای هەمەوەند بوو، ناوی سوارە بوو، ئێستا نەماوە. لەو کاتەدا منداڵێک رایکرد بەرەو روومان، وتی: "کاکە سوارە مەیانهێنە، چونکە باوکم دەڵێت کەمین هەیە لەسەر شەقامەکە"، بەڵام سوارە وتی: "سەرێکە و هێناومە، نایانگێڕمەوە". کاتژمێر 10ی شەو گەیشتینە ماڵی کەریم ئاغا، کە لە تەنیشت ئۆردووگای شۆڕش بوو. 
تا بەیانی لەوێ ماینەوە، پاشان ئۆتۆمبێلیان بۆ ئامادە کردین و لە ماڵی ئەوان دەرچووین بەرەو سلێمانی. لە سلێمانی چووینە ماڵی شێخ لەتیفی کوڕی شێخ مەحمودی کارێزە، بۆ ئەوەی لە رێگەی شێخ مەحمودی کارێزەوە رەوانەی ئێران بکرێین.
 
دوای ئەوەی گەیشتنە سلێمانی چیتان کرد؟ لەوێ مانەوە یان رۆیشتن بەرەو ئێران؟
 لە رێگەی کوڕێکی ئامۆزای خۆمەوە کە ئەوکات لە حکومەتدا دەستی دەڕۆیشت و ماڵی هەباس ئاغای دەناسی، کە ماڵیان لە سەنگەسەر بوو، ئێمەیان برد بۆ سەنگەسەر، لە ماڵی هەباس ئاغا ماینەوە. 
 
لەوێوە رۆیشتن بەرەو ئێران؟
بەڵێ، لە ماڵی هەباس ئاغا زۆر یارمەتی دراین، جلوبەرگ و خۆراکیان بۆ دابین کردین بۆ ئەوەی لە رێگە تووشی سەرما و برسێتی نەبین. دوو وڵاخی بۆ بەکرێ گرتین لەگەڵ دوو قاچاخچی، وڵاخی بە سەد دیناری سویسری، وڵاخەکان بۆ خەسوو و خەزوورم بوو، بەڵام من و منداڵ و هەردوو دشەکەم (حاجی گەلاوێژ و حاجی سارا) بە پێ کەوتینە رێ بۆ سوورەدێ.
 
بۆچی بۆ سوورەدێ؟
ئێمە ویستمان پشوویەک بدەین لە سوورەدێ، بەڵام هێزی پێشمەرگە زانیاری هەبوو کە رژێم هێرش دەکات. کاک قادری حاجی عەلی چوار وڵاخ و قاچاخچی بۆ بەکرێ گرتین بۆ ئەوەی بمانبەن بەرەو قڕناقە و قاسمەڕەش، کە گەیشتینە قڕناقە و قاسمەڕەش، لەوێ ماینەوە، چونکە بۆردوومانی رژێم هەبوو، بەڵام بۆ بەیانی گەڕاینەوە بۆ سوورەدێ، لەبەر ئەوەی سوپای رژێم پێشی گرتبووین. ئیتر بە قەندیلدا سەرکەوتین بەناو بەفرێکی زۆردا، هەرچەندە مانگی حوزەیران بوو. لە قەندیلەوە بەرەو قاسمەڕەش، خەڵکێکی زۆر بە شاخی قەندیلدا سەردەکەوتن، رێگە زۆر سەخت بوو، ئەوە نەبوو کە منداڵ سواری وڵاخ بکەم. ئامۆزایەکی خەزوورم سەری لێ شێواندین و جیای کردینەوە لە رێگەی خەڵکەکە، زۆر تەنیا بووین لە رێگەکە، زۆر سەختتر بوو بۆمان. لە رێگە لە لای ماڵێکی کۆچەری کە لە دەوارێکدا بوون، لامان دا، زۆر خزمەتیان کردین، پەنیر و نانی گەرمیان داینێ، باش پشوومان دا لایان. ئێمە ویستمان بڕۆین، بەڵام پێیان وتین ئەگەر دەڕۆن بچنە ماڵێکی دەواری دیکە لەپێشتانە، لەوێ لا بدەن، چونکە ئەگەر بڕۆن، هیچ ئاوەدانییەک نابینن و دەفەوتێن. ئیتر ئەو شەوە لەو ماڵە ماینەوە. بۆ بەیانی کەوتینەوە رێ، ماڵە کۆچەرییەکە پێیان وتین: "بۆ کەوتوونەتە ئەم رێگەیە؟ لە زەمانی شاوە کەس بەم رێگەیەدا نەڕۆیشتووە"، هەر واش دەرچوو. ئێرانییەکان تەقەیان لێ کردین و گرتیانین. ئێمەیان بردە گوندێک لەسەر سنوور، خەزوورم و کوڕەکەی ئامۆزایان گرت و جیایان کردنەوە، ئێمەش لە ماڵێک ماینەوە، خاوەنماڵەکە ژنێکی زۆر باش بوو بۆمان. پێی وتین ماڵێک هەیە لە خوارەوە بەناوی ماڵی شێخ سەدرەدین، ئەوکات سەرتیپی تیپێکی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی بوو، زۆر پیاوانە هات بەدەنگمانەوە، ئۆتۆمبێلی نارد بەدواماندا، لەوێ زۆر پشوومان دا و هەموو هاوکارییەکی کردین. یەکسەر بەرگەی بۆ کردین بۆ پەڕینەوە بەرەو ئێران، لە هەمان کاتدا خەزوورم و ئامۆزاکەشی بەر دا و بەرگەی بۆ کردن. بەو بەرگانە چووین بۆ مهاباد و ئەو شەوە لە مهاباد لە ئوتێل ماینەوە.
 
هیچ هەواڵێکی حەمەڕەشتان هەبوو؟
نەخێر، ئەو هەموو ماوەیە ئێمە و حەمەڕەش هیچ ئاگاداری یەکتر نەبووین، نەماندەزانی چی دەگوزەرێت.
 
لە مهاباد مانەوە؟
نەخێر، چووین بەرەو سەقز، هەر لە سەقز بەهۆی ئەوەی هێزی پێشمەرگە لەوێ هەبوو، هەمووی بەرەوپیرمان هاتن، زۆر بەخێرایی ماڵێکیان بۆ بەکرێ گرتین، هەر لەسەر زەوییە رەقەکە ماینەوە تا چوون پارچە کومبارێکیان بۆ کڕین لەگەڵ هەندێک پێداویستیی سەرەتایی بۆ ئەوەی بتوانین وردە وردە بکەوینە سەر پێی خۆمان. 
 
لە سەقز زۆر مانەوە؟
شەش مانگ ماینەوە. 
 
هیچ کەسوکارێکی ترتان بینی لەوێ؟
هەر لەو کاتەی کە لە ماڵێکی سەقز بووین، سێیەم رۆژمان بوو، شێخ جەلال (مامۆستا جەلالی برای شەهید حەمەڕەش) خێزانەکەی نارد بۆ لامان، کە بەئاسانی هێنابوونی، چونکە لە رێگەی کۆمەڵە و دیموکراتی ئێرانەوە گەیەنرابوون، بەڵام ئێمە بە 13 رۆژ گەیشتینە ئێران، دوای ئەو هەموو ماندوێتی و برسێتییە زۆرەی کە بینیمان.
 
دوای ئەوە چوونە کوێ؟
پاش ئەو شەش مانگە، کۆمەڵێکی زۆر لە ماڵە پێشمەرگە و کەسوکارەکانمان چووین بۆ کانی دینار لە نزیک قەڵای مەریوان، لەوێ نیشتەجێ بووین. 
لە رێگە ئۆتۆمبێلەکەمان وەرگەڕا، تووشی برینداری و ترسێکی زۆر بووین، کوڕەکەم لە جامی ئۆتۆمبێلەکەوە پەڕی و بریندار بوو.
 
ئەو ماوەیەی لە ئێران بوون، حەمەڕەش هات بۆ لاتان؟
لە ساڵی 1989 هات بۆ لامان بۆ ئێران، ماوەیەکی باش لامان بوو، هەرچەندە هەر لە قاسمەڕەش دەمایەوە لە سەرکردایەتی، چونکە بە پێشمەرگە پلە یەکەکان دادەنرا. ئەو یەکێک بوو لە پێشمەرگە هەرە ئازا و بەجەرگەکان، هەموو کاتێک ئامادە بوو لەپێناو کورد و کوردستان گیانی ببەخشێت.
 
تا کەی بەو جۆرە مایەوە؟
لە مانگی تشرینی دووەمی 1990 بە پارتیزانی هاتەوە بەرەو کوردستان باشوور.
 
ئەى ئێوە کەی گەڕانەوە؟
دوای راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991.
 
کە هەواڵی راپەڕینتان بیست، چیتان کرد؟
ئێمە چاوەڕێی هاتنەوەی حەمەڕەش بووین بۆ لامان، بۆ ئەوەی بزانین چیمان پێ دەڵێت و چی بکەین. ئیتر کە راپەڕین دەستی پێ کرد، پروپاگەندەی زۆر دەکرا دەربارەی نەمانی خەڵک و پێشمەرگە بە کیمیاباران و کوشتن، ئێمەش هاتینە مەریوان، هەموومان سۆراخی هەواڵێکیمان دەکرد. کاک مەسعودێک دراوسێمان بوو، هات بەدواماندا وتی: "ماڵە بەرپرسەکان دەنێرنە باشووری ئێران". تومەز هەواڵی شەهیدبوونی حەمەڕەشیان بیستبوو.
 
ئێوە کەی هەواڵی شەهیدبوونیتان پێ گەیشت؟
ئێمە گەڕاینەوە کانی دینار، بینیم هەموو شتێک ئامادە کراوە هەتا منداڵەکانیشم خراونەتە ئۆتۆمبێلەوە و خەڵکێکی زۆر کۆ بووبوونەوە لە دەوری ماڵمان. ئەو کاتەی کە من گەیشتم، دوو رۆژ بوو شەهید بووبوو. باوەشم کرد بە قاچی پاسدارەکاندا و دەموت چی بووە پێم بڵێن، پێیان وتم مامۆستا جەلالی برای هاتووە و حەز دەکات منداڵەکان ببینێت، بەڵام ئێمە هەر باوەڕمان بەو قسانە نەدەکرد و دڵم خەبەری دابوو!
کاتێک ئێمە گەیشتینە مەرزەکە، ئۆتۆمبێلەکە بەجێیهێشتبووین، چونکە درەنگ گەیشتین، ناچار گەڕاینەوە بۆ مەریوان بۆ ماڵی مامۆستا عوسمان، ئەو شەوە لەوێ بووین. بەیانی هاتینەوە بۆ مەرزەکە و بە پشتی پیکابێک هاتینەوە بەرەو سلێمانی، لە لۆفەکانی گۆخڵان سواری ئۆتۆمبێل بووین و چووین بۆ ماڵی باوکم. 
ئەوکات سێیەم رۆژی شەهیدبوونی بوو، بەڵام بە منیان وت بریندارە. زۆر دڵخۆش بووم بە برینداربوون، بەڵام کە چوومە ژوورەوە هەموو شتێک تەواو بوو، خۆم خستە قوڕێکی زۆر لەو ناوەدا، زۆر ئازاری خۆم دا، بەڵام بەداخەوە هیچم لێ نەهات.
 
زانیت چۆن شەهید کراوە؟
حەمەڕەش سەرپەرشتی شەڕی ئازادکردنی کفری دەکرد و رزگاری کرد، دواتر خۆی ناگرێت، دەڵێت دەچم بۆ لای هاوڕێکانم، دەچێت بۆ لای کاک عوسمانی حاجی مەحمود لە بەرەی دوزخورماتوو شەڕیان بۆ بکات. لەکاتێکدا رێککەوتن هەیە لەگەڵ موجاهدین کە تەقە لە یەکتر نەکەن، بەڵام ناپاکانە و خیانەتکارانە بە هاوەنی ئەوان زۆر بەسەختی بریندار دەبێت و لە قسە دەکەوێت، بەبرینداری بەرەو سلێمانی دەیهێنن، لە رێگەش دەکەونە کەمینیانەوە، ناچار فڕێی دەدەنە ناو پوشوپەڵاشەوە تا کەمینەکە دەڕوات، بەڵام کە دەچن دەریبهێنن، بەداخەوە شەهید بووە.
 
ئەو کاتەی شەهید کرا، پلەکەی چی بوو؟
فەرماندەی تیپی 53ی شێروانە بوو، بەهۆی ئازایەتی و نەبەردییەوە پلەکەی بەرز کرایەوە بۆ فەرماندەی پارتیزانانی گەرمیان.
 
دوای گەڕانەوەتان و شەهیدبوونی حەمەڕەش، گوزەران و بژێویتان چۆن بوو؟
هیچ هیچمان نەبوو، تەنیا ئەوەی لە هەولێر لە مەکتەبی دارایی یەکێتی شەش سەد دیناری سویسریمان بۆ دەهات. دوای ئەوە لە سکرتاریەتی بەڕێز مام جەلال کۆمەکی بۆ شەهیدان بە بڕی هەزار دینار سویسری بڕیبووەوە، ئەوەشمان بۆ دەهات تا پارەکە گۆڕا بەم تازەیە. کاتێک پارەکە گۆڕا، مووچەکەی بوو بە 750 هەزار دینار، من وەرمنەدەگرت، چونکە بەشی هیچی نەدەکردین. پێم وتن حەمەڕەشتان بە پۆلیس داناوە تا ئەو مووچەیەی بۆ ببڕنەوە! پاشان ناسنامەیەکیان بۆ کردین بۆ نزیکەی 18 شەهیدی ئەو کاتە، مووچەکەیان بۆ باش کردین. 
 
باسی خوێندنی منداڵەکانتانم بۆ بکە، چۆن خوێندیان و چییان تەواو کردووە؟
کاتێک رۆژانی کچم خستە خوێندنگە، وەریان نەدەگرت، لەبەر ئەوەی ناسنامەمان نەبوو، هێشتا لە ئێران بووین. یەکەم جار بە گوێگر وەرگیرا، کە گەڕاینەوە، لەبەر ئەوەی زیرەک بوو، لێرە تاقیکردنەوەیان بۆ کرد و بەباشی دەرچوو، چووە پۆلی دووەمی سەرەتایی، بەو جۆرە بەردەوام بوو لە خوێندن تا گەیشتە کۆلێژی یاسا و لە سلێمانی تەواوی کردووە.
 
وەک ئاشکرایە رۆژان خان بوو بە پەرلەمانتار، دوای کاری پەرلەمانتاری ئێستا چی دەکات؟
هەر کاری سیاسی و حزبی دەکات و مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتارییشی هەیە.
 
کەژوەست خان چی تەواو کردووە و کاری چی دەکات؟
لە سلێمانی چووە بەر خوێندن و کۆلێژی پزیشکیی تەواو کردووە، ئێستا پزیشکە.
 
ئەی کاکە کارۆخ؟
کارۆخیش کۆلێژی کشتوکاڵی خوێندووە، بەڵام بەدڵی نەبوو، هەوڵی دا زیاتر بخوێنێت، چووەوە کۆلێژی یاسا و تەواوی کرد، ئێستا ئەندامی مەکتەبی شەهیدانی یەکێتییە.


*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) بە هاوکاریی (چیمەن عەبدولرەحمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan