چاوپێكەوتن

سامیە عەزیز: من رەگەزنامەی ئەو خاکەم هەیە کە خوێنی براکەمی تێدا رژاوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سامیە عەزیز: من رەگەزنامەی ئەو خاکەم هەیە کە خوێنی براکەمی تێدا رژاوە
مەودا میدیا- بەشی دووەم و کۆتایی

جینۆساید؛ تەنیا کوشتنی بێتاوانەکان نییە لە کات و ساتێکی دیاریکراودا، بەڵکوو کردەیەکی پلانبۆدانراوی فرەڕەهەندە، ئامانج لێی پاکتاوی رەگەزییە لە رووی زمان، کولتوور و شوناسەوە... ئاسەوارەکانی بۆ هەتاهەتایە دەمێننەوە و دەبنە پەڵەیەکی رەش بە نێوچەوانی ئەنجامدەرانییەوە. ئازارەکانی دەبنە هاودەمی هەمیشەیی قوربانییەکان و بە رۆحدا رۆ دەچن و سەختە گوزارشتیان لێ بکرێت.
لە بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەماندا، خاتوو سامیە، باسی سەردەم و قۆناغێکی ژیانی کوردە فەیلییەکانی بۆ کردین، قۆناغێک لە ژیانێکی ئاسایی و پێکەوەیی و بەختەوەرانەوە لە سایەی دەمارگیریی نەتەوەپەرستی و بە بڕیارێکی شۆڤێنیانە، بە گرتن و دەربەدەرکردن و کوشتن و بێسەروشوێنکردن کۆتایی دێت.
لەم بەشەی چاوپێکەوتنەکەماندا، باس لە سەردەم و قۆناغێکی تر دەکەین، قۆناغێک بە رووخانی ئەو رژێمە دەست پێ دەکات کە جینۆسایدی کردن، بە ئومێد و هیوایەکی زۆرەوە بۆ ژیانێکی نوێ، بۆ ئایندەیەکی گەش و جیاواز دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەنجامەکەی؛ بێهیوابوونە لە بەرانبەر بێباکیی دەسەڵاتداران لەو تاوانانەی دەرحەقیان کراوە.
عیراقی سەردەمی بەعس، جینۆسایدی کردن و عیراقی نوێش، پشتگوێی خستوون و بێدەربەستە بەرانبەر ساڕێژکردنی زامەکانیان. ئێستاش هەمان یاساکانی (ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش)ی بەعس بەرقەرارە و بە هەمان ئەو یاسایانە رێگری دەکرێت لە قەرەبووکردنەوە و گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکانیان. 
 
ئێوە تا کەی لە سووریا مانەوە؟ 
پاسپۆرتەکەمان لە سووریا وادەی تەواو بوو، بەناچاری بووین بە پەناهەندە لە دانیمارک، شەش مانگ لە سووریا دەبووین و شەش مانگ لە دانیمارک. لە دانیمارک یەکسەر ئێمەیان خانەنشین کرد، وتمان خۆ لای ئێوە هیچ کارمان نەکردووە، چۆن خانەنشینمان دەکەن؟ پێیان وتم تۆ کەسێکی مرۆڤدۆستی و لە وڵاتەکەی خۆت کارت کردووە، بۆیە مافی خۆتە ئێستا خانەنشین بکرێیت.
 
ئەو کاتەی ئەمەریکا لە 2003 هێرشی بۆ سەر عیراق دەست پێ کرد، ئێوە لە کوێ بوون؟ 
لەو کاتەدا گەڕابووینەوە سووریا، هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر عیراق دەستی پێ کرد و دڵخۆش بووین کە سەدام نامێنێت. وتم هەر سەدام بڕووخێت یەکەم کەس من دەگەڕێمەوە و دەچم نزار دەدۆزمەوە، هەروەها سێ براکەی سەعدونیش کە دەستبەسەرن، دەیاندۆزمەوە و دەیانبەمە دانیمارک، رەنگە ئێستا دەیان نەخۆشییان تووش بووبێت.
 
کەی گەڕایتەوە بۆ عیراق؟ 
لە 26ی نیسانی 2003 گەڕامەوە بۆ عیراق.
 
کە گەڕایتەوە سەرەتا چیت کرد؟ 
 کەوتمە گەڕان لەناو زیندانەکان و نەخۆشخانەکان، تەنانەت نەخۆشخانە دەروونییەکانیش، چونکە وتیان هەندێک لە گەنجان تووشی نەخۆشیی دەروونیی بوون بەهۆی ئەشکەنجەدانیان. چووم بۆ لای بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی، وتم: "دەمەوێت سەیری تۆمارەکانتان بکەم، دەزانم ئێوە کاتتان نییە، چونکە کوڕەکانمان لە سەردەمی سەدام دەستبەسەر کرابوون، بەڵکوو ناوی یەکێکیان بدۆزینەوە." وتی: "تۆماری چی؟ ئەوانەی لە ئەمنی عامەوە دەیانهێنان ژمارەیەکیان ناوی راستەقینەیان لە سەرۆکایەتی کۆمارە، ژمارەیەکیشیان لای ئێمە خۆمان ناوێکمان بۆ دیاری دەکردن، بۆ نموونە؛ نزار عەزیز کە دەیانهێنا بۆ لای ئێمە، با بڵێین ژمارە 1234مان پێ دەدا و ئێمە ناوێکی وەک محەمەد، عومەر، کازم یان هەر ناوێکی ترمان لێ دەنا و ئەو ناوەش دەبووە ناوی نەخۆشەکە لە نەخۆشخانە." پێم وت: "براکەم زۆر جیاواز بوو، باڵای 198سم بوو، کوڕێکی کاڵە و سپییە، تەنانەت ئەگەر بە تەمەنیش گەورە بووبێت، هەر دەیناسمەوە." باوەڕ بکە قاوش بە قاوش دەگەڕام بەدوای براکانی سەعدون و براکەی خۆمدا.
دواتر چووم بۆ سەربازگەی رەشید، زیندانی فزەیلیە، نوگرەسەلمان و هەموو تۆمارەکانمان سەیر دەکرد، هیچمان نەدۆزییەوە. ئیتر بێهیوا بووین و وتمان با بچین بزانین ماڵەکانمان چییان بەسەر هاتووە. ماڵێکمان کردەوە دەبینین چەندین فەردە بەڵگەنامەی تێدایە، کە تایبەت بوون بە رژێمی سەدام حسێن. کارەبا نەبوو، سەرەتای کەوتنی رژێم بوو، بە شەو لەژێر رۆشنایی مۆمدا دەمانکردنەوە و دەمانخوێندنەوە، لەپڕ نامەیەکمان دۆزییەوە کە تەها یاسین رەمەزان بۆ سەدامی ناردبوو، نووسرابوو: کۆمەڵێک لە گەنجەکان لە سێدارە دران، کە مەزەندە دەکرا سەر بە حزبی دەعوەی عەمیل بووبن، بەڵام دەرچوو ئەمانە تەبەعیەی ئێران بوون، ئەمرتان بە چییە؟ سەدام لە وەڵامدا دەڵێت: بنووسن ئەمانە لە کاتی ئەرکەکانیاندا مردوون و بۆ هەر خێزانێکیشیان ئەگەر مابن و لێرەن، 450 دیناریان بۆ خەرج بکەن و کەسوکارەکانیشیان تەسفیر بکەن و کوڕەکانیان دەستبەسەر بکەن. 
 
ئەو نووسراو و بەڵگانەی دەتاندۆزینەوە، چیتان لێ دەکردن؟ 
لە گەڕانەکەماندا دوو فایل ناوم دۆزییەوە و بردم بۆ حەمید نەورۆز لە سوید، سەرۆکی رێکخراوێک بوو بەناوی ئەنجومەنی کوردی فەیلی، نیشانم دا، کردمان بە چەند سندوقێک، هەندێکمان دا بە یەکێتی و هەندێکیش بە پارتی. ئەوانەی یەکێتی دامان بە سەعدون فەیلی و لە لای ئەوان وەک ئەمانەت داماننا، کاتێک دادگەییەکە دەستی پێ کرد، دەمبردن بۆ حاکم رەئوف. حاکم رەئوف وتی: "ئەمەریکییەکان  10 تەن بەڵگەیان برد و کورد 10 تەن، ئەوە تۆش چەندت هێناوە." وتم: "ئەوە من پێنج ساڵە بەدوای بەڵگەدا دەگەڕێم تاکوو ئەمانەم کۆ کردووەتەوە." لە کاتی دادگەییدا هەر قسەیەکم بکردایە، بەڵگەیەکم بۆ دەردەهێنا، بۆ نموونە؛ ناسنامەیەکی دایکی سەعدون کە لە ساڵی 1910 دەرچووبوو، پێش دروستبوونی دەوڵەتی عیراق، لە ساڵی 1980 بە ئێرانی لەقەڵەمیان دابوو. هەروەها بەردەوام هاوکاریی حاکم محەمەد عورێبیشم دەکرد بە هەموو جۆرە بەڵگەیەک. باوەڕ بکە کاتێک لە دادگە قسەکانم لە دادگەیی سەدامدا تەواو کرد، وەک سکاڵاکارێک چووم بۆ لای نووسینگەی حاکم رەئوف، لە جێگەی خۆی هەڵسا و سەری ماچ کردم.
 
چۆن شایەتحاڵ و سکاڵاکەرەکانت بۆ دادگە ئامادە دەکرد؟ 
ئەو کەسانەی سکاڵایان هەبوو، هەموویانم لە ماڵی خۆم کۆ کردنەوە و بابەت و بەڵگەکانیانم کۆ دەکردەوە، داواکاری گشتیم دەهێنایە ماڵەوە لە کاتی ئامادەبوونی شایەتەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەران، هەرچی پەیوەندی هەبوایە کۆم دەکردنەوە. ماڵەکەم جێگەی نەمابوو، وەک شوێنی کاری لێ هاتبوو. زۆربەشیان لە ماڵی ئێمە دەمانەوە. 
ئەمانە هەمووی بۆ دادگە بوو تا بڕیارەکەمان وەرگرت بە کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەپێی بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکانی عیراق. ئەم دادگەیە کەسانی نێودەوڵەتی تێدا بوو، بەڵام بەپێی یاسا، قازی و دادوەر و پارێزەرەکان هەموویان عیراقی بوون. گرنگ ئەوە بوو بڕیارەکەمان وەرگرت. 
 
پرسی قەرەبووکردنەوەتان لە بڕیارەکەدا بە چی گەیشت؟ 
لە لاپەڕەى چوارەمی بڕیارەکەدا نووسرابوو: زیانلێکەوتووەکان بچن بۆ دادگەی شارستانی و داوای قەرەبوو بکەنەوە بۆ ئەو کەیسانەی کە لە بڕیارەکەدا هاتووە. 
ئێمەش چووین بۆ دادگەکە، لەوێ وتیان ئێمە لە یاسای 111/1969 شتێکمان نییە بەناوی کۆمەڵکوژی.
 
لەوبارەیەوە چیت کرد؟ 
دوای ئەوە هەموو رۆژێک دەچوومە پەرلەمان و سەردانی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی یاسایی و ئەو لیژنانەم دەرکرد کە پەیوەندیدار بوون بەو بابەتەوە، دەموت تکایە ئەو بڕگەیە بخەنە سەر یاساکە بەناوی کۆمەڵکوژی، مەرج نییە کۆمەڵکوژی هەر بۆ کوردی فەیلی بێت، ئەوە هەڵەبجە، بارزانییەکان، حزبی دەعوە، کیمیاوی و ئەنفال هەمووی دەگرێتەوە، باشە بۆ ئەمە ناکەن؟ تا ئەمڕۆش ئەمە هەر بەردەوامە و سکاڵاکانیشمان هەر بەردەوامە. دەبێت گۆڕانکاری لە یاسای تاوانەکاندا بکرێت، لەگەڵ ئەوەی گۆڕانکاری کراوە، بەڵام ئەم بڕگەیە چارەسەر نەکراوە.
 
تەنانەت ئەو کاتەی کە خۆشت ئەندامی پەرلەمان بوویت، هەر هیچت بۆ نەکرا؟ 
دنیام سەروبن کرد، کەس گوێی بۆ نەگرتم، وەک ئەوەی من چووبمە پەرلەمان بەس بۆ ئەوەی ناوێکم هەبێت. بەو خوایەی لەسەر سەرمانە، تا ئەمڕۆش هەموو رۆژێک ئازار دەچێژم کە نەمتوانی ئەو کێشانە چارەسەر بکەم.
 
ئەى سەبارەت بە ماڵ و موڵکەکانتان چیتان کرد؟ 
کاتێک دوای رووخانی سەدام حسێن گەڕامەوە، بە خۆم و چەند گەنجێکەوە کە 14 کەسی چەکدار بوون، چوومە سەر ئەو ماڵەی لە خانووەکەماندا بوون. لەوێ وتی: "دایکت ئەم خانووەی بە دیاری داومەتێ." منیش پێم وت: "بۆ دایکم عەشیقەت بووە تا کاری وا بکات، لەسەر چ بنەمایەک خانووت بەدیاری دەداتێ، کە رووبەرەکەی 755م2یە و لەسەر شەقامیشە." ئینجا وتی: "من کوڕەکەم لە حەوشەی ماڵی ئێوەدا کوژراوە، دەبێت قەرەبوو بکرێمەوە." منیش وتم بۆ ئێمە کوشتوومانە، ئەمە تۆڵەی خوایە، تۆ پارەت لە کوڕەکەمان بڕی، بۆیە خوا ئەمەی بەسەرتان هێناوە. ئیتر پێم وت: "دوو رۆژ مۆڵەتت دەدەمێ، دەڕۆیت بڕۆ، ناڕۆیت دەتدەم بە دادگە و پێیان دەڵێم ماوەی 23 ساڵ تۆ کرێت بە ئێمە نەداوە." وتی: "مۆڵەتی یەک حەفتەم بدەنێ." وتم: "تەنیا دوو رۆژ." بەو دوو رۆژە نە بۆری، نە دەرگا، نە پەنجەرە، هیچی بە ماڵەکەوە نەهێشتبوو، هەمووی لێ کردبووەوە.
 
دوای ئەوەی خانووەکەتان وەرگرتەوە، چیتان لێ کرد؟ 
دوای دوو رۆژ خانووەکەمان وەرگرتەوە، چاکمان کردەوە و بێ بەرانبەر دامان بە رێکخراوی (ئەنجومەنی گشتیی کوردی فەیلی). ئەم ئەنجومەنە لقی لە زۆربەی وڵاتاندا هەبوو، من بەرپرسی نووسینگەی عیراق بووم. لەوێوە چالاکییەکانم دەستی پێ کرد بۆ ئەو رێکخراوە، بەتایبەت لەگەڵ ئەمەریکییەکان.
 
لەگەڵ ئەمەریکییەکان چ کارێکتان پێکەوە دەکرد؟
بنکەی ئەمەریکییەکان لەوبەری شەقامی قەنات بوو، دوو کەس هاتن بنکەی مووشەکیان لای ئێمە دامەزراند، لەوێوە مووشەکەکانیان دەهاویشت. ئێمە نەماندەزانی بۆ کوێی دەهاون، ئەمە کاتژمێر 5ی بەیانی بوو. منیش یەکسەر چووم بۆ لای د. خەسرەو، بەرپرسی ئاسایشی یەکێتی بوو، بۆم گێڕایەوە حاڵەتەکەمان چۆنە. وتی: "باشە ئەم بابەتە بۆ من بەجێ بهێڵە." گەڕامەوە بۆ ئەنجومەن و ئەمەریکییەکان هاتن بە خۆیان و زرێپۆشەکانیانەوە، وتیان: "شوێنەکەمان نیشان بدەن"، کوڕەکان بۆیان دەستنیشان کردن. وتیان: "بۆ بە پۆلیستان نەوت؟" وتمان چۆن بە پۆلیس بڵێین، پۆلیسەکان هەموویان سەر بە سەدامن، کێ دەڵێت ئەوان خۆیان پۆلیس نین، دەترسام لە خۆمان بدەن. 
ئەوسا (2003)، هیچ جۆرە تەلەفۆنێک نەمابوو تا پەیوەندی بکەین. وتیان: باشە، پێشنیارت چییە؟ وتم: کوڕەکانمان لە ئاسایشی نیشتمانی دابمەزرێنن تا بمانپارێزن، ئەگەر شتێک بوو ئەوان پێتان دەڵێن. وتی: باشە. ئیتر ئەم گەنجانە بە کوڕ و کچەوە دەهاتن، ئەوانەی دەیانویست کار بکەن لە ئاسایشی نیشتمانی، ریز دەبوون و منیش لیستم بۆ دەکردن بە هەموو زانیارییە پێویستەکان، ئێواران دەچوومە بارەگاکەیان و ناوەکانم بۆ دەبردن. رۆژی دوای ئەوە دەیانوت با بێن. وەرگرتن مەرجی قورسی تێدا بوو، ئەوەشمان رەچاو دەکرد. هەموویانم دەبردە لای ئەمەریکییەکان و قسەکانیشیانم بۆ زمانی ئینگلیزی وەردەگێڕا، ئیتر ژمارەیەکی زۆریان دامەزراند.
 
ئەوانەی داتاندەمەزراندن، تەنیا کورد بوون؟
هەموویان کورد بوون، بەڵام جارێکیان ئێمە کوڕ و کچەکانمان دەبرد بۆ لای ئەمەریکییەکان، کوڕێکی عەرەب رێگەی پێ گرتین و زۆر پاڕایەوە و وتی: "من زۆر بێکەس و بێکارم، تکایە منیش ببەن." وتم: "ئێمە رێکخراوێکی کوردیین." وتی: "دەبم بە کورد." بەزەییم پێدا هاتەوە، بردم، دواتر دامەزرا. 
 
هەڵوێستی چۆن بوو کە ئەوەت لەگەڵ کرد؟ 
جارێکیان لە شەقامی سەر رێگەی جەمیلە، رێگەکە گیرابوو، ئەو کوڕە وەستابوو، بووبوو بە بەرپرسی هاتوچۆی ئەو ناوە. کوڕەکان وتبوویان دەمانەوێت لێرەوە تێبپەڕین بۆ رێکخراوەکەمان. پرسیبووی کێن؟ وتبوویان رێکخراوی سامیە. ئیتر وتبووی سەلامتان بۆ دەکەم و بەڕێتان دەکەم. کارئاسانیی زۆری بۆ دەکردین.
 
با بچینەوە سەر باسی وەرگرتنەوەی خانووەکان، بەفەرمی وەرتانگرتنەوە؟
دوای ماوەیەک کاروباری گەڕاندنەوەی ئەم خانووەمان تەواو بوو، لە داواکاری گشتیی موڵک و ماڵ، خانووەکەمان بۆ گەڕایەوە.
 
خانوویەکتان دا بە رێکخراوەکەتان، ئەوی دیکەتان چی لێ کرد؟ 
 کەسوکار وتیان بیفرۆشە باشە، نازانین دنیا چی بەسەر دێت، چونکە هێشتا سەدام مابوو. ئەو خانووەمان، ئەوەی جەمیلە، فرۆشتمان، تەنیا خانووی ئەعزەمیە مابوو.
 
هەستت دەکرد مافی خۆتان وەرگرتووەتەوە، مەبەستم وەک موڵک و ماڵە؟ 
بەدڵنیاییەوە نەخێر، جارێ دەوروبەری ئەم خانووە، ماڵە بەعسیی زۆر لێ بوو، هەرکەس دەهات بۆ کڕینی، ئەوانە دەیانوت ئەمە خانووی کوردی فەیلییە و کێشەی زۆری لەسەرە. دەیانویست نرخی خانووەکە بشکێنن، بەڕاستییش وای لێ هات. نرخی یەک مەتر بە سێ هەزار دۆلار بوو، بوو بە هەزار دۆلار. هەر ئەو ماڵە پڕ بوو لە کەلوپەلی گرانبەها کاتێک دەستیان بەسەردا گرت، ئەوەی دایان پێمان وەک قەرەبوو، شەش هەزار دۆلار بوو، کە نرخی یەک فەرشیش نەدەبوو.
خۆزگە دەزانیت ماڵەکەی ئەعزەمیە چی تێدا بوو لە کەلوپەلی گرانبەها، کەچی لە راپۆرتەکەدا بەو هەموو فەرشە ناوازەیەیان وتووە مۆکێت. ئەو هەموو ئاڵتوون و توحوفیاتانەی کە دزران. لە بەرانبەردا بە هەشت ملیۆن قەرەبوو کرامەوە، کە ئەوسا دەیکردە شەش هەزار دۆلار. منیش رقم هەڵسا وەرمنەگرت.
 
بۆچی بەو شێوەیەی لێ هات؟ 
لە راپۆرتی عەقاراتی دەوڵەت هیچ باس لە کەلوپەلی ماڵەکان ناکرێت، بە دادوەرم وت: "تۆ بڵێی ئەو ماڵانە هیچیان تێدا نەبووبێت و لەسەر زەوی بووبن!" وتی: "ئێمە تەنیا خانووەکانمان بۆ هاتووە، باسی کەلوپەل ناکرێت." ئەمە جگە لەو هەموو ئۆتۆمبێلە کە براون. 
 
دوای ئەوەی کە بوویتە پەرلەمانتار، چیت کرد بۆ ئەو کەیسە؟ 
دواتر کە چوومە پەرلەمان، بەردەوام لە راکەڕاکەدا بووم بەدوای کەیسی کوردی فەیلی و موڵک و ماڵیاندا؛ ئەوەبوو لە مانگی تشرینی دووەم ئەنجومەنی سکاڵاکانی موڵکیەت (هیئة دعاوي الملکیة) بڕیارێکی وەزارەتی داراییان هێنا کە دەڵێت: ئەو موڵک و ماڵانە هەمووی هیی وەزارەتی داراییە، بەپێی بڕیاری سەرکردایەتی ئەنجومەنی باڵای شۆڕش (رئاسة مجلس قیادة الثورة)، کە تا ئێستاش نەگۆڕاوە و کاری پێ دەکرێت. ئیتر ئەو شتانە هەمووی دەبێت بچێتەوە دادگە. بەم شێوەیە خانووبەرە و موڵک و ماڵی کوردانی فەیلی هەموو رۆیشت. کەچی لە میدیاکاندا هاوار دەکەن مافەکانی کوردی فەیلیمان گەڕاندووەتەوە، کارەکانمان جێبەجێ کردوون. کە لەڕاستیدا هیچیان بۆ نەکردووین، مافەکانیان بۆ نەگەڕاندووینەتەوە و قەرەبوو نەکراوینەتەوە.
 
واتە نەتانتوانی هیچ یەکێک لەو خانووانەی خۆتان وەربگرنەوە؟
بەڵێ توانیمان بەشێکی وەربگرینەوە، ئەویش یان بە زەبری دەوڵەت، یان بە زەبری هێز و لێدوان وەرگیرانەوە. با حاڵەتێکت بۆ باس بکەم وەک نموونە؛ نەزیرە، رۆحی شاد بێت، کە تەنیا دایکی مابوو، لە ئێران بوو. پێم وت: "وەرەوە بە دوای موڵک و ماڵەکانتاندا بچۆ و مافەکانتان وەربگرنەوە، منیش یارمەتیتان دەدەم." یەکەم خانوویان لە جەمیلە، نزیک خانووەکەی خۆمان بوو، کە رێکخراوی گشتیی کوردی فەیلی تێدا بوو. ژنێکی تێدا بوو یەکێک بوو لەو مشەخۆرانەی سەر بە رژێمی سەدام بوون. چوومە سەریان، پێم وت: "ئەو ماڵەی تۆی تێدایت، هیی ژنێکی بێوەژنە و تەنیا یەک کچی ماوە و گەڕاونەتەوە، تۆ قبوڵتە لە ماڵی خەڵک بیت و ماڵی خۆت داگیر کرابێت؟" وتی: "پارەم داوە بۆ ئەم خانووە." ئەم گفتوگۆیە دوو مانگی خایاند، هەرچۆنێک بوو بردمە تۆماری تاپۆی جەمیلە، لەوێ وتیان هیچ پارەی نەداوە. بە ژنەکەم وت: "ئەگەر پارەت داوە، ئەوا من شوێنێکی ترت بۆ پەیدا دەکەم و یارمەتیت دەدەم، ئەگەر نەتداوە، ئەوا موڵکی خەڵک داگیر مەکە و بڕۆ قەرەبووی خۆت لە رژێمی پێشوو وەربگرەوە." ئیتر دوایی کلیلەکەی بۆ هێناینەوە و نەزیرە چووە ناوی.
خانووەیەکی تریان هەبوو، بانکی رافیدەینی بازرگانیی تێدا بوو. ئەمانە هەر کە بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرە (دائرة عقارات) دەڕۆیشتنە سەریان، پاسەوانەکان رێگرییان لێ دەکردن. منیش لە دانیشتنی ژمارە 50ی ساڵی 2007، داوام لە سەرۆکی پەرلەمان کرد کێشەکانی کوردی فەیلی بخەینە خشتەی قسەکردنەوە، ئەو رۆژە نوێنەری دەوڵەت لە پەرلەمان بوو، سەرپەرشتی وەزارەتی دادی دەکرد. هەموو کێشەکانم باس کرد، یەکێک لەوانە، ئەمە بوو، هیی موڵک و خانوو بوو. وتی: "سبەینێ وەرە بۆ وەزارەتی داد." دواتر لەگەڵ هێزی ئۆپەراسیۆنی بەغدا چووین، وتم: "ئەمە بڕیاری وەزارەتی داد و دادگەیە." ئیتر ئەو خانووەشمان وەرگرتەوە. چووینە سەر موڵکەکانی تریان، دوو خانوو بوو، یەکێکیان 600م2 بوو، هیی باوکی نەزیرە بوو، ئەوی تریشیان هیی عەلی جان بوو، ئەویش کوردی فەیلی بوو، رووبەری 1200م2 بوو، لە تەنیشت باڵیۆزخانەی فەرەنسا بوو لە کەڕادە. هەر کە عەقارات دەچوون، دەیانوت ئێمە رێکخراوێکی ئیسلامیین. ئێستا نامەوێت ناویان بهێنم، ئەندامی پەرلەمانیش بوو. هەر کە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی بەغدا دەچووە سەریان، دەیانوت بەرپرسەکەمان لێرە نییە و ناتوانین هیچ بکەین. جارێکیان لەگەڵ نەزیرە و پۆلیس لەوێ بووین، دەبینم ئایەتێکیان لە سێ دەرگا نووسیوە، وتم: "کێ بەرپرسە لێرە؟" وتی: "من." وتم: "ئەی سەرۆکی دامەزراوەکەتان؟" وتی: "سەفەری کردووە." پێم وت: "ئایەتێکتان داناوە، کەواتە باوەڕتان بە قورئان هەیە، ئەگەر باوەڕتان هەیە پێی، ئەی لە قورئاندا نەنووسراوە (ئەوەی ماڵی هەتیو بخوات وەک ئاگر وایە ناوسکی دەخوات)." وتی: "ها ئەمە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانییە لە دەرەوەی وڵات، قسەت لەگەڵ دەکات." لە تەلەفۆنەکەوە پێی وتم: "خاتوو سامیە، دەتوانیت بواریان بدەیت تێیدا بمێننەوە." وتم: "تۆ ناڵێیت من نوێنەری یەکێتیم، ماڵ لە ئێمە مەسەنن و بیدەن بەمانە، ئەگەر دەتانەوێت یارمەتییان بدەن، هیی خۆتانیان بدەنێ." یەکسەر تەلەفۆنم بۆ نەبیل جاسم کرد، کە سەرۆکی ئەنجومەنی راگەیاندن بوو، لە کەناڵی سۆمەرییە بەرنامەی هەبوو، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کردبووم، وتم: "دەتوانیت تیمێکی راگەیاندن بنێریت بۆ ئێرە، لەسەر شاشە باسی ئەم جۆرە حاڵەتانە بکەین، کە چۆن ماڵەکانمان داگیر کراوە و ناماندەنەوە." یەکسەر بەرپرسەکە وتی: "تکایە تەلەفۆنەکە دابخە ئێمە چارەسەری دەکەین." ئیتر سوپاسی کاک نەبیلم کرد و وتم: "سوپاس ئەوە دەڵێت با قسە بکەین." لە ماوەی سێ کاتژمێر خانووەکەیان بۆ چۆڵ کردین و کلیلەکەیان دایە دەستمان. هەروەها خانووەکەی عەلی جانیش، کە ئەمانە لە هەرە دەوڵەمەندەکانی بەغدا بوون.
باوەڕ بکە ئەوەندە لەسەر ئەم موڵکانە ماندوو بووم، شەکەتیان کردم. هەندێکمان وەرگرتەوە لەوانەی داگیر کرابوون و لەوانەش کە مصادەرە کرابوون. یاسا گۆڕا و دادگەی بەرایی بڕیارێکی دەر کرد و دەڵێت: هێشتا یاسای ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش (مجلس قیادة الثورة) هەڵنەوەشاوەتەوە و بە یاسا ئەم خانووانە هەموویان دراون بە وەزارەتی دارایی، بۆیە موڵکی دەوڵەتن و تا ئێستا نەگۆڕدراوە. ئیتر کارەکانمانیان هەمووی وەستاند، تەنیا ئەوانە نەبێت کە سەرەتا توانیمان بیانگێڕینەوە.
 
جگە لە بەدواداچوونی کەیسی فەیلییەکان، چ کارێکی ترت بۆ فەیلییەکان کردووە کە بەلاتەوە کارێکی پێویست و گرنگ بووە؟ 
پاش ئەوەی گەڕامەوە بۆ عیراق و نەمتوانی نزار و کەسوکار بدۆزمەوە، بینیم ئەمانە زۆربەیان لەسێدارە دراون، بە مەزەندەی ئەوەی ئەندامن لە حزبی دەعوە و بە هەڵە، بۆیە بڕیارم دا کارەکانم تەرخان بکەم بۆ گەنجەکانی کوردی فەیلی؛ فێریان بکەین، پێیان بخوێنین، فێری کاریان بکەین و کاریان بۆ بدۆزینەوە... ئەمانەش لە رێگەی رێکخراوەکە و لە رێگەی چالاکیی خۆشمەوە. 
یەکێکی تر لەو چالاکی و کارە گرنگانە، ئەوەبوو رۆژێک کاک عادل موراد، یادی بەخێر، پێی وتم: "پیاوێکی بەریتانی هاتووە، کەسێکیان دەوێت نوێنەری کوردی فەیلی بێت و ئێمەش تۆمان دەستنیشان کردووە." من نەمدەزانی ئەوانە کێن، وتی: "بڕۆ بۆ ئوتێل بابل لەوێ کۆبوونەوەیەک هەیە، لەوێ ئەو نوێنەرە بەریتانییە دەبینیت، قەشەیەکی لەگەڵدایە بەناوی ئەندرۆ وایت." چووم بۆ ئوتێلەکە، لەوێ بەدوایاندا گەڕام تا دۆزیمنەوە. کە چوومە ژوورەوە، ئەو ئەفسەرە فڕۆکەوانەم بینی کە لەگەڵمان بوو، وتی: "فەرموو خاتوو سامیە، گەیشتیت"، دواتر پرسی: ئەوە بۆ سەرپۆشت بەسەرەوە نییە؟ منیش وتم: "ئەو ئینگلیزە، بۆ دەیەوێت سەرم داپۆشم." وتی: "نا، خەڵکی تری لێیە و وام پێ باشە بیپۆشی"، منیش سەرپۆشێکی بچووکم پێ بوو، نیوەی قژمی داپۆشی. هەر کە چوومە ناو هۆڵەکە، بینم خەڵکێکی زۆری لێیە، 42 کەسایەتی لێ بوو، لەوانە: حسێن سەدر، نەسیر جادرچی، موەفەق روبەیعی، دکتۆر عەبدولقادر عانی کە لە جەماعەتی مەشهەدانی بوو و یونادم یوسف کەننا... لەسەر ستەیجەکە، حسێن سەدر، موەفەق روبەیعی، عەبدولقادر عانی، یونادم کەننا و نەسیر جادرچی دانیشتبوون. منیش لەدواوە دانیشتم، دوایی موەفەق روبەیعی وتی: "خاتوو سامیە فەرموو وەرە سەر مێزەکەی ئێمە دابنیشە." منیش لەگەڵیان دانیشتم و گوێم لە شەڕی نێوان شیعە و سوننە دەگرت؛ سوننەکان بە شیعەکانیان دەوت ئێوە گەنجەکانی ئێمەتان کوشت، بە دەستی ئێوە شەهید بوون. بە پێچەوانەشەوە، شیعەکانیش دەیانوت گەنجەکانی ئێمە بە دەستی گەنجەکانی ئێوە شەهید کراون. بە دەنگەدەنگی بەرز ئەم ئەو و ئەو ئەمی تاوانبار دەکرد. موەفەق روبەیعی وتی: "خاتوو سامیە دەتەوێت قسە بکەیت؟" وتم: بەڵێ.
دوای خۆناساندن، هێشتا نەچووبوومە پەرلەمان، وتم: وەک ژنێک لە نێوانتاندا، وا مەزەندەم دەکرد دوای رووخاندنی رژێم جۆرە پەیوەندییەکی تر ببینم، دەزانم زۆربەتان لە زیندانەکانی رژێمی دیکتاتۆردا بوون و ژنەکانتان لە ماڵەوە لەجیاتی ئێوە کاریان دەکرد و ماڵ و منداڵیان دەژیاند. تەواو نەبوو! ئیتر رژێم نەماوە، دەست بخەنە دەستی یەک و ئاگاتان لە ماڵەکانتان بێت و خۆشەویستی بخەنە نێوان منداڵەکانتان، ئەم نەوە تازەیە دەبێت فێری خۆشەویستی و دیموکراسیەت و ئازادی بکرێن. تەواو، ئەوەی لە پێشوودا روویداوە، رۆیشت، تا کەی ئێوە بەم مشتومڕە بێئەنجامانەوە بەردەوام دەبن، ئێمەی ژنان باجی شەڕەکانی ئێوە دەدەین. 
هۆڵەکە بێدەنگ بوو. دواتر حسێن سەدر، کە دەبێتە زاوای موقتەدا سەدر، وتی: "پێمان خۆشە خاتوو سامیە ببێتە ئەندام لە ئەنجومەنی جێبەجێکار لە رێکخراوی ئاشتیی عیراقی"، کە سەر بە رێکخراوی ئاشتیی ئەمەریکی بوو. منیش رازی بووم و تاکە ژن بووم لە نێویاندا. 
 
تا کەی لەو رێکخراوەدا بەردەوام بوویت؟ 
بەدەوام بووم لە کارکردن لە ئینستتیوتی ئاشتی (معهد السلام) تاکوو تێکیان دا. جا با لەو بارەیەوە شتێکت بۆ بگێڕمەوە؛ جارێکیان مەشهەدانی پێی وتم: "تۆ چۆن لەگەڵ ئەمە ئیش دەکەیت؟ ئەمە سیخوڕە." مەبەستی ئەندرۆ بوو. وتم: "بوەستە، چۆن وا دەڵێیت؟ بەرپرسەکەتان دکتۆر عەبدولقادر عانی لەگەڵماندایە. ئێمە لە هەموو توێژەکان و پێکهاتەکانی عیراقمان تێدایە و بەیەکەوە وەک خوشک و برا کار دەکەین، یەکەم جار بە بەرپرسەکەتان دەست پێ بکە." ئیتر بێدەنگ بوو. 
 
مەبەست لەوە چییە کە دەڵێیت تێکیان دا؟ 
رێکخراوەکە لە ئەعزەمیە بوو، ئەوسا دامەزراوەی زیندانییان لە تەنیشت ماڵی موەفەق روبەیعی بوو، کە بارەگای رێکخراوەکەمان بوو. هەواڵێک هات عزەت دووری چووەتە ئەوێ و بەدوای هەندێک ئەوراقدا دەگەڕێت. ئەوانەی لەوێ بوون، گومانیان کردبوو و لەوێ پێیان وتبوو ئەم خانووەی تەنیشتمان لەم جۆرە راپۆرت و بەڵگانەیان لایە و ناردبوویان بۆ لای ئێمە. من لە پەرلەمان گەڕامەوە، نازانم چی روویداوە، نەزیرەم بینی، بەشێوەیەک توند پێی وتم: "بڕۆ، بڕۆرەوە ماڵەوە!" وتم ئەمە نەزیرە چیەتی، شێت بووە بەو جۆرە قسەم لەگەڵ دەکات. ئەو لە من بچووکتر بوو، چۆن وا قسەم لەگەڵ دەکات. دوای ئەو، قەشە ئەندرۆ بە ئینگلیزی پێی وتم: "بگەڕێرەوە ماڵەوە"، چەند جارێک دووبارەی کردەوە. لەوێ کوڕێکی منداڵی لێ بوو، ناوی داود بوو، قەشە ئەندرۆ تەبەنی کردبوو، وتی: "ئاخر عەزوز لێرەیە." بە نەزیرەم وت با بچین فنجانێک قاوە بخۆینەوە. ئاوڕێکم دایەوە دەبینم عزەت دووری رووی لە روومە، پارچە قوماشێکی سەوزی لە سەری پێچابوو، شەرواڵێکی کوردیی لەپێ کردبوو، هەمان دەموچاوە مەیموونییەکە بوو. لە لای قاوەکە نەزیرە وتی: "لەبەر ئەوەی تۆ ئەندام پەرلەمانی، بۆیە لەگەڵ ئەندرۆ بڕیارماندا پێت بڵێین لێرە نەبیت." وتم: "نەزیرە تۆش وەرە لەگەڵم بۆچی لێرە بیت، لەپێناو چی؟ تۆ تاقانەی دایکتی، ئەگەر بکوژرێیت دایکت رووبکاتە کوێ؟" رازیی نەبوو، وتی: "من قسەکانی ئەندرۆیان بۆ وەردەگێڕم، ناتوانم جێی بهێڵم و لەگەڵی دەبم." ئیتر ئەوم بەجێهێشت و چوومە لای سەعد موحسین کازمی، چاوەڕوانی نەزیرەم دەکرد، ئەوەندەم زانی سێ زرێپۆشی ئەمەریکی هاتن و عزەت دوورییان برد و رۆیشتن. 
دووەم رۆژ ئەم بەسەرهاتەم بۆ دکتۆر فوئاد باس کرد، وتم: "ئەمەریکییەکان عزەت دووریان گرت و بردیان." وتی: "لەکوێ؟" هەموویم بۆ گێڕایەوە. وتی: "بۆ کوێیان برد؟" وتم: "نازانم." 
کەسوکار و عەشیرەتی عزەت دووری وایانزانی لای ئێمە گیراوە، سەد کەس زیاتر بەسەر دیوارەکانی رێکخراوەکەدا دەهاتنە ناو حەوشە و بیناکەوە و چەکەکانیان بەسەر شانەوە بوو، لە ئەندرۆیان دەدا و خستبوویانە سەر زەوییەکە و پێیان دەنا بە پشتیدا، کاتێک بینییان عزەت دووری لەوێ نییە، ئیتر رۆیشتن. 
دواتر زانییان ئەمە ماڵی موەفەق روبەیعییە و رێکخراوێکی سەر بە ئەمەریکای تێدایە، لە لای ئەعزەمییەوە مووشەکیان دەنا بە ماڵەکەوە. ئیتر قەشە ئەندرۆ وتی چیتر لەم ماڵەدا کار ناکەین و کارەکانیان وەستاند.
 
ئەوەبوو ماوەیەک گرووپە تیرۆریستییەکان و قاعیدە کردەوەی تیرۆریستیی زۆریان ئەنجام دەدا، ئێوە لەو کردەوانەدا هیچ زیانێکتان پێ گەیشت؟ 
کاتێک قاعیدە و گرووپە تیرۆریستییەکان دەستیان کرد بە کردەوە تیرۆریستییەکانیان، لە عامرییەوە دەستیان پێ کرد. ماڵی خوشکێکم لەوێ دەژیان، لە زاواکەم (مێردی خوشکەکەم) دەپاڕامەوە کە لەوێ بگوێزنەوە و لە عامریە نەمێنن، چونکە بە ئێمەیان دەوت کە نەچین بۆ عامریە و دۆرە و سەیدییە، بەهۆی مەترسییەوە ئێمەیان ئاگادار کردبووەوە. قسەکانم سوودیان نەبوو تا تیرۆریستەکان چوونە ماڵیان و خالیدی کوڕی خوشکمیان کوشت، هەروەها دوو مامیان کوشت. وابزانم ئێوە دکتۆر ئەحمەد موسەوی دەناسن، کە لە سووریا بوو و لە سەرکردایەتی بوو، ئیسماعیلی برایان کوشت. زیاتر لە دوازدە فیشەکیان نا بە ئەسیلی کچی خوشکمەوە، بەڵام نەمرد. هەموو گیانی وەک بێژنگ کون بووبوو بە فیشەک و یەکێکیان بەر چاوی کەوتبوو. ئەم هەواڵە گەیشتە مام جەلال، رۆحی شاد و یادی بەخێر، تەلەفۆنی بۆ زاڵمای خەلیلزاد کرد، پێی وت: "دەمەوێت ئەو کچە بژی." ئەمەریکییەکان زیلێکیان هێنا و بردمانە نەخۆشخانەی ئیبن سینا. پزیشکەکە وتی: "ئەمە دەبێت ببرێتە بنکەى بەلەد"، دۆخی زۆر خراپ بوو، کەللەسەری تەقی بوو، دەموچاوی وەک کاڵەک ئاوسا بوو، لەملا خوێنیان دەدایە لەولا لە شوێنێکی ترەوە لێی دەڕۆیشت. ئیتر بردیان بۆ بنکەی بەلەد، دوای هەژدە رۆژ وتیان وەرن بیبەنەوە، کە چووین بینیمان چاویان دەرهێنابوو. بەهۆی ئەم کچەوە نەمانتوانی لەگەڵ تەرمی خالید بین بۆ ناشتن و پرسەکەی.
 
خۆم لە نزیکەوە ئاگادارم زۆر بەوردی و بەجدی کارت لەگەڵ دادگە دەکرد سەبارەت بە کەیسی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، دەمەوێت ئامادەکارییەکان و چۆنیەتی دادگەییەکە بۆ خوێنەران باس بکەیت...
تیمێکمان هەبوو لە کۆمەڵێک دادوەری لێکۆڵەر، وەک: محەمەد عورێبی، رۆحی شاد بێت، مونیر حەداد، داواکاری گشتیی خاتوو نیبال و مونقیز فیرعەون، ئەم کۆمەڵە کەسە هاتنە رێکخراوەکەمان، رێکخراوی ئەنجومەنی گشتیی کوردی فەیلی، وتیان داواکاری پێشکەش بکەن دەربارەی کەیسەکانتان، کەیسی کوردی فەیلی لە کوشتن و دەربەدەرکردن... سکاڵاکارەکانیش هاتنە رێکخراوەکەمان، نزیکەی 300 کەس دەبوون، بە هەمان شێوە چوونە رێکخراوی تریش، لەوانیش زانیارییان وەرگرت، ئیتر چاوەڕێ بووین بزانین چیمان بۆ دەکەن.
ماڵەکانمان پیاوانی ئەمن زۆربەیان داگیر کردبوو، بەڵگەکانی ئەمن لە خانووەکانمان دانرابوون، لەسەر خانووەکان نووسرابوو: کۆمپانیای ئەلەمنیۆم بۆ ناردن و هاوردەکردن، یاخود کۆمپانیای دیکە.
کە چووینە ناو ماڵەکان، بەڵگەکانمان دەدۆزییەوە. یەکێک لە ماڵەکان لە شەقامی فەلەستین بوو، 18 فەردەی لەو بەڵگانە تێدا بوو. ئێمە چووینە ژوورەوە و ئەمەریکییەکانیش هاتن و بە کوڕەکانیان وت بیانسووتێنن، کەوتنە سووتاندنی. هەر ئەمەریکییەکان رۆیشتن، کوڕەکانمان بەپەلە دەیانکوژاندنەوە. ئیتر کەوتینە خوێندنەوەیان و هەموویمان کۆ کردەوە و رێکمان خستن، ئەوانەی پەیوەندییان بە کەیسەکانی ئێمەوە هەبوو، یەک یەک دەمبردن بۆ دادگەی باڵای تاوانەکانی عیراق.
ئەوانەی ئێمە پوولێکیان پێوە بوو لەسەری نووسرابوو (ليذهب الكرد الفيلية الى الجهنم وبأس المصير)، کە لەدوای رووداوەکەی زانکۆی موستەنسریە ئەم پوولە دەرکرابوو.
بەداخەوە، لە دادگە خیانەتیان لێ کردین و بەشێک لەو بەڵگانە ون کران.
 
چۆن ون کران؟
وتیان لێرە ئیشەکان تەواو بووە و بەڵگەکانمان بردووە بۆ دادگەی سەرەکی لای (الساعة) و لەوێ هەندێک لەو بەڵگانە ون بوون.
 
ئەی کەیسەکەتان لە دادگە چۆن کاری لەسەر دەکرا؟
رۆژێکیان حاکم محەمەد عورێبی، رۆحی شاد بێت و جێگەی بەهەشت بێت، پێی وتم: "سامیە پەلە بکە، کەیسەکەی ئێوەیان لەو کەیسانە لابردووە کە دەبرێتە دادگەی تاوانەکان."
 
ئەى تۆ چیت کرد بۆ ئەوە؟
بەپەلە چووم بۆ لای د. فوئاد و ئاگادارم کرد، ئەویش منی راسپارد بۆ بەدواداچوون و منیش چووم بۆ دادگە.
 
لەوێ چییان پێ وتیت؟
وتیان بەیانی ئەندامێکی پەیوەندیی نێوان ئێمە و باڵیۆزخانەی ئەمەریکی دێت، تۆش وەرە و خۆت وا نیشان بدە کە ئاگاداری هاتنەکەی نیت، وەرە و بپرسە کە کەیسەکەتان چی بەسەر هاتووە.
رۆژی دواتر نزیک کاتژمێر 10ی بەیانی چوومە دادگە، کە چووم ئەو ژنە لەوێ بوو، بە یەکتریان ناساندین. ئەو کاتە من ئەندامی پەرلەمان بووم. پرسیم: کەیسەکەمان چی بەسەر هاتووە؟ رووم کردە ژنەکە و وتم: "هیچ کەیسێک هێندەی کەیسی ئێمە گەورەیە؟ ناسنامەیان لێ سەندینەوە، منداڵەکانیان کوشتین، بەس من لە ئامۆزا و خاڵۆزا و پوورزا 26 شەهیدمان هەیە، هەروەها زیندانیکردنی منداڵ و گەورە لە زیندانەکان و ئامادەکردنیان بۆ ئاوارەکردن بەزۆرەملێ، دواتر رۆیشتن بەسەر میندا، تەنانەت یەکێک لە کچەکان بەناوی مەیسوون حەسەن، قاچێکی لەدەست دا و پاشان بەو هۆیەوە مرد، باوکیم وەک سکاڵاکار هێنا بۆ دادگە و لێم پرسی: لەکوێ ناشتویانە؟ وتی: من چۆن بزانم ئێمەیان بۆ کوێ بردووە؟ شاخ بە شاخ و دۆڵ بە دۆڵ کە هیچ لەو ناوچانە شارەزا نەبووین. ئەمە جگە لە بردنی ماڵ و کەلوپەل و سەرمایەکانمان، کە دەستیان بەسەر هەموویدا گرت و بردیان. هەموو بەڵگەنامەیەکی عیراقیبوونمان، تەنانەت یەک وێنەی منداڵی و گەنجێتیمان نەماوە، یەک شتیان بۆ نەهێشتینەوە کە بتوانین رابردوومان بیربێتەوە." ئەویش وتی: "چۆن دەبێت؟" منیش وتم: "لە دادگە دەڵێن ئەمەریکییەکان ناهێڵن ئەم کەیسە بچێتە دادگە." 
وتی: "چۆن دەبێت؟ ئێمە کوا پەیوەندیمان بەمەوە هەیە؟" وتم: "ئەوە دادوەر بەرانبەرتە کە قسەت لەگەڵ دەکەم."
ئێمە کەوتبووینە حاڵەتێک نەماندەزانی کێ وا دەکات کەیسی ئێمە دوابخرێت. وتم: "نازانم ئێوەن، یاخود عیراقییەکانن؟" وتی: "باشە، سبەینێ وەرە بۆ لای باڵیۆزی ئەمەریکی"، کە بەرپرسی پەیوەندییەکانیش بوو. بۆ بەیانییەکەی چووم، هەمان شتم باس کردەوە. وتی: "باشە، ئەم قسانەم بۆ بنووسە و بیکە بە بەڵگە."
من و نەزیرە، رۆحی شاد بێت، بەیەکەوە شتێکمان نووسی و بردم. دوایی وتی: "10 کەسی تاوانبارم بۆ بهێنە، ئەوانەی دادگە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکات، من دەیانبەم بۆ فڕۆکەخانە و لەوێ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکەم." چووم بۆ دادگە، ئەوان وتیان سبەینێ پێنجشەممەیە ناتوانین. وتم کەواتە ئێوە دوایدەخەن. تاوانبارەکان 16 کەس بوون، لەوانە: تارق عەزیز، وەتبان و سەبعاوی...
سەرۆکی لێکۆڵینەوە، پیاوێکی بەتەمەن بوو، هێنامە ماڵەوە و پێم وت: "بۆ دوای دەخەن؟" وتی: "ئێوە بە هەزاران حاڵەتتان هەیە، تەنیا 300 کەیست بۆ هێناوم." وتم: "لە ئێستاوە تا 15 ساڵی تر بگەڕێیت هەموویان نادۆزیتەوە، هەریەکە کەوتووەتە شوێنێک و بەدنیادا بڵاو بوونەتەوە، وابزانم 300 کەس بەسە بۆ ئەو کەیسە." دواتر وتم: "سوێندت بۆ دەخۆم دواتر دەتگەڕێنم بە هەموو دنیادا بۆ ئەوەی ئەو حاڵەتانە ببینیت." ئیتر گەیشتە قەناعەت و وتی: "باشە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکەم."
رۆژی 4ی تەمووز، رۆژی جەژنی نەتەوەیی ئەمەریکییەکان بوو، منیان وەک یەکەم سکاڵاکەر بانگهێشت کردبوو، ئەوانەی ئامادە بوون، ئەندامانی دادگە و سەرۆکی دادگە بوو. وتم: "ئەمە جەژنی ئێمەشە، ئەوە لایەنی ئەمەریکی و لایەنی دادگەش ئامادەن." باڵیۆز وتی: "من ئامادەم، هەستن با بچین بۆ فڕۆکەخانە." دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە، منیش یەکەم شایەتحاڵی کەیسی کوردی فەیلی بووم. ناوەکەشم لەناو بڕیاری دادگەکەدا هەیە، ناوی تاوانبارەکان، ناوی ئەوانەی سکاڵایان کردووە (من و رەزاق و ئەوانی تر). 
 
دوای ئەوەی دادگە بڕیاری بۆ دەرکردن، چیت کرد؟
بڕیارەکەی دادگەم هێنا و بردم بۆ پەرلەمان. هەرچەندە وەک بۆیان باس کردم؛ دادگە دەیویست نەیکات بە کۆمەڵکوژی، بەڵکوو دەیانویست بیکەن بە کەیسێکی دژ بە مرۆڤایەتی، کە ئەمە نەک تەنیا بەهۆی کوشتنی گەنجەکانمان، بەڵکوو بەهۆی لێساندنەوەی ناسنامە ئەمە خۆی کۆمەڵکوژییە.
گرنگ ئەوە بوو بڕیارەکە دەرچوو، بەڵام لە بڕیارەکەدا و لە لاپەڕە چواردا حاکم رەئوف نووسیبووی بچنە دادگەی مەدەنی بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبوو بەو زیانانەی لێتان کەوتووە (زیانلێکەوتووەکان ئەوانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە، بچنە دادگەی شارستانی بۆ وەرگرتنی قەرەبووی ئەو زیانانەی لێتان کەوتووە). وتمان ئەمە باشە، بەڵام کە چووین بۆ دادگەی شارستانی، وتیان ئێمە یاسایەکمان نییە لەسەر کەیسی کۆمەڵکوژی و گۆڕانکارییش بەسەر یاسا کۆنەکەدا نەهاتووە.
 
لەوبارەیەوە هیچ کرا؟
نەخێر، کەیسەکە بەبێ چارەسەر مایەوە، تا ئەمڕۆش نە یاسای تاوانەکان و نە یاسای شارستانی بۆ ئەم بابەتە نەگۆڕان.
 
ئەى تۆ چیت کرد بۆ ئەوە؟
چووم بۆ پەرلەمان و لەگەڵ لیژنەی یاسایی دانیشتم و پێم وتن کۆمەڵکوژی تەنیا کوردی فەیلی ناگرێتەوە، بەڵکوو ئەوانی تریش، وەک: کیمیاویبارانی هەڵەبجە، ئەنفالی بارزانییەکان و حزبی دەعوە و چەندین تاوانی تر کە هەموویان کۆمەڵکوژین، بەڵام کەس کارەکانی تێنەپەڕاند، تا ئەمڕۆش گۆڕانکاری لە یاسای تاوانەکاندا نەکراوە.
 
کەواتە قەرەبوو نەکرانەوە؟
تا ئەمڕۆش هیچ قەرەبوویەک نەکراوینەتەوە. دەوڵەت یارمەتی دەوڵەتانی تر دەدات، دزەکان بە دڵی خۆیان کار دەکەن و ئێمەش کەس نییە پشتگیریمان بکات. کێن ئەوانەی زیانیان لێ کەوتووە؟ من ناڵێم لە کوردستان و بەشەکانی تری عیراق زیانیان لێ نەکەوتووە، بەڵام ئێمە کەسمان نییە دەنگمان بگەیەنێتە سەرەوە، چەند قسەم کرد لەگەڵ ئەم و ئەو، بەڵام هیچی سوودی نەبوو، نازانم دەگەینە کوێ!
 
سەبارەت بە چارەنووسی ئەوانەی بێسەروشوێن کران چیتان کرد؟ هیچ زانیارییەکتان دەست کەوت؟
ئێستا بۆت باس دەکەم چۆن بۆیان دەگەڕاین و نەشماندۆزینەوە؛ لە ساڵی 2019 یەکێک بۆی نووسیم من دەزانم تۆ بۆ گۆڕی فەیلییەکان دەگەڕێیت و باسیان دەکەیت، باشە چی بۆ ئەو کەسە دەکەیت ئەگەر بزانێت شوێنی ئەوانە لە کوێیە؟ وەڵامم دایەوە کە لەسەر سەرمان دادەنێین، با دڵمان ئارام بگرێت، رۆحمان دەرچوو، نازانین لە کوێ ناشتوویانن. وتی: "من دەزانم، بەڵام چۆن باوەڕ بکەم کە هیچم لێ ناکەن؟" وتم: "من دەتپارێزم، بەرگری لە تۆ و پارێزگاری لە زانیارییەکان دەکەم." ئەو کەسە کاتی خۆی لە کۆشکی کۆماری بووبوو. شەش مانگ ئێمە نامەمان دەگۆڕییەوە تا پێی وتم ئەو کێیە و زانیمان کێیە. پێم وت: "وەرە بۆ بەغدا پاسەوانت بۆ دادەنێین و دەتپارێزین." وتی: "نا، من داوای پەناهەندەییم کردووە لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ناتوانم جێی بهێڵم تا پەناهەندەییم بۆ دەرنەچێت." وتم: "باشە، چۆن بتبینم؟" وتی: "ئەگەر دەتوانیت تۆ وەرە."
 
چوویت؟ لەکوێ بوو؟
من کەسێک کە نایناسم و ئەو زانیارییانەی داومەتێ؛ نەخشەی ئاسمانی و نەخشەی سەر زەوی و شوێنی ناشتنیان لە دواییدا، ناکرێت هەروا بچم. وتم: "باشە ئەگەر هاتم چۆن بتناسم؟" وتی: "ئەگەر بڕیارت دا بێی ئەوسا پێت دەڵێم من کێم و لە کوێم، شوێنەکەم لە مالیزیا لە کوێیە." منیش لە کەسە نزیکەکانم پرسی: باڵیۆزمان کێیە لە مالیزیا؟ دەرکەوت حامید جبوری بوو، ئیتر هەردووکیان (باڵیۆز و کونسوڵ)م ناسی. حامید پیاوێکی زۆر نموونەییە، کاتێک لە پەرلەمان بووم، دەچووم بۆ لای بۆ راوێژکردن لەسەر یاسا کاتێک پێویستم پێی دەبوو. کونسوڵیش لە جەماعەتی هادی عامری بوو.
یەکەم جار چووم بۆ لای حەسەن کەعبی، ئەندامی پەرلەمان، پێم وت: "با لە لایەک قسەت لەگەڵ بکەم." لەوێ هەرچی زانیاری هەبوو پیشانم دا. وتم: "هاتووم و داوا دەکەم لە رێگەی باڵیۆزەوە زانیارییەکانم پشتڕاست بکەمەوە و ئاگادار بن، چونکە دەچینە لای کەسێکی نەناسراو و ئەو زانیارییانەش مەترسیدارن. نە ئەو باوەڕی بە منە و نە منیش ئەمینم لێی." ئەویش تەلەفۆنی بۆ باڵیۆز کرد و بابەتەکەی بۆ باس کرد، پێی وت بۆ کارێکی گرنگ دێت و ئاگات لێی بێت.
ئیتر من و سەعدون و کوڕی خوشکی سەعدون بەیەکەوە رۆیشتین. کە گەیشتینە ئەوێ، لەگەڵ پیاوەکە یەکترمان ناسی و زانیارییەکانی ورد ورد دەداینێ. پێم وت: "باشە، ئێستا دەمەوێت تەلەفۆن بۆ باڵیۆزخانە بکەم، بۆ ئەوەی ئەم قسانە تۆمار بکەم و ئەوان شایەتحاڵ بن و لەوێ پشتڕاست بکرێتەوە و واژۆی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی لە عیراق باوەڕی پێ بکرێت." ئەو وتی: "من نایەمە باڵیۆزخانە." وتم: "باشە، وەرە ئەو ئوتێلەی ئێمە لێی دابەزیوین، باڵیۆزیش بێت و چاوتان بە یەک بکەوێت و کارەکان ئەنجام دەدەین." ئیتر بەو شێوەیە کارەکانمان کرد.
دکتۆر حامیدیش وتی: "خاتوو سامیە، با بێت بیبینم، با لە باڵیۆزخانەش نەبێت، چونکە من لێکۆڵینەوەم لەگەڵ زۆر کەس کردووە، دەزانم راست دەکات یان درۆ." ئیتر لە دەرەوە لەسەر نانخواردنی ئێوارە دانیشتین، بە پیاوەکەی وت: "ئێمە نامانەوێت کەس ئازار بدەین، ئەگەر تاوانبار بیت، حەقی تاوانی خۆت وەردەگریت، ئەگەرنا، ئێمە حەقمان بەسەرتەوە نییە، چونکە دەزانین زۆربەی خەڵک بەناچاری بووبوون بە بەعسی." پیاوەکە ئارام بووەوە و 14 ناوچەی داینێ بە نەخشەکانیانەوە و وتی: "چوار گۆڕی بەکۆمەڵ هەیە، یەکێکیان لە محەمەد سەکرانە، بریتییە لە 1500 بۆری ستوونی، بەرزییەکەیان 11.5 مەتر و پانییەکەیان یەک مەترە، ئەم بۆرییانە کیسەی نایلۆنیان تێدایە، هەر کیسەیەک ئێسکوپرووسکی تێدایە و ژمارەیان لەسەرە، ژمارەکانیش لە سەرۆکایەتی کۆمارە، هەروەها تۆڕێک مینیان بەدەوریاندا داناوە، هەر بۆرییەک (11 – 12) کەسی تێدایە، ئەو مینانەش بۆ ئەوەیە ئەگەر یەکێک بیەوێت بیانکاتەوە، ئەوە تا مەودای یەک کیلۆمەتر بەردەکەون و دەکوژرێن."
هەر کە گەڕامەوە، چووم بۆ لیژنەی خاچی سوور لە بەغدا، راپۆرتەکەم دانێ، کە ئەوانە ئەو شوێنانەن گۆڕە بەکۆمەڵەکانی لێیە. دواتر چوومە لیژنەی نێودەوڵەتیی بێسەروشوێنەکان، کە لە نزیک زانکۆی بەغدا بوو، بەرپرسەکەی ژنێک بوو، وتی: "بوونی مین پێویستی بە کەسی شارەزا هەیە." ئیتر کەوتمە نامە ناردن بۆ دامەزراوەی شەهیدان، ئەوانیش وتیان پارەمان نییە تا بتوانین گۆڕێکی بەکۆمەڵی بەو شێوەیە هەڵبدەینەوە. پێم وتن: "خۆ هەر ئەمانە نین، لە فڕۆکەخانەی سەربازیی حەبانیەش هەیە، 800 کەسی تێدایە." وتیان لەگەڵ ئێران نامەمان گۆڕیوەتەوە و وتومانە ئەسیری ئێرانیمان لایە بیگۆڕینەوە لەگەڵ ئەسیری عیراقی، ئەوانیش وتویانە ئەوانە عیراقین، ئێرانی نین. 
 
ئەو کەسەی کە لە مالیزیا بینیتان، خۆی بە چاوی خۆی حاڵەتەکانی بینیبوو؟
بەڵێ، خۆی گێڕایەوە و وتی: "من بە چاوی خۆم بینیم 800 کەسیان رەمی کرد و لەوێ ناشتیانن و مەدرەجی حەبانیەیان لەسەر دروست کردن."
دواتر وتی: "لە جەلەولا، سەربازگەی رەشید و لە فزەیلیەش لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە هەیە"، بەڵام بەو خوایە کەس ئاوڕی لێ نەداینەوە. 
 
باشە، دواتر چیتان کرد؟
تا کۆتایی 2019 نامەم ئاڵوگۆڕ دەکرد لەگەڵ دامەزراوەی شەهیدان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان، لە سەرەتای 2020 تیمێک لە ئۆپەراسیۆنی بەغدا و دامەزراوەی شەهیدان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان چووین، کاتێک رۆیشتین دەستمان کرد بە زەوی کۆڵین، یەکەم کەس هات، عەلی فەیاز بوو، کوڕی زاری فەیاز، کە ئەندام پەرلەمانی یەکەم خولی پەرلەمان بوو، تەقینەوەیان بۆ دانا و شەهید بوو. کوڕەکەی لەودیو ئاوەکەوە هات، وتی: "ئێوە لێرە چی دەکەن؟" وتم: "من ئەندامی پێشووی پەرلەمانم، ناوم سامیەیە." پرسی: بۆچی هاتوون؟ بۆمان باس کرد. وتی: "جارێکیان من و باوکم دەمانویست جۆگەی ئاو لێ بدەین، کۆمەڵێک پەیکەری ئێسک دەرکەوتن، باوکم وتی دایانپۆشنەوە، ئەوانە غەریبن، رەنگە رۆژێک بێت بگەڕێن بەدوایاندا." هات لەگەڵمان شوێنەکەی پیشان داین.
قسەمان لەگەڵ بەرپرسی شارەوانیی ئەو ناوچەیە (محەمەد سەکران) کرد، ئەویش وتی: "من منداڵ بووم، لەسەر پایسکل بووم، دەچوومە خوێندنگە، بەو ناوەدا تێپەڕیم و بینیم ئۆتۆمبێلی رەش دەهاتن و جەستەی کوژراویان تێدا بوو، خوێن لە ئۆتۆمبێلەکانەوە دەڕژا، بەڵام ئێمە بۆمان نەبوو بوەستین یان بپرسین، ئۆتۆمبێلەکانیان دەکردەوە و لاشەکانیان فڕێ دەدایە ئێرە." بەڕێوەبەرێکی گشتیمان لەگەڵ بوو، ترسا، وتی: "دەبینم ئۆتۆمبێلێک بەدوامانەوەیە." لەو قسانەدا بووین بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی دیالە هات، وتی: "ئێرە نیوەی سەر بە بەغدایە و نیوەی سەر بە دیالە، بۆیە دەبێت مۆڵەتی ئەوێش وەربگرن، ئەو مۆڵەتە وەربگرن و کارەکە بکەن."
 
ئەى چیتان کرد، مۆڵەتتان وەرگرت؟
نەخێر، ئەوەندەی پێ نەچوو کۆرۆنا بڵاو بووەوە و سەعدون تووشی شەلەل بوو، خۆم کەوتم و قاچم شکا، ئەمە لە سەرەتای 2022 بوو، لە سەرەتای 2023 سەعدون کۆچی دوایی کرد.
دوای تەواوبوونی ئەمانە گەڕامەوە بۆ دامەزراوەی شەهیدان، وتم: "چیتان کرد؟" وتیان: "ئەوە لە کوێ بوویت وا ون بوویت؟" چیرۆکی نەهامەتییەکانم بۆ گێڕانەوە و پێم وتن: "ئێستا هاتووم بۆ ئەوەی بەردەوام بین." ئیتر رۆیشتینەوە جارێکی تر. بەرپرسی شارەوانی وتی: "هیچ تەرمێکی لێ نەماوە. ئەوانەی پێش ساڵی 1985 لێرە ماون، ئەوانەی دوای 1985 بردوویانن بۆ گۆڕستانی کەرخ." 
لە شوێنەکە کشتوکاڵیان کردبوو، هەروەها تەرمی ئەو سی کەسەمان نەدۆزییەوە کە هێمایەک بوو بۆ گۆڕە بەکۆمەڵە 1500 کەسییەکە. وتیان: "ئێستا ناتوانین کشتوکاڵەکە لابدەین، مانگی دوازدە وەرنەوە."
 
هەست دەکەیت هیچ نیەتێک هەبێت بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە؟
هەست دەکەم نایانەوێت ئەو گۆڕانە هەڵبدەنەوە، مەبەستیان چییە و چی لەژێر سەریاندایە، ئەوە خوا دەیزانێت.
 
ئەى ئەوەی حەبانیە؟
ئەوەی حەبانیەش دەڵێت لەژێر مەدرەجەکەدایە، کە نایکەنەوە. دەکرێت مۆنۆمێنتێکیان بۆ بکەن لەو شوێنانەدا، با لەوێش نەبێت لە شوێنێکی تر بێت. 
 
هەوڵی ئەوەتان دا مۆنۆمێنتیان بۆ بکەن؟
پیاوێک هات، بەڵام بەداخەوە گەورەترین قۆڵبڕ بوو، پارەمان لە نێوان خۆمان کۆ کردەوە، تەنیا لە ماڵی ئێمە چوار ملیۆن و نیوی وەرگرت، پارەکە لە 60 ملیۆن زیاتر بوو، هیچی بۆ نەکردین. ئێستا مۆنۆمێنتێکی بچووک هەیە، ئەویش خۆمان کردمان. 
بەداخەوە، دەوڵەتێک رێز لە هاوڵاتی و شەهیدەکانی خۆی نەگرێت، دەبێت چی بێت! باشە جێی قبوڵە کە ئەم کەیسە گەورەیە مۆنۆمێنتێکی نەبێت، تەنانەت لە سلێمانییش کوڕەکانمان هاتن مۆنۆمێنتێکی بچووکیان کردووە، لە پەنایەکدا دانراوە کەس هەر نابینێت، نازانم ئەو هەموو زوڵمە بۆ لە ئێمە دەکرێت!
 
شیعەکان هیچ بەدەنگەوەهاتنیان هەبوو بۆتان؟
نەخێر، شیعەش هیچی بۆ نەکردین، تەنانەت لە نەجەف پارچە زەوییەکی بچووکیان بۆ تەرخان نەکردین بۆ شەهیدەکانمان.
 
هیچ یەکێک لە ئەندام یان لیژنەکانی خولەکانی دواتری پەرلەمانتان لەو بارەیەوە ئاگادار کردووەتەوە؟
بەڵێ، تەنانەت راپۆرتەکەم دا بە ئەندامێکی لیژنەی مافی مرۆڤ، کە کورد بوو و لە حزبە ئیسلامییەکان بوو. وتی: "من کاری لەسەر دەکەم"، بەڵام تا ئێستا هیچ نەکراوە. 
 
راپۆرت و نەخشەکان لات ماون؟
بەڵێ، تا ئێستاش راپۆرت و بەڵگە و نەخشەکانم ماون.
 
لە حاڵی ئەنجامدانی تاوانێکی گەورەی وەک جینۆساید و کۆمەڵکوژی، چەندین کاریگەریی هەمەلایەنە و درێژخایەنی نەک تەنیا لەسەر ئەو نەوەیە دەبێت، بەڵکوو لەسەر نەوەکانی دواتریش... جگە لەوانەی کە باسمان کردن، دەمەوێت باسی گاریگەرییەکانی جینۆسایدی فەیلییەکانم لەسەر منداڵ و نەوەی دووەمی فەیلییەکان بۆ بکەیت...
ئەو کۆمەڵکوژییە تەنیا لێسەندنەوەی ژیان و ناسنامە نەبوو، بەڵکوو دەیان لێکەوتەی لێ کەوتەوە، بۆ نموونە؛ هەڵکەندنی منداڵەکانمان لە کولتووری باوباپیرانیان بۆ کولتوورێکی تر، کولتوورێک کە بە ئارەزووی خۆی نەبوو بچێنە ناوی و نامۆ بوو بە کەسوکاری و منداڵەکانیش. 
لەو کاتەی ئەندام پەرلەمان بووم، یەکێک لەو وڵاتانەی چووم، سوید بوو، لەسەر چەند کەیسێک بەدواداچوونم کرد کە منداڵەکانیان لە کەسوکاریان سەندبوو بە بیانووی ئەوەی ئەو خێزانانە نازانن منداڵەکانیان بەخێو بکەن، یاخود توندن لەگەڵیان. بەشێوەیەکی زانستی بەدواداچوونم کرد، چووم بۆ باڵیۆزخانە و لە سەرەتادا داوای ژمارەی ئەو منداڵانەم لێ کردن کە لە دایک و باوکیان سەندراون. وتیان تا ئێستا 201 منداڵن و تەمەنیان لە نێوان شەش مانگ بۆ 14 ساڵیدایە. گەڕاینەوە بۆ سوید و لەگەڵ باڵیۆزی سوید قسەمان کرد، وتمان ئەم منداڵانە ئیتر لە کوردبوون دەردەچن، نە زمان و نە کولتووری ئێمە شارەزا دەبن، ئەمەش تاوانێکی ترە دەرحەق بە کوردی فەیلی. ئیتر بابەتەکەم خستە بەردەم لیژنەی ژنان، لیژنەی ئەوقاف و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، هەروەها لەناو هۆڵی پەرلەمان باسم کرد و داکۆکیی زۆرمان لەسەر کرد.
لە رێگەی خاتوو شەمام شەوقی کە لە وەزارەتی دەرەوە کاری دەکرد، هەروەها لە رێگەی پارێزەرانەوە توانیمان منداڵەکان بۆ خێزانەکانیان بگەڕێنینەوە. بڕوا بکە چەندین منداڵیان درابوون بە خێزانی هاوڕەگەزباز.
جارێکی تریش داوام کرد خۆپیشاندانێک بکەین بۆ ئەو کچانەی دەستگیراندار بوون و لە عیراق مابوونەوە و دەستگیرانەکانیان تەسفیر کرابوون، ئەمانە ژمارەیان زۆر بوو، وتمان جلی سپی بووکێنییان لەبەر دەکەین و خۆپیشاندان دەکەین، بەڵام سەری نەگرت، وتیان نەوەک کوشتاری لێ بکەوێتەوە.
 
خۆم شایەتحاڵی ئەوەم کە بە چەندین شێواز کارتان دەکرد بۆ زیندووهێشتنەوەی کەیسی فەیلییەکان، دەمەوێت لێرەدا باسی هەندێک لەو چالاکییانەم بۆ بکەیت...
یەکێک لەو چالاکییانە، ئەوە بوو لە کاتی دادگەدا شاندێکمان رێک خست و چووینە دەرەوە بۆ دروستکردنی لۆبی لە کەسایەتی گەورە و راگەیاندنەکانی دەرەوە و نووسەرەکان لە ئەوروپا و ئەمەریکا، سێ کەسمان لە ئەمەریکا هێنا، یەکێکیان ناوی کاسرین بوو، شیوعی و مەسیحیی کریستیان بوو، لەناو پێشمەرگەش بوو، لە دادگەی باڵای تاوانەکانیش ئامادە بوو. 
لەوانەش کە لە راگەیاندندا بوون، قەیس قەرەداخی و رەزاق، حەسەن مەدفور، نووسەر و ئەدیبە، حەمید نەورۆز و کوردی فەیلی دوازدە کەس بوون، ئەوسا رۆژنامەی مەدا ئاهەنگی هەبوو، یارمەتییان دام و بەشێک لە کەسایەتییەکانیان بۆ هێناین و هەندێک لە ئەرکی تێچوونیانی خستە ئەستۆ، ئەوانەش خزمی من و نزیکم بوون، هێنامنە ماڵی خۆمان، ئەوانی تریش لە ئوتێل مانەوە. ئیتر ئەم گرووپە تێکەڵە بەناوی (شاندێک بۆ پشتیوانیی کوردی فەیلی) بوو، چووین سەردانی مام جەلال، رەوانی شاد بێت، کاک مەسعود، مەلا بەختیار، سیستانی، مالیکی، وەزیری داد، وەزیری دەرەوە، عەمار حەکیم و سەرۆکی پەرلەمانمان کرد، بردیشمن بۆ لای دادگەی باڵای تاوانەکان، لای حاکم محەمەد عورێبی و حاکم رەئوف، لەناو پەرلەمانیش وتەیەکم هەبوو بەناوی ئەو شاندەوە.
کاتێک چووین بۆ لای سیستانی لە نەجەف، من لە تەنیشتییەوە دانیشتبووم، وتی: "ئەمڕۆ بەو پێکهاتە جیاوازەوە زۆر پێخۆشحاڵم و دڵم ئاوێکی ساردی بەسەردا کراوە." دوایی باسی کەیسەکەی خۆمانمان بۆ کرد. وتی: "ئێمە دەوڵەتی فەقیهە نین وەک ئێران، ئێمە پابەندین بە بڕیاری دەوڵەتەوە." 
جارێکیشیان لەگەڵ خاتوو سەفیە و کاک بەختیاری هاوسەری بۆنەیەکمان لە زەورا ساز کرد، کە تۆش ئامادەبوویت. لەوێ بەپێی مەراسیمی ئێمە بۆ شەهیدە ژنەکان و کەسوکار، جلی سپی لەبەر کرا و مۆم داگیرسێنرا و بە ئاهەنگ و گۆرانی بە رێ کرا، هەموو خێزانی شەهیدەکانمان هێنا و ئاهەنگێکی گەورەمان کرد. ئەمانە تەنیا بۆ بیرنەچوونەوەی کەیسی کوردی فەیلی بوو کە چییان بەسەر هاتووە.
چەندین چالاکیی لەو جۆرەمان ئەنجام داوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەندەی لەگەڵ کەیسەکانی تر بە ئینساف بوون، لەگەڵ ئێمە وا نەبوون. لەگەڵ ئەوەش، تا لە ژیاندا بم بەردەوام دەبم و کۆڵ نادەم. دەبێت رۆژێک ئەو مافە زەوتکراوانەمان بۆ بگەڕێتەوە، چونکە لەسەر حەقین، خودا پشتیوانمان دەبێت.
 
بە بۆچوونی تۆ بۆچی کەیسەکەی ئێوە گوێی پێ نادرێت؟
کەیسی کورد فەیلی پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە، هیچ لایەنێکیش خۆی ناکات بە خاوەنمان، نە کورد و نە شیعە، کە دەیان شەهیدمان بۆ هەردوولا داوە.
 
سەرەڕای ئەوانەی باسمان کردن، چ شتێک ئێوە زۆر ئازار دەدات؟ 
جگە لەو هەموو زوڵم و پێشێلکردنی مافەی بەرانبەرمان دەکرا، ئەوەی کە پێیان دەوتین ئێوە تەبەعیەن و ئێرانین، کە لە میدیاکانەوە ئەوەیان پێ دەوتم، وەڵامی من بەم شێوەیە بوو: ئەگەر من ئێرانی، یاخود هیندی، یاخود هەر رەچەڵەکێک بم، ئەوا من رەگەزنامەی ئەو خاکەم هەیە کە خوێنی براکەمی تێدا رژاوە، چونکە ناشزانم لە چ شوێنێکی خاکی عیراق خوێنی رژاوە، بۆیە من عیراقیم و کەسیش مزایەدەم بەسەردا نەکات. جگە لە خوێنی نزار، سێ برای سەعدونیش بێسەروشوێن کراون و کەس نازانێت لە کوێن و دۆسیەکانمان نەدۆزینەوە.
 
لە کۆتاییدا چ پەیامێکت هەیە؟
دەمەوێت بڵێم کە گرێی شێرپەنجە دەردەهێنن و چارەسەری دەکەن، بەڵام ئەو گرێیانەی لە رۆحدا جێگیرن، چۆن دەریدەهێنن ئەگەر کارەکانمان بۆ نەکەن و بەهەندی وەرنەگرن. 
 
*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.
 
خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan