کوردستانی
قوباد تاڵەبانی و پلاسخارت: هەنگاوی باش نراوە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی بنەڕەتی هەموو کێشەکان
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهدا میدیا-
قوباد تاڵەبانی و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان له كۆبوونهوهىهكدا، جەختیان کردەوە، لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی هەموو کێشەکان و بە تایبەتیش کێشە داراییەکان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی کرد لە جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە 3ى نیسانی 2024 لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، ستایشی جێنین پلاسخارتی کرد لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عیراق و ئاماژەی بەوەشدا، کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەم هەوڵانە کاریگەری هەبووە لەسەر سەقامگیری عیراق و هێورکردنەوەی زۆرێک لە بارگژییە سیاسییەکان.
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە، لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی هەموو کێشەکان و بە تایبەتیش کێشە داراییەکان کە لەئێستادا هەنگاوی باش نراوە بەو ئاڕاستەیە.
پ ح ع