کوردستانی
ناوهڕۆكى كۆبوونهوهى حكومهتى ههرێم بڵاوكرایهوه
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
له كۆبوونهوهى ئهمڕۆى حكومهتى ههرێمى كوردستان، چهند بڕگهیهك تاوتوێ كرا، هاوكات هەوڵ و رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم گفتوگۆى لهبارهوه كراوه.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانى ههرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبووەنەوەکەدا، مهسرور بارزانى، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە رۆژی جیهانیی ژینگە کرد کە ئەمڕۆیە و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەموو رۆژێک رۆژی پاراستنی ژینگە بێت و دەبێ هەموو هەوڵێک لە پێناو پەرەپێدانی کولتووری ژینگەپارێزی بخەینەگەڕ .
سەرۆک وەزیرانى ههرێم جەختی لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە بابەتی ژینگەپارێزی کردەوە و وتی پێویستە ژینگەپارێزی ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سرووشتی جوانی کوردستان بە پاکی رابگرین و وا بکەین نەوەکانی دوای ئێمەش بە باشی سوودی لێوەربگرن، چونکە ئەم سرووشتە بە تەنیا موڵکی ئێمە نییە و موڵکی نەوەکانی داهاتووشە، بۆیە پاراستنی و گەشەپێدانی ئەرکی هەموو لایەکمانە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، راپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2025-2021 ) لەلایەن دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو، دوای ئەوەی ئەم پلانە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە راپۆرتەکەدا بە داتا و زانیاریی وردەوە ، ئاماژە بە رێکارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرابوو بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین و ئازادی راگەیاندن و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیریش بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە لەسەر ئاستی هەر سێ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن ویاسادانان ودادوەریی کرا.
هەروەها زانیاریی پێویست لەبارەی کار و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم تایبەت بە باشترکردنی دۆخی چاکسازیی و بەندیخانەکان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ خرایەڕوو.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە نووسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەم راپۆرتە، ئاماژەی دا بە کارنامەی کابینەی حکومەتی هەرێم لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کە لە کارە لەپێشیەکانی کابینەی نۆیەمە و حکومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە لە رێگەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گرنگیی و بایەخی تەواو بەم بابەتە بدرێت.
لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی راسپارد بەردەوام بن لە هەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پلانی پەسەندکراو وەک بەشێک لە کارنامە و پلانی کابینەی نۆیەم.
لە بڕگەی دووەمدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، راپۆرتێکی لەبارەی دوا هەڵوێستی حکومەتی فیدڕاڵ تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و راسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت لەمبارەیەوە خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران وێرای دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو بۆ داکۆکیکردن لە ماف و شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیران و گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ و هەروەها کۆبوونەوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدڕاڵ و ئەنجومەنی ئابووریی فیدڕاڵ بەرز نرخاند.
ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانیی وپیشەسازی راسپارد کاری پێویست بکەن لەسەر ئەو پێشنیارانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە گەنمی جووتیارانی هەرێم لە چوارچێوەی پلانێکی کشتوکاڵی گونجاو و هەروەها رێکاریی پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر بە پێی ئەو پێشنیارانەی لە راپۆرتی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو هاتبوون.
پاشان گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرا.
سەرۆک وەزیران و شاندی دانوستانکار باسیان لە کۆبوونەوە و هەوڵ و رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرد کە لەم رووەوە، کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوامن بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هەر بۆ ئەم مەبەستەش، وا بڕیارە لە سەرەتای حەفتەی داهاتووش، شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عیراق ، بەیەکەوە سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، کە بەداخەوە بەهۆی راگرتنییەوە لە مانگی ئاداری ساڵی پارەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی گشتیی عیراق و هەرێمیش گەیشتووە.
لە کۆبوونەوەدا رێنوێنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شاندی دانووستانکار دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی جدیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ هەرچی زووتر گەیشتن بە رێکەوتننامەیەکی گشتگیر و هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستوور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتیی ، ئەمەش پێویستە لەسەر بنەما دەستوورییەکان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت، لەم چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێم ئامادەی گفتوگۆ و دانوستان و گەیشتنە بە رێککەوتن.
پ ح ع