ئابووری

مەلا یاسین: سەدان ملیۆن دۆلار لە داهاتی هاوڵاتیان كەم دەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەلا یاسین: سەدان ملیۆن دۆلار لە داهاتی هاوڵاتیان كەم دەكات

مەودا میدیا-

بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا و قەدەغەكردنی هاتنی گەشتیار و هاوڵاتی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان ئەمساڵ خاوەن پرۆژە گەشتیارییەكان و خاوەنكار و هۆتێل و دوكاندارەكان بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار كاریان كەمدەبێتەوە.

مەلا یاسین مەحموود، سەرمایەدارو وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمساڵ هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو نەخۆشییەی كەبڵاوبووەتەوە و رێكاری تایبەت گیراوەتەبەر و هاتن و چون و گەشتەكان و هاتنی گەشتیار و هاوڵاتی بیانی بۆ ناوخۆی هەرێم راگیراوە، زیانی ئابووری بەردەكەوێت".

ئاماژەی بەوەشكرد "لە ساڵانی رابردوو لە مانگی ئادار و نیسان زۆرترین گەشتیار دەهاتە هەرێمی كوردستان و بەسەر ناوچەكان دابەش دەكرا، ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی كە داهات و پارەیەكی زۆر بێتە ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە ئەو پارەیەش راستەوخۆ دەرۆشتە گیرفانی هاوڵاتیان و خاوەن كارو ناوچە گەشتیارییەكان و هۆتێل و دوكاندارەكان".

ئەوەشی خستەڕوو "داهاتی ساڵانی رابردوو تەنیا هی گەشتیار سەدان ملیۆن دۆلار بووه، بەڵام ئەمساڵ ئەو داهاتە دەكرێت نەبێت ئەگەر ئەو نەخۆشیە بەردەوام بێت، ئەوەش لە رووی ئابووریەوە كاریگەری لەسەر خاوەن كارەكان و هۆتێل و ناوچە گەشتیارییەكان دەبێت".

مەلا یاسین هەروەها وتی "بە سەرمایەی 10 ملیار دۆلار پرۆژەی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان دروستكراوە ئەمساڵ بەهۆی ئەو دۆخەوە هەمووی لە زیاندا دەبێت، زیانەكەش بۆ ئەوانەیە كە پێشتر كەسانێك لەوێ كاریان دەكرد و بژێویان لەسەر هاتنی گەشتیار بوو ئەمساڵ ئەو كارەیان نابێت".
Qaiwan
Qaiwan