کوردستانی
ههرێم ئامادهیه بگاتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
قوباد تاڵەبانی، رایدهگهیهنێت "هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەى بودجه و مووچه و حکومەتی هەرێم هەموو ئامادەییەکی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت"، دهشڵێت "هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە نزیکترین دەرفەتدا بکرێت".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانى ههرێمى كوردستان لەگەڵ بنیامین هانا، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێم له کۆبوونەوەیهكدا، رایگهیاند "هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە نزیکترین دەرفەتدا و لە ئەمساڵدا بکرێت".
وتیشى "بێ جیاوازی داکۆکی لە هەموو مافی پێکهاتەکان دەکەن، هیچ کاتێک دژی کورسی کۆتای پێکهاتەکان نەبوون و ناشبن، بەڵکو خواست و هەوڵی ئەوان ئەوەیە پێکهاتەکان بتوانن نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەرلەمانی کوردستان".
قوباد تاڵهبانى، راشیگەیاند "حکومەتی هەرێم هەموو ئامادەییەکی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و ئهوان نابنە کێشە لەبەردەم دەستپێکردنەوەی پرۆسەکەدا".
ئهوهشى خستهڕوو "هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەى بودجه و مووچه و وەفدی حکومەت ئامادەیە سەردانی بەغداد بکات و مەبەستیانە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەی بودجە و مووچە".
هاوكات، قوباد تاڵەبانی، لهبارهى بوونیادنانی زانکۆیەکی کوردی ــ ئەڵمانی لە شاری سلێمانی، پشتگیری و ئامادەیی تەواوی حکومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانییەک بۆ کردنەوەی زانکۆکە".
پ ح ع