کوردستانی

سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە
مەودا میدیا-سازگار ئەحمەد

بڕیارە ئەمڕۆ هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە سەبارەت بە پڕۆژە یاسای چاکسازی.

لەوبارەیەوە شوان کەریم زراری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە 17ی کانونی یەکەمی 2019 هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان، واتە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمان کۆدەبنەوە".

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە شوان کەریم زراری وتی "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان سەبارەت بە دروستکردنی کۆدەنگی و پشتیوانی زیاترە بۆ پڕۆژە یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەنگی لەسەر بدرێت و جێبەجێ بکرێت".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد "لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەماندا سێ لە ئەندام پەرلەمانکاندا داوایان کرد سیفەتی بەپەلە بدرێتە پڕۆژە یاسای چاکسازی بە دەنگی 85 پەرلەمانتار داواکە قبوڵ کرا و سیفەتی بەپەلە درایە پڕۆژە یاساکە".

ئەوەشی خستەروو "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێر بۆ هەفتەیەک راپۆرتی لیژنە پەیوەندیدارەکان ئامادە بێت سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە".   

Qaiwan
Qaiwan