کوردستانی

حکومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت

مه‌ودا میدیا-

ئەنجومەنی وەزیران جەختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ى کە حکومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هاوكات رایده‌گه‌یه‌نێت "لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتیی عیراق.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانى هه‌رێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغدا وکۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق لە سەر دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو.

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، باسی لە رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و وردەکاریی گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکومەت و کۆمپانیا نەوتییەکانی کرد و ئاماژەی دا کە لە کۆبوونەوەکاندا، شاندی حکومەتی هەرێم جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەرچی زووە رێکار و میکانیزمی چارەسەرکردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت تا لە نزیکترین دەرفەتدا، لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتیی عیراق بۆ خزمەتی خەرجییەکان، تاکو چیتر زیان بە گەنجینەی گشتیی عیراق و هەرێمیش نەگات، کە ئەمە خواستی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ و کۆمپانیا نەوتیەکانیشە، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا لە کۆبوونەوەکانی بەغدا، ئامادەیی حکومەتی هەرێممان دەربڕی بۆ هەر کارئاسانییەک لەم پێناوەدا بە رەچاوکردنی بنەما و دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بەرژەوەندیی گشتیی هاوبەش، کۆبوونەوەکانیش لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبن.

ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هەوڵەکانی تیمی دانوستانکاری کرد وجەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خوازیاری ئەوەیە لە زووترین کاتدا بگەن بە رێککەوتنی کۆتایی.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لە سەر بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە دانانی دوو گۆڕەپانی گومرگیی لە هەردوو پارێزگای موسڵ و دیالە کە کاریگەریی لە سەر رێڕەوی جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، راپۆرتێکی لەبارەی کاریگەری و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ئەم بڕیارە لە سەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بۆ گفتوگۆ بە ئاراستەی چارەسەرکردنی بابەتەکە بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی گشتیی و ئاسانکاریکردن بۆ برەودان بە جووڵەی بازرگانی لە عیراق و هەرێمی کوردستان بێت بە رەچاوکردنی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و نەهێشتنی رووتین و بەربەستەکان.

پاشان لە بڕگەی سێیەمدا، دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، راپۆرتێکی بەرفراوان و پڕ لە زانیاریی لە بارەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاڤاهییا لە عیراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد کە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

وەزیری پلاندانان، تیشکی خستە سەر رێکار و ئامادەکاریی و هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستییانە و لە پێناو گەشەپێدانی هەمەلایەنە بێت و دوور بێت لە دەستوەردان و هەر ئامانجێکی سیاسی بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و بایەخی سەرژمێریی بۆ مەبەستەکانی بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم سەرژمێرییە لەسەر بنەمای رەچاوکردنی دادپەروەریی و یەکسانی بێت و دوور بێت لە هەر مەبەستێکی سیاسیی و نەتەوەیی و پێشێلکاریی لە بنەما دەستوورییەکان و ماددەی 140 ی دەستووری تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە پێویستە تەنیا دەستوور چارەنووسی ئەم ناوچانە یەکلایی بکاتەوە.

لە کۆتاییدا ، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە ئامادەسازییەکانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە ، لە سەرتاسەری هەرێم خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوکاری وەزارەتی پەروەردە بن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە.

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان