کوردستانی
هاتوچۆی سەرجەم بارهەڵگرەکان قهدهغهكرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
بەمەبەستی سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان و گهشتیاران، هاتوچۆی دەربەندیخان بڕیاریدا به قهدهغهكردنى هاتوچۆی سەرجەم بارهەڵگرەکان له رۆژانى ههینى له بهیانییهوه تاوهكو ئێوارە.
له راگەیەندراوێکدا كه ئەمرۆ هەینی 10ى ئایارى 2024، بڵاوكراوهتهوه، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی دەربەندیخان رایگهیاندووه "بەمەبەستی پاراستنی گیانی شۆفێران و هاوڵاتییان ئەو سەیرانگایانەی کە دەکەونە سەر رێگاکان هاتوچۆی بارهەڵگر تێیدا قەدەغەدەکرێت".
راشیگهیاندووه "بڕیارەکە لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوامی دەبێت و هەر شۆفێرێکیش پابەند نەبێت دەست بەسەر بارهەڵگرەکانیاندا دەگیرێت".
ئهوهش هاتووه "سەرجەم ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی ناوچە گەتشتیارییەکانی سنووری هەڵەبجە - دەربەندینخان دەکەن، بەمەبەستی پاراستی گیانیان لە نزیک رێگاکانەوە دانەنیشن کە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی مەترسی بۆ سەر گیانیان".
ئهمه له كاتێكدایه، پێشتر هاتوچۆى سلێمانیش ههمان بڕیاریدهركردووه و رایگهیاند "لە رۆژانى هەینی هاتوچۆى ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر لە بەیانییەوە تا ئێوارە لە چەند رێگایەک قەدەغەدەکرێن و هەر شۆفێری بارهەڵگریکیش پابەند نەبێت دەستبەسەر بارهەڵگرەکەیدا دەگیرێت".
رێگا قەدەغە كراوهكان بۆ هاتوچۆی بارهەڵگرەکان له رۆژانی هەینیدا
رێگای دوکان ـ سلێمانی.
رێگای قەرەداغ – سلێمانی .
شەقامی هەواری شار بۆ تونێلی پێشڕەو.
رێگای سەرجەم ئەو سەیرانگایانەی لە سنووری شارەزووردان بە رووی بارهەڵگرەکاندا قەدەغەکراون.
پ ح ع